کاریگەریی زمانی زگماکی لەسەر کۆمەڵگا/نووسین: محەممەد یوسفی (هاوار)

لە بنەڕەتدا ڕاستی فرەزمانی چییە؟ فرەزمانی لە ژیانی مرۆڤدا هۆکارێکی سرووشتی و ئاسایییە… بەڵام سەرەکیترینیان، بەیاسا ناسین و تێگەیشتن و هەروەها دابونەریت و شێوەی هەڵسووکەوتی تاک لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیییە. کەواتە دەبێت وەکوو نیزامێکی سرووشتی ڕێز لە فرەزمانی و یاسا و ڕێساکانی فرەزمانی بگیرێت. لێرەدا زیاتر پێداگری لەسەر زمانی زگماکی دەکەین، چونکە زمانی زگماکی ئەو زمانەیە کە […]

لە بنەڕەتدا ڕاستی فرەزمانی چییە؟

فرەزمانی لە ژیانی مرۆڤدا هۆکارێکی سرووشتی و ئاسایییە…
بەڵام سەرەکیترینیان، بەیاسا ناسین و تێگەیشتن و هەروەها دابونەریت و شێوەی هەڵسووکەوتی تاک لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیییە.
کەواتە دەبێت وەکوو نیزامێکی سرووشتی ڕێز لە فرەزمانی و یاسا و ڕێساکانی فرەزمانی بگیرێت.

لێرەدا زیاتر پێداگری لەسەر زمانی زگماکی دەکەین، چونکە زمانی زگماکی ئەو زمانەیە کە دایکێک لەکاتی دووگیانیدا، کۆرپەکەی نێو زگی بەو زمانە دەدوێنێ و قسەی لەگەڵ دەکات و لە کاتی لەدایکبوونی مناڵەکە، لەگەڵی لە دایک دەبێت و خووی پێدەگرێت.

بەو هۆیەوەیە لە هەموو وڵاتانی سەردەمی ئێستا و تەنانەت سەردەمی ڕابردووش بەم زمانە دەکوترێت زمانی دایکی، چونکە زمانی دایکی زمانێکە کە ئێمە بۆ یەکەم جار لە ژیانمان دەیبیسین و هەستی پێدەکەین و فێری دەبین.
زمانی دایکی، پێگە و پێناسەی ئێمە لەنێو کۆمەڵگادا پتەوتر دەکات و بە ئاستێکی زۆر بەرچاو دەتوانرێت بکوترێت هەڵگری کەلتوری ئێمەیە لەنێو گەلانی دراوسێ و تەنانەت هاوڵاتیانمان، هەم لە ئێستا و هەم لە داهاتوودا.

ئێمە بەهۆی زمانی دایکی دەتوانین لە هەموو بابەتەکان بدوێین و زۆر بەڕوونی مەبەستەکانمان لەنێو کۆمەڵگا و تەنانەت تاکی کۆمەڵگاش بگەیەنین چون لە ڕاستیدا زمانی زگماکی و بەتایبەت زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە لە بواری وشە و واتا و خاوەن کەلتورێکی زۆر کۆن و دەوڵەمەندە.

زۆر جار هەبووە کە لە دونیای پێشکەوتوو و مودێڕن ڕووداوێک ڕوویداوە، کە زمان پێشکەوتنێکی زۆر بەرچاوی بۆ گەلان و وڵاتان مسۆگەر کردووە.

مرۆڤ بەپاڵپشتی زمان توانیویەتی هەنگاوێکی گەورە بۆ پێشکەوتن هەڵگرێ و لە تەواوی گیان لەبەران جیا بێتەوە و نێوی ئەشڕەف و سەرۆکی بوونەوەرانی لەسەر دابنرێت.
سەدان سال پێش فیلسوفێکی گەورە بە ناوی “دێکارت” لەسەر مڕۆڤ دواوە و کوتویەتی:
(من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم)

ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکەم تازە تێگەیشتوینە کە زمان دانەری مرۆڤایەتییە و تەنانەت هەر بەو هۆیەوە ئێمە گۆڕانکاریمان بەسەر دادێت و جیاواز دەبین.
گەر وایە من دەبێ ئەم وتەی دێکارت بگۆڕم و بڵێم :
“من زمانم هەیە، بۆیە هەم”.

لە جیهانی سەردەمدا خەڵکانێکی زۆر لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەشن و لێی دوور کەتوونەتەوە…

ئەو خەڵکە لەگەڵ چ گرفتێک لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا بەتایبەت لە گۆرەپانی سۆز و هەروەها گرفتی کەلتووری و ئەدەبی ڕووبەروون؟
زمانی زگماکی، یەکەمین و سەرەکیترین وشەیە بۆ فێربوون کە مناڵ گوێی لێدەبێت و هەستی پێدەکات.

زۆرێک لە زمانناسان و تەنانەت دەروونناسەکانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو دەنگە نامۆیانەی کە مناڵێک لە خۆیەوە دەری دەکا بەشێک لە زمانی زگماکین.
لەسەر ئەو باوەڕەوە مناڵ، ئەم وشانەی لە سەرەتای لەدایکبوونی فێری دەبێ و دەیانڵێت، دەبێت بە زمانی زگماکی و هەروەها پێناسەی ئەو ماڵە بێت کە ئەو لەنێو کۆمەڵگادا پێی دەناسرێت.

 لە پرۆسەی فێربوونی زمان چ بابەتگەلێک زۆر گرینگ و بەرچاون؟

ئەگەر، مناڵێکی تازە لەدایکبووی بە ڕەگەز ئەفریقی، لە داوێنی دایکی جیا بکرێتەوە و لە باوەشی دایکێکی ئەمریکاییدا گەورە بێت و هەروەها داب و نەریت و فەرهەنگ و تەنانەت زمانی ئامریکاییەکی سپی پێست فێر بێت، زمانی ئەو مناڵە ئامریکاییە و لەسەر داب و نەریتی ئەوان دەبێت و تەنانەت زمانیشی لەسەر شێوازی ئەو گەلە دەبێت.

بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕوانگەیەکی دیکەدا ڕەنگی پێست و موو و تەواوی ڕواڵەت و دیمەنی ئەو منداڵە دەرخەری ئەوەیە کە ئەوە، منداڵێکی ئامریکایی سپی پێست نییە، بەڵکو مناڵێکی ڕەش پێستە.
بەڵام کاتێک کە قسان دەکات و هەڵسووکەوتەکانی ئەو نیشان دەدات کە خوو و ڕەوشت و تەنانەت هەموو کردەوەکانی یەک ئامریکایی سپی پێستە.

ئەم ڕواڵەتە دەتوانێ بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو نەخۆشی دەروونی لێ پەیدا بێت و کێشەی لە هەڵسووکەوت و مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڕێکانی دروست بکات، تەنانەت کاریگەری لەسەر سۆز و خۆشەویستی ئەو مناڵە دابنێت.

هەروەها ئەگەر بەپێچەوانەی ئەو بابەتەی کە باسمان لێکرد ئەو گرفتە بۆ مناڵێکی سپی پێست کە لەو پرۆسەیەدا زمانی دایکی ئەو سپی بووە بێتە پێش،
ئەو جیاواز بوونە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەحەتی و زەختێکی زۆر بۆ ئەو مناڵە و هەروەها دەتوانێت ئەو هۆکارە ببێتە هۆی گاڵتەجاڕی مناڵ لەنێو مناڵە هاوتەمەنەکانی و تەنانەت لەنێو تاقمە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە.

ئەو چەشنە هۆکارانە زۆر جار و بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی ئەوە کە ئەم جۆرە مناڵانە لە نێو کۆمەڵگای مەدەنی هەست بە کەمی خۆیان بکەن و خۆیان لە خەڵک و کۆمەڵگا دوور بخەنەوە کە ئەمەش خۆی جێگای باسێکی زۆرە و ئەو جیاواز بوونە بۆخۆی هەڵگری پێکهاتنی کارەساتە.

ڕاستە کە ئەو جۆرە مناڵانە جەستەیان لە نێو ناچێت بەڵام ئەوان خۆیان نینە و بەهۆی بارودۆخێکی نەخوازراوەوە هاتوونەتە نێو ڕەگەز و زمان و داب و نەریتی خەڵکانی‌تر کە بە زمان و کەلتورێکی‌تر دەژین و ڕەسەنایەتی ئەوان ئێستا لە نێو چووە.

زمانی زگماکی دەبێ زمانێک بێت کە هەموو پەڕتووکەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و هەموو پێشینە و ڕۆژنامە و مۆسیقا و فیلمەکان و هەزاران شتی‌تر بەو زمانە بنووسرێتەوە تا مناڵ لە سەرەتای فامکردنی لە هەموو وشەکان و تەنانەت کەلتوری تایبەت بە زمانی خۆی تێبگات.
دوور بوونەوە لە فێر بوون و پەروەردە بە زمانی دایکی سەرەتا دەبێتە هۆی ئەوە کە هەزاران مناڵ کە زمانی دایکی ئەوان جیاوازە لە زمانی فەرمی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین، بگرە لە فێربوون و پەروەردە بە زمانی دایک بێبەش بن.
ئەو هۆکارە دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو منداڵانە لەسەر ڕەسەنایەتی خۆیان بێ زانست بن بەپێی پێویست کارامە نەبن و نەتوانن خۆیان لەگەڵ جیهانی سەردەمدا ڕێک بخەن و تەنانەت ئەو جۆرە پێکهاتە مڕۆڤانە هەمیشە لە هەژاری کەلتوری و ناڕێکی کۆمەڵایەتیدا گیرۆدە دەبن.

زۆرێک لە زمانە زگماکێکان لە جیهان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

بۆ پارێزگاری و پەرەپێدانی زمانی دایکی دەبێ چ بکەین؟

لێرەدا هومێد هەیە و ئەگەریش هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیک، تێبکۆشرێ تاکو ئەو زمانانەی کە کەم ناسراون و لە نێو کۆمەڵگادا کەمتر قسەیان پێدەکرێ، بناسرێن و پارێزگاریان لێبکرێت.

ئێمە دەبێ قسەی بێژەر و توێژێنەری ئەو زمانانە تۆمار بکەین و پێش ئەوەی کە بێژەرەکان لەناو بچن، ئەو وتانە وەک میراتێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردی هەڵبگرین و بەرچاویان بگرین.
زمانی دایکی بەشێکی تایبەتە لە مێژووی مرۆڤ کە تەنیا کەمپەینەکانی پەرەپێدانی زمان و پسپۆڕەکانی بواری زمان دەتوانن یارمەتی بە پەرەپێدان و بایەخی زانستی فرەزمانی بدەن و جێگە و پێگەی ئەو کەسانەی کە بە زۆریەک لە زمانەکان قسە دەکەن، بدەن.
بۆ وێنە، دەبێ لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ڕاگەیاندنە گشتییەکان زیاتر گرینگی پێبدرێت و هەروەها، دەبێ لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بایەخی پێبدرێت و دووپاتە بکرێتەوە کە قسەکردن بە زمانی جۆراوجۆر کاریگەری زۆر جوان و باشی لە بواری زمانی زگماکی دەبێت و بگرە دەتوانرێت زیاتر پەرەی پێبدرێت.

منداڵان و دایک و باوکان و هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و بیرۆمەندان و لە هەموان گرینگتر لێپرسراوانی بواری زمانناسی دەبێ یەکگرتوو بن و دەست بدەنە دەستی یەکتر و وێڕای فرەزمانی پەرە بە زمانی دایکی بدرێت.

چونکە فرەزمانی پاشکەوتێکە بۆ دواڕۆژ نەوەک قەرزوقۆڵ، فرەزمانی تەوەرێکە کە هەموومان دەبێ دانی پێ دابنێین بەشێکی تەواو سرووشتی لە ژیانی مرۆڤە.
ئامانج و تێکۆشانی ئێمە دەبێ ئەوە بێت کە لە تەواوی تاقمە قەومی نەتەوەکانی کە لە یەک وڵات دەژین، بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن و بە زمانی خۆیان فێر ببن کە بنووسن و بخوێننەوە.

نووسین: محەممەد یوسفی (هاوار)