لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە¬بووندا (بەشی پێنجەم)

لە کۆتایی زنجیرە باسی ژینگەپارێزی تایبەت بە ناوچەی بەری مێرگان کاکڵی دوو ڕەهەندمان بۆ ئاشکرا بوو. یەکەم؛ لە ناوچەی بەری مێرگان چەشنێک لە ژینگە پارێزی بوونی هەیە. دووهەم؛ فاکتەری دەرەکی دەکرێ خاوەن دوو ڕۆڵی ئەرێنی یا خود نەرێنی بێت. ئێستاکە ئەم دوو ڕەهەندە زیاتر شێ دەکرێتەوە. یەکەم؛ ڕەهەندی بوونی چەشنێک لە ژینگە پارێزی دەکرێ لانیکەم […]

لە کۆتایی زنجیرە باسی ژینگەپارێزی تایبەت بە ناوچەی بەری مێرگان کاکڵی دوو ڕەهەندمان بۆ ئاشکرا بوو. یەکەم؛ لە ناوچەی بەری مێرگان چەشنێک لە ژینگە پارێزی بوونی هەیە. دووهەم؛ فاکتەری دەرەکی دەکرێ خاوەن دوو ڕۆڵی ئەرێنی یا خود نەرێنی بێت. ئێستاکە ئەم دوو ڕەهەندە زیاتر شێ دەکرێتەوە.

یەکەم؛ ڕەهەندی بوونی چەشنێک لە ژینگە پارێزی دەکرێ لانیکەم لە دوو لاوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ١) بوونی چەشنێک لە هزری ژینگە پارێزی؛ ئەم پرسیارە جێی ورووژانە کە ئایا هزری ژینگە پارێزی لە ناوچە بوونی هەیە؟ لە ئەگەری وڵامی ئەرێنی کەواتە ئەم پرسیارە دێتە گۆرێ کە وڵام بۆ ئەو کردارە دژە ژینگانە کە لە ناوچە ڕوویداوە چۆن دەبێ؟ بە گەران بە شوێن ئەو وڵامە و بە سرنجدان بە بۆچوونی بەتەمەنەکانی ناوچە دەکرێ پارێزگاری لە بوونی هزری ژینگە پارێزی لە کۆمەڵگای بەری مێرگاندا بکرێت بەڵام هاوکات دەبێ ئەوەش بکوترێ کە ئەم هزرە ساوایە و هزری زۆرینەش نییە هەروەها هزرێک نییە کە ئەساس و پێگە پتەو بێت و بە هەموو بایەک نەلەرزێ. بە واتایەکی دیکە هزرەکە بە بیر و بۆچوونی زانستی، ئەخلاقی، ئایینی و سڵامەتی پێویست ئاودێر نەکراوە و ڕەگی لە نێو کۆمەڵگا دانەکوتاوە.

٢) لە بەردەست­دا نەبوونی ئامرازی ڕاو؛ لێکدانەوەی سەرەوە لە هەمبەر هزری ژینگە پارێزی ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕەهەندی دووهەم. کاتێک هزر بە ناو دەروونی کۆمەڵگادا ڕۆنەچیت و نەبێت بە هزر و باوەری تاک ناشکرێت لە کرداریشدا چاوەروانی دەرهاویشتی پەیوەست بەو هزر و بیرە بکرێت. هەر بۆیەشە کاتێک ئامرازی ڕاو بە فرەوانی لە بەردەستدا دەبێت تاکی کۆمەڵگا کردارێکی دژە ژینگەی لێ ڕوودەدات. هۆیەکەشی شایەد بگەرێتەوە بۆ دوو ڕەهەند؛ یەکەمیان) مرۆڤ بوونەوەرێکی لۆژیکییە و ڕەفتارێکی ئابووریانە لە خۆی نیشاندەدات. کاتێک دەبینێ کە بەرژەوەندی لەوەدایە کە بێ خەرجکردنی دراوێک بە کاڵایەک بگات بێگومان لێکدانەوەکانی زەینی لە بواری ژینگە پارێزی پێست داوێت و لاواز دەبێت. دووهەم) مرۆڤ هاوکات کە بوونەوەرێکی لۆژیکییە، وەکوو سرووشت پێی بەخشیوە خاوەن نەوسیشە. ئارەزوو و خولیای شتێیەک جا ئەو شتەیە گۆشتی ماسی بێت یا خود کەو یا کارگ و گژوگیا بێگومان ئەگەر بناغەی هزری زۆر قایم نەبێ کەواتە ئەگەر بۆ میوەی قەدەغەکراو دەستی ڕاداشت و یاسای شکاند بێگومان خواردنی ئەو کاڵا گشتیانە لای ئەو زۆر ئاسانتر دەبێت.

دووهەم؛ لە هەمبەر ڕەهەندی فاکتەری دەرەکی و ڕۆڵی ئەو دەکرێ لە دوو گۆشەنیگاوە لێکدانەوی بۆ بکرێ. ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەی نیشاندا کە فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی نەرینی گێراوە بەڵام پرسیار لەوە دایە کە ئەم ڕۆڵە لە زاتی فاکتەری دەرەکی دایە یا خود لە ناوچەش بەستێنەکان بۆ ئەم ڕۆڵە یارمەتیدەر بوونە؟ زانستییە کە بۆ گەیشتن بە ئەنجام ئەم ڕەهەندەش دابەش بکرێت و لە کۆتاییدا تێکهەڵکێشانی بۆ بکرێت. ١) ڕۆڵی نەرێنی؛ بە گەران بۆ ڕەگەزناسی فاکتەری دەرەکی ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە “لایەنی ئابووری” خاڵی لێکچوونی هەر سێ نموونە (ڕاوە ماسی – ڕاوە کەو – کەتیرە کردن) یە. پڕچەک­بوونی فاکتەری دەرەکی بە لایەنی ئابووری بە چەشنێک نوێڵێکی گوشار بووە بۆ ناوچە تاکوو بە ئامانجی بگات. ئەو گوشارە خۆی لە تێچوویەک دەبینێتەوە کە سەرفی مۆڵەت لە لایەن دەوڵەت یا خود ئیجارەی ئاغا کراوە، خۆی لە خۆیشیدا بە چەشنێک “دەسەڵاتی باڵادەست” واتا یاسای ڕێگەپێدراو پۆشتەوپەرداخ کراوە. هەروەها نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت کاتێک لایەنی ئابووری دێتە گۆرێ سەنگینایی بابەت، بە تایبەت ئەگەر بێت­و لە سەر ئەساسێکی پتەو دانەمەزرابێ و بە هزر و ئەخلاق پرچەک نەکرابێ، تۆزێک لە دەست دەچێت و ئەوەش یاسایەکی گشتگیرە. شەپۆلی گەرانەوەی ئێستا لە سەر ئاستی دونیا گەورەترین بەڵگەیە لەو بوارەدا و بە چەشنێک هێمایەکە بۆ لەرزۆکی چەشنەکانی ژیان لە لایەن ڕەهەندی ئابووریەوە. بێگومان دەکرێ بە چەشنێک لێکچوون لە نێوان نەوس و لایەنی ئابووری چێ بکرێت کە هەردووکیان لە ئەگەری بیرنەکردنەوەی لۆژیکانە، مرۆڤ تووشی زەحمەت دەکەن. ناوچەی بەری مێرگانیش لەو چوارچێوەیە بەدەر نەبووە. هەڵبەت لەو نێوەدا دەبێ ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت؛ یەکەم) هەڵوێستی یەکدەست لە کۆمەڵگا لەسەر وێنەی پرسەکانی ئاماژە پێکراوە ئەستەمە. دووهەم) ئەو ئاستە هەستیاری تایبەتمەندی دوونیای مۆدێرنە کە دەرهاویشتی کرداری پێشتری مرۆڤ ئێستاکە گەیشتووە بە قەیران. پێشتر بە چەندین هۆ کە لەناو دەقی وتارەکان باسکراوە هەڕەشە لە ژینگە دەگمەنتر بوو، هەر بۆیەش هەستیاری بەو ڕێژیەی ئێستا بوونی نەبوو.

لایەنێکی دیکەی ڕەهەندی نەرێنی فاکتەری دەرەکی دەگەرێتەوە بۆ فرەوان کردنی جۆری ڕوانین بۆ بابەتەکان بەو مانایە کە ئەگەر پێشتر گوێنی وەکوو گژوگیایەک دەبینرا کە درک و داڵە و تەنیا دەکرێ بۆ ئاورودۆ و جاروباریش خۆراکی ئاژەڵ کەڵکی هەبێ بەڵام ئێستاکە ڕەهەندی ئابووری و کەڵکی جوانکاریشی بۆ زیاد بوو، ئەوەش وای کرد کە گوشارەکان زیاتر بن.

٢) ڕۆڵی ئەرێنی؛ پێدەچێ چەشنی ڕۆڵگیرانی فاکتەری دەرەکی پەیوەست بێ بە بەستێنی ژینگەی مەبەست لە هەموو بوارەکان. بەڵام ناکرێ تاک لایەنە بە لۆژیکی ڕەش یا سپی بۆ بابەتەکان هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بکرێ. ڕەهەندی دەرەکیش دەکرێ ئاسەواری ئەرێنی خۆی هەبێت. ئەوەتا چێ بوونی پەروەردەی ماسی تاڕادەیەک زۆر گوشاری لە سەر چۆمی زێ کەم کردۆتەوە، بەڵام ئەگەر تا ئێستا خەڵکانێک بە ئامرازی قەدەغەکراو دەچێنە ڕاو ئەوە بۆشایی و کەمتەرخەمی کۆمەڵگا دەنوێنێ.