ڕووداوی گێڕانەوەی لەسێدارەدانی عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ

لە ٢١ ١ ١٩٨١ ی زایینی بەپێی یاسای حوکمەتی عێڕاق دەبوایە هەرکەسێک لە تەمەنی ١٨ هەژدە ساڵی بە زۆرلێکردن { ئیجباری } بچێت خزمەتی سەربازی عێڕاق بکات بۆ ماوەی سێ ساڵ ، منیش وەک هەر هاوڵاتیەکی عێڕاقی کە تەمەنم ببوو بە ١٨ هەژدە ساڵ ڕەوانەی خزمەتی سەربازی کرام بۆ ماوەی

ڕووداوی گێڕانەوەی لەسێدارەدانی
{ عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ }
وە ئەوانەی لەگەڵی بوون .

کەی ، لەکوێ ، چۆن ؟ لەسێدارەدران .

لە ٢١ \ ١ \ ١٩٨١ ی زایینی بەپێی یاسای حوکمەتی عێڕاق دەبوایە هەرکەسێک لە تەمەنی ١٨ هەژدە ساڵی بە زۆرلێکردن { ئیجباری } بچێت خزمەتی سەربازی عێڕاق بکات بۆ ماوەی سێ ساڵ ، منیش وەک هەر هاوڵاتیەکی عێڕاقی کە تەمەنم ببوو بە ١٨ هەژدە ساڵ ڕەوانەی خزمەتی سەربازی کرام بۆ ماوەی { ۴۵ } چل و پێنج ڕۆژ ڕاهێنانیان پێکردین لە پێدەشتی سامەڕڕا پاشان ڕەوانەی شاری بەغدادی پایتەختی عێراقیان کردین لەوێش ڕاهێنانی ئامێری { بێتەل ، وە ، تەل } یان پێکردین دواتر ڕەوانەی فەوجی { ۵١ ی سەربەخۆی چیایی } یان کردین کە لە { گوندی شەروێت } بوو سەر بە { لیوای ٩٧ } بارەگای لیوا لە قەڵادزێ بوو ، ماوەی چەند مانگێک بوو لەو فەوجە دەستبەکاربووم لەوێ بەڵام وەک نووسەر .
بنەماڵەی عەلی ئاغای شەروێت { مەنگوڕ } زووزوو سەردانی بارەگای فەوجیان دەکردن ، جا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی یان بابەتی دیکە ، بۆیە ئەوانم ناسی چونکە من وەک { وەرگێڕ } یش لەو فەوجە کارم دەکرد بەو پێیەی کە هەردووک زمانی عەرەبی و فارسیم باشبوو .
ئافرەتانی گوندەکەش دەهاتن بۆ نەخۆشخانەی فەوج ، وە زۆرێک لە کەسایەتیەکانی بنەماڵەی { عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ } م ناسی .
لەوانە { بایز ئاغای حەسەن ئاغای مەنگوڕ برای عەلیاغای مەنگوڕ ، کاک محمدی بایزاغای مەنگوڕ برازای عەلیاغای مەنگوڕ ،کاک ڕزگار } .

دواتر زانیم کە چەند کەسێک لە کەسوکاریان دەستبەسەرکراون لەلایەن دەزگای هەواڵگری لیوا و فەوج لە گوندی شەروێت پێش ئەوەی بچم بۆ ئەو فەوجە ، بەهۆی تەقینەوەی لوغمێک لەژێر سەیارەی { ئەمین سڕڕی } ی حیزبی بەعس وە پارچەپارچە ببوو لەسەر جادەی سەرەکی شارۆچکەی ژاراوێ بۆ شەروێت دەهات . نزیکی گوند گردێکی بەرزی لێبوو کە هەردەم سەربازی فەوج چاودێری ڕێگایان دەکرد وە هێڵی تەلەفۆنیان بۆ بردبوونە ئەوێ لەکاتی تەقینەوەی لوغمەکە دیارە
{ عەلی ئاغای شەروێت } وە کاک دەروێش ی کوڕی و ئەوانەی دیکە کە لەگەڵی بوون لە { ڕاوکردن } دەبن لەنێو ئەو زەویانەی پشت ژاراوێ بەلای گوندی شەروێتی دا . بە سواری ئەسپان بەخێرایی بۆ شەروێتێ دەگەڕێنەوە . بەڵام سەربازە پاسەوانەکانی سەرگردەکە هەواڵ دەدەن بە ڕوودانی تەقینەوەکە .کە پرسیاریان لێدەکرێت کەس لەو دەڤەرە بەدی دەکات لەدەوروبەری شوێنی تەقینەوەکە ؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ چەند کەسێکی ئەسپسوار بەرەو شەروێت دێن . یەکسەر فەرمانی دەستگیرکردنی نزیکترین کەسانی ئەو شوێنەدەدەن وە هێزێک پێکدەهێنرێت وە ئەوانە دەگرن کە عەلیاغا و جەماعەتەکەی لەگەڵی بوون . ئەم ڕووداوە لەپێش ئەوەی من بچمە ئەو فەوجە ڕوویدابوو . بەڵام ڕۆژێک لەناکاو فیکەی ئاگادارکردنەوە و { ئینزار } خۆئامادەکردنی بەپەلە لێدرا هەرچی سەربازی فەوج هەبوو هەمووی بە هەموو کەلوپەلی سەربازی شەڕ لەگۆڕەپان ئامادەبوون پاشان گشتیان بە چواردەوری فەوج دابەشکران کەس نەیدەزانی مەسەلە چیە ، لەناکاو بەرەبەری ئێوارە چەند ئۆتۆمبێلی { شۆڤرلێت } ی گەورە لەپیکاپ گەورەتر دووتەنی دەبوون ڕەنگ زەیتوونی هەندێک چەکداری تایبەتیان لەگەڵ بوون هەندێک { عاموود یان ستوونی کارەبا وە بەرمیلی نەوتیان } پێبوو هاتنە بارەگای فەوج پاش کەمێک دەچوون بە یاوەری مەفرەزەیەکی فەوج و سەعاتێک زیاتی پێچوو گەڕانەوە . تا بەیانی ئێمە لەدەرەوە ماینەوە خواردنیش لەسەر { ساتر } دیواری سەنگەری بەرگری فەوج خورا ، بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر هەندێک سەربازیان دەستەبژێرکردن منیش لەگەڵ ئەو چەند سەربازە بووم ، لەناکاو دوو { هەلیکۆپتەری سەربازی } لەناو بارەگای فەوج نزیک دەرگای سەرەکی نیشتنەوە پاش کەمێک ئۆتۆمبێلەکانی ڕۆژی پێشووتر کە هاتبوون جوڵەیان پێکرا پشتاوپشت بەرەو دەرگای کۆپتەرەکان چوون کە زۆر نزیکبوونەوە وەستان دەرگای کۆپتەرەکە کرایەوە ، سەیرم کرد چەند کەسێکی دەست بەستراو چاو بەستراو کە کراس و شەرواڵی سپییان لەبەربوو خرانە ناو شۆڤرلێتی پۆلیسەکان !!!! ئێمەشیان سواری ئۆتۆمبێلی فەوج کردین بەرەو ژاراوە بەڵام کە گەیشتینە { شوێنی تەقینەوەی لوغمەکە } ڕاوەستان ئێمەیان داگرت و دابەشیان کردین لەو ناوچەیە ، ئەوەی جێگای سەرنج بوو بۆ من { پەتی سێدارەی بۆ حەوت کەس } هەڵواسراو ئامادەکرابوو دواتر زانیم کە ئەوانە عەلی ئاغای مەنگوڕ و جەماعەتەکەی ئەون لەو شوێنە لەسێدارەیان دەدەن بۆ من زۆر ناخۆشبوو چونکە تەنها کوردێک کە لەوێبوو من بووم ، لەکاتی دابەزاندنیان دەروێشی عەلی ئاغا گوتی بابە ئێرە مەنتیقەی خۆمانە نازانم چۆن زانی یاخود کە سەری بەرزکردەوە لەژێر پەڕۆی کە چووی پێ بەسترابوو تەماشای دەوروبەری خۆی کرد ، ئینجا داوای کرد گوتی ئێوە کە ئێمە لەسێدارە دەدەن لێمان گەڕێن با گەردنی یەکتر ئازادبکەین !!!!!
دیاربوو فەرماندەیەک ڕێگای پێدان….

ئەوکات من چاوم پڕبوون لەئاو بەڵام هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو ئیتر ئەم وەزعە خولەکێک دوانی خایاند ، بەرەو پای سێدارە کانیان بردن بۆ چوار کەسیان بەرمیلی نەوتیان دانابوو ئەوانەی دیکە کیسەی خۆڵی سەربازیان بۆ دانابوون ، هەریەکە و کیسەیەکیان بەسەرداگرتن ، هەریەکەو سەربازێکی ئەم هێزە کە ئەوانیان هێنابوون لەپشت بەرمیل و کیسەخۆڵەکان وەستابوون کە فەرمانیان پێکرا بەپێیەکانیان بەرمیل و کیسەخۆڵەکان لەژێر پێیان لاببەن تا بە پەتی سێدارە شۆڕببنەوە وایان لێهات . ئەوەی لە هەموویان بچووکتر بوو زووتر ڕوحیدا !!! ڕوح؟ لە شوێنێکی قایمە و نایەتەدەر ڕق و قین و بوغز گەرووی تەنگ کردبووم هەر ئەوەبوو نەدەخنکام زۆر ئازاربەخش بوو بۆ من . ئەوەی لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەبوو فەرماندەی لیواکە قاچەکانی دەروێش ئاغای ڕاکێشا بەجووت گرتبووی خۆی پێدا شۆڕکردەوە ،
دەروێش ئاغا زۆر بەغیرەت و بەهێز بوو بە وورە بوو هەتا لە گیان کێشانەکەشی لە هەمووان بەتواناتر بوو زۆر درەنگ گیانی سپارد…… لەو دەمەی چەند جارێک بیرم لەوە دەکردەوە دەستڕێژەکی لە ئەفسەرەکان بکەم چاوم پڕببوون لە گریان ، هەرئەوەندەم دیت کە نائیب زابتێکی هەواڵگری کە ناوی { محمود } بوو پڕی دایە چەکەکەی دەستم و گوتی کێ تۆی هێناوەتە ئێرە!!!!!
منیش گوتم بۆچی ؟
گوتی ئەی بۆ دەگریەی ؟
گوتم ناگریەم خۆم چاوم حەساسیەتی هەیە ،
هەر لەوێ چەکی کردم و منیان بە سەیارەیەکی جێب ناردەوە بارەگای فەوج ….
ئیدی جەنازەکانیان نەهێنانەوە بارەگای فەوج ئەو هێزەی هاتبوون لەگەڵ خۆیان بردیانن .ئەو ڕووداو و وەزعە زۆر کاری تێکردم ، نەمدەزانی چۆن ماڵی بایزاغای حەسەن ئاغای شەروێت برای عەلیاغا ئاگاداربکەمەوە کە ئەوانە لەسێدارە دراون وە من لەژێر چاودێرگ چڕدا بووم تا ماوەیەک ، ڕۆژێک من بەریدم پێبوو دەبوایە بیدەمە ئەفسەری ئالیات بەڵام لەدەرەوەی ژووری خۆی لەگەڵ ئەفسەرانی فەوج دانیشتبوو مەجلیسیان خۆشبوو ، کە پێمگوت بەریدم هێناوە کلیلی ژوورەکەی پێدام گوتی بیبە لەناو چەکمەجەی مێزەکەم دایبنێ و کلیلی ژوورەکەم بۆ بێنەوە .
ئەو ئەفسەرە ناوی { ملازم ئەوەل : ئیبراهیم متعەب } بوو ،
وە ئەفسەری هەواڵگری پشووی خۆی بوو چووبویەوە ماڵەوە ، بۆیە ئەو ئیبراهیم متعەب ە کارەکانی ئەویشی ڕادەپەڕاند .کە چوومە ژوورەوە و چەکمەجەکەم کردەوە دۆسیەی هەواڵگریش بەریدەکەی هێندرابوو بەڵام دیاربوو نەخوێندرابۆوە ، منیش گوتم دەبا سەیرێکی بکەم بزانم نوسراوی هەواڵگری چی هاتووە ،کە کردمەوە ، بروسکەیەکی { نهێنی و بەپەلە } ی تێدابوو وە ئاماژەی بەوە کردبوو کە { بەزووترین کات ماڵی بایزاغا و کوڕەکانی دەستبەسەربکرێن وە بنێردرێن بۆ فیرقەی ٢۴ لە شارۆچکەی چوارقوڕنە } !!!!!!
وە بڕیارم دا کە هەرچۆنێک بێت دەبێت ئاگاداریان بکەمەوە ، منیش بەپەلە دەقەکەم نووسیەوە و هاتمە دەرەوە بیرۆکەی ئەوەم بۆهات بەبیانووی ماست کڕینەوە دەبێت بچم بۆ ناو گوند وە ئاگاداری کاک محمدی بایزاغای شەروێت بکەمەوە ، وە دەبێت مۆڵەتی چوونە ناو گوندیش وەربگرم و هەر ئەوکات داوام لەو ئەفسەرە کرد بچم بۆخۆم و ئەوانیش ماست بکڕم گوتی بڕۆ و زوو وەرەوە . بەپەلە و ڕاکردن چوومە ناو گوند بەڵام نەچوومە ماڵی بایزاغا ! چومە ماڵە مەڕدارێک کچێکی چاوشینی کورتە باڵا و لاوازیان هەبوو ناوی { مریەم یان میرەم } بوو پێیان دەگوت مێرێ ، هەر کە دیتم گوتم وەرە مێرێ بەپەلە بڕۆ بانگی کاک محمدی بایزاغام بۆ بکە لەگەڵ برایەکی لە پۆلی شەشی دواناوەندی بوو لەبەرئەوەی خوێندەواری باشبوو تا دەقی بروسکەی گرتنیان بخوێنێتەوە ، دەمێکی کەمی پێچوو هاتن سوێندم دان بەوەی کە ناوی من نەهێنن وە بروسکەکەم خوێندەوە و دامە دەستیان !!!!
جا گوتیان ئێمە چی بکەین گوتم چەند زووە بڕۆن خۆتان دەرباز بکەن کە من نازانم ڕەنگە ئەو ئەفسەرە ئێستا بچێتە ژوورەکەی و بروسکەکە بخوێنێتەوە و بێن دەوری گوند بگرن . گوتیان تۆش لەگەڵمان وەرە گوتم من بمێنمەوە سوودم زیاترە ، ماستیان بۆ من دابینکرد ئەوان ڕۆیشتن ، منیش گەڕامەوە فەوج سڵاوم لە ئەفسەرەکان کرد و ماستەکەی ئەوانیشم دایە دەست خزمەتکارەکانیان هاتمە ژوورەکەی خۆم زۆریش دەترسام .
بەینی نێوان بارەگای فەوج و گوند هەمووی دووسەد مەتر دەبوو گەیشتمە هۆڵی پشوودانی خۆم چی وای پێنەچوو کە فیکەی ئامادەباشی لێدرا گشت سەربازەکانیان بە ئامادەباشی ڕیزکرد ، پاشان بەش بەش کراین هەر کۆمەڵەیەک سەردەستەیەکیان بۆ دیاری کرد بەرەو گوندی شەروێت ڕێمان کرد ، من کەوتمە کۆمەڵەی ئەفسەری هەواڵگری کە بە وەکالەت کاری هەواڵگری بەڕێوەدەبرد پێشتر ئاماژەم پێدا ، لەو لایەی کە منی لێبووم بەینی فەوج و دێیەکە بوو وە کانی ژنان کەوتبووە لای ئێمە لەو کاتەی پێشڕەویمان دەکرد بۆ ناو گوند کچێکمان بینی بەرەو لای ئێمە دەهات وە قاز و بێچووە قازی وەپێش خۆی دابوون ، لەناکاو ئەفسەرەکە کە ناوی { ملازم ئەوەل : ئیبراهیم متعب سالم } بوو گوتی { زاهیر } ئەو کچە بانگ بکە با بێتە پێش بۆ لای ئێمە پێدەچێت کچی بایزاغا بێت !!!!!

گوتم بەڵێ گەورەم ، بەڵام بیرم لەوە کردەوە ئەگەر هاتوو بێتە لامان و بیگرن ڕەنگە کارەساتی لێبکەوێتەوە ئەوکات تاماوم لەخۆم خۆشنابم بۆیە کە دیقەتم دا بەڵێ ئەوە { موعتەبەرە } کچی باییزاغایە !!! بۆیە بیرۆکەیەکم بەبیرداهات و سەیری دەوروپشتی خۆمم کرد تا بزانم کەسی دیکە کورد لەگەڵ ئێمە هەیە یاخود نا دیاربوو بەس من بووم ، بۆ ئەوەی پێی بڵێم ئەگەر وتیشم وەرە بۆ لای ئێمە بە قسەم نەکات و نەیەت ، ئەوجار بە کەیفی خۆم هاوارم کرد { موعتەبەر من بانگت دەکەم وەرە ، وەرە بەڵام بە قسەم مەکە زووبە وەرە } دیاربوو کچەکە هەڵوێستەیەکی کرد و یەک دوو هەنگاو هاتە پێش ، من هاوارم کردەوە کچێ لەگەڵ تۆمە وەرە بەقسەم مەکە زووبە ، ئەم جارە دیاربوو لە مەبەستم گەیشت و دامێنی جلە کوردیەکەی گرتوو بەپەلە ڕایکرد بەرەو ماڵەوە بۆ ناو گوند !!!!
من زۆر دڵخۆشبووم . ئەفسەرەکە گوتی ئەوە بۆ ڕایکرد چیت پێگوت ؟؟ گوتم گەورەم پێم گوت وەرە وەرە بە مانای { تعال } بە عەرەبی !! دیاربوو زۆر توڕەبوو هەندێک جنێوی دان و گوتی ئەوانە هەموویان { موخەڕیبن } واتا تێکدەر ئەوکات ئەم دەستەواژەیە بە پێشمەرگە دەگوترا لەلایەن ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی . کە گەیشتینە ماڵەکان پشکنین دەستی پێکرد ئەوەی کە پیاو و گەنج بوو نەمان دیت ، لە گوند نەمابوون زۆربەی ڕایکردبوو یاخود خۆی حەشاردابوو ، بۆیە بەناچاری پاش پشکنینی گوندی شەروێت گەڕاینەوە بۆ بارەگای فەوج . چەند مانگێک دواتر فەوجگ ئێمە لە شەروێتەوە بۆ شاری ڕانیە گواسترایەوە . لەوێ هەستم کرد چاودێریەکی زۆرم لەسەرە بۆیە لە کۆتایی زستانی ساڵی ١٩٨٢ فیرارم کرد و بووم بە پێشمەرگە .

ناوی ئەو حەوت کەسەی
کە لەم ڕووداوەدا لە سێدارەدران
ئەمانەن:
١- عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ { شەروێت }
٢- دەروێش عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ { شەروێت }
٣- مەمەندی بایزی حەسەن ئاغای مەنگوڕ { شەروێت }
۴- قادری هەمزەی حەسەن ئاغای مەنگوڕ { شەروێت }
۵- باپیری سمایل ئاغای مەنگوڕ { شەروێت }
۶- جەعفەری کاک سڵێمانی { سێپێکان }
٧- مینەی مارف ئاغای { گردنەڵێن }

ئەم بابەت و ڕووداوەم بۆ ئەوە نووسی چونکە من تەنها کەسی کوردبووم کە لە مەیدانی لە سێدارەدانەکەدا ئامادەبووم وەک { سەرباز } . وە ئەو سەربازانەی کە کوردبوون لەو فەوجەدا بوون گشتیان باش من دەناسن کە من کەسێکی چۆن بووم وە نامەوێت ئەم ڕاستیە وون ببێت وە غیرەت و چاو نەترسی ئەو قارەمانانە لەبیرناکرێت چونکە لەو کاتە هەستیارەشدا ئەو حەوت کەسە هیچ سەریان بۆ دوژمن شۆڕنەکرد و زۆر قارەمانانە چونە پای پەتی سێدارە و لە دوژمن نەپاڕانەوە . هەزاران سڵاو بۆ گیانی تەواوی گیانفیدا و شەهیدانی زوڵملێکراو ی نیشتیمان و جێگایان بەهەشتی بەرین و خوا پلەی شەهیدانیان پێبدات .

لە یادەوەری و گێڕانەوەی : فەرماندە کاک زاهیر حەسەن باپشتی

زۆر سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ
بەڕێز : کاک زاهیر حەسەن باپشتی
دەکەین بۆ گێڕانەوە و ناردن و گرنگی پێدانی ورد بۆ ئەم ڕووداوە .