لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە بووندا (بەشی چوارەم)

خاسە کەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە                      خاڵی ڕەش و سووری بە جووت ڕشتووە   لە درێژەی زنجیرە باسی ژینگە پارێزی ئەمجارە قامک ڕادەدێرێن بۆ باڵندەی خۆشخوان و هێمای کوێستان واتە “کەو”. بەڵام پێش چوونە ناو باسەکە پێویستە بڵێین کە بالندەکان سامانی سرووشتی – نەتەویین. ئەوان بە چەشنێک ڕۆڵی “گەرمی ژمێر”ی ژینگە بۆ ئێمە و سرووشت دەگێرن […]

خاسە کەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە                      خاڵی ڕەش و سووری بە جووت ڕشتووە

 

لە درێژەی زنجیرە باسی ژینگە پارێزی ئەمجارە قامک ڕادەدێرێن بۆ باڵندەی خۆشخوان و هێمای کوێستان واتە “کەو”. بەڵام پێش چوونە ناو باسەکە پێویستە بڵێین کە بالندەکان سامانی سرووشتی – نەتەویین. ئەوان بە چەشنێک ڕۆڵی “گەرمی ژمێر”ی ژینگە بۆ ئێمە و سرووشت دەگێرن هەر بۆیەش دەکرێ بڵێین پاقژی، گەشەو جموجۆلی باڵندەکان هێمای پاقژی کەش و هەوا و چۆنییەتی زەوی و بەرەکەتی سەرچاوە سرووشتییەکانە و ڕۆڵی گرنگیان لە دەوڵەمەند کردنی ژینگە و کۆنترۆڵی پەتای گژوگیادا هەیە.

لەو نێوەدا کەو بە نێوی زانستی (Alectoris  chukar) کە دەچێتە نێو خانەی “هەکەکان” کە بە باڵندەی ماڵ ناسراون، لە داوێنی کێو، چیا و هەڵدێرەکان دەژیت. ئەو باڵندەیە بە هۆی دەنگی خۆشی لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری زۆر خۆشەویستە ئەوە لە حاڵێکدایە کە خاوەن دیمەنێکی جوانیشە.

کەو یەکێک لەو باڵندانەیە کە کۆچەری نییە و تەنیا زنوێر و کوێستان دەکات. لە کاتی مترسی هەڵدەفرێت کە دیارە هەڵفرینەکەی تەنیا بە لێژیەکی کورت کۆتایی دێت. ئەوان بە شێوەی کۆمەڵی دەژین کە بریتییە لە دەستە کەوێک کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە جوجکەو باڕ و کەوی باڵق لە خۆوە دەگرێت، ساڵیش کە دەسڕێتەوە و بەرەو سەرما دەچێ دەستەکەیان گەورەتر دەبێت.

کەو یەکێک لەو باڵندانەیە کە تاک هاوژینە و بە پێی دۆخی ژینگە ساڵی جارێک زاووزێ دەکات. لە ئاخر و ئۆخری زستان و دەسپێکی بەهار جووت دەبن و کاتی ئیشکەساڵی و کەمی خۆراک زاووزێکەیان بە چەند کەوبارە کۆتایی دێت ئەوە لە کاتێکدایە لە تەڕەساڵییەکان تا سەروی ۲۰ هێلکە دەکەن. لە نێو کۆمەڵی کەودا ئەرکی پاسەوانی لە قەڵەمڕەو لە سەر ئەستۆی نێرەکەوە.

بەشێوەیەکی باو کەو لە گژوگیا وەکوو گیا و تۆوەکەی، گەڵا و بەری دەوەن و دانەوێڵەکان خۆی تێر دەکات بەڵام جڕوجانەوەرە وردیلەکانیش ئەگەر لەبەر دەست دابن و وەگیری کەون لێیان غافڵ نابێ. کەو هاوکات لە گەڵ خواردن ڕێژەیەکی بەرچاو ورکە بەرد دەخوات کە بەو کارەی یارمەتی ورد و هەرسکردنی خۆراک لە سیکەڵدانەی دەدات.

بەڵام باڵندە خۆشخوانەکەی ئێمە بە چەندین هۆ کە لە درێژەدا ئاماژەی پێدەکرێ لە ناوچەی بەری مێرگان لە کەمیداوە و ژیانی لە مترسیدایە:

١)گۆرانی کەش و هەوا؛ باڵندەکان نوێنەرێکی باشن بۆ توێژینەوە لە سەر ئاسەواری گۆرانی کەش و هەوا لە پێوەری بچووک. گۆرانی کەش و هەوا دەبێتە هۆی ئەوە کە حەشیمەتی باڵندەکان لە ڕێگای گۆرینی ژینگەکەیان یا خود گۆران لە قۆناغەکانی زیادبوونی حەشیمەت (مراحل رشد) و دەست پێراگەیشتنیان بە خۆراک تووشی مەترسی بن. گۆرانی کەش و هەوا لە قۆناغی یەکەم ژیانی باڵندەکان تووشی مترسی دەکات چوونکە لە بەرامبەر گەرما لاوازترن. تەنانەت دەکوترێ گۆرانی کەش کاریگەری لە سەر گۆرینی نێرومێی کۆرپەڵەش هەیە و پێکهاتەی ڕەگەزی نێرومێی تێکدەدات. گەرمی کەش و هەوا کۆرپەڵە لە ناو دەبات و لە ڕێژەی کۆرپەڵەی نێر و مێ ئاڵ و گۆری ناهاوسان پێکدێنێت و لە کۆتاییدا لە ناویان دەبات[۱].

٢) خاپوورکردنی ژینگەی بە هۆی کردەوەی مرۆیی؛ کردەوەیی مرۆیی کاریگەریەکی ئێجگار گەورەی لە سەر حەشیمەت و ژینگەی کەو هەیە. ئەم ڕەهەندە خۆی لە بیچمی جیاواز دەبینێتەوە بەڵام یەکێک لە بەرچاوترینیان لە ناوچەی بەری مێرگان کشت و کاڵە. کشت و کاڵ لە چەند بوار تەنگ بە کەو هەڵدەچنێ. ٢) بە هۆی بە کار هێنانی دەرمانە دژە پەتاکان؛ لە کاتێک وەرزێر دەرمانی دژە پەتا بە تایبەت دژی جروجانەوەری وەکوو “سنی گەنم” بەکار دێنێت، کەو یەکێک لەو باڵندانەیە کە بە لێزانانە ڕێژەی ئەو پەتاو جروجانەوەرە کەم دەکاتەوە. بە پێی توێژینەوەکان هە کەوێک دەتوانێ ڕۆژانە ۲۸ ته ۱۵۸ سنی گەنم بخوات و بۆ پاراستنی پانتایەکی ٢ هێکتاری وڵامدەرەوەیە[۲]. ٢) بە هۆی کێڵانی مێرگ و چیمەن و دەشت و دەوەنی کە پێشتر پاوان بوون، دەوڵەمەندی گژوگیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووە و ئەوەش لە سەر ژیانی کەو کاریگەری دەبێت.

٣)خاپوور کردنی ژینگەی بە هۆی زێدە لەوەراندن؛ لەوەراندنی لە ڕادەبەدەر بە یەکێک لە بنەماکانی هەرەشەی ژینگەی کەو دێتە ژمار. زێدەڕۆیی لە لەوەراندن سەرەرای ئەوە کە دەوڵەمدنی گژوگیا دەخاتە مترسییەوە باعیس دەبێت کە گژوگیا قۆناغەکانی کامڵ بوونیان تێنەپەرێنن و نەگەن بە قۆناغی تۆودان ئەوەش ڕێگر دەبێت لە بەردەم بەرهەمهێنانی (تکثیر) گژوگیا کە تێیدا کەو دەوری سەرەکی دەگێرێت.

۴)شێواندنی هێڵانە؛ مەبەست لە شێواندنی هێلانە بەو ڕەفتارە دەکوترێ کە کاتێک هێلانەی کەو دەدیترێتەوە، دەست دەکرێت بە دەرهێنانی هێلکە بە مەبەستی خواردن. دیارە ئەم ڕەفتارە زۆرێک لە خەڵکی ناوچە بە تایبەت کوێستانچییەکان ناگرێتەوە بەڵام لەو نێوەدا بێگومان کەسانێکیش پەیدا دەبن کە لاڕێنە و دەیانهەوێ نەوسی خۆیان بە خواردنی هێلکەی کەو تێر کەن.

۵) زێدەڕۆیی لە ڕاو؛ ڕاوی نایاسایی بە شێوەیەکی پەنگ خواردوو (بالقوە) یەکێکی­تر لە فاکتەرە بەهێزەکانی هەڕەشەی سەر کەوە. ڕاو یەکێک لەو ڕەهەندانەیە کە بەرچاوترەو لە زەینی خەڵکدا لێکدانەوەشی ئاسان­ترە. تا ساڵانی زوو لە ناوچەی بەری مێرگان کەو زۆر بوو و باشترین بەڵگەش “کەوپەر”ە کە نێوەکەی ئاماژەیەک بوو بۆ زۆری کەو لەو ناوچەیە. بەڵام ئێستاکە بە هۆی خاڵەکانی ئاماژە پێکراو لە گەڵ زێدەڕۆیی لە ڕاو کە لەویشدا شوێن پێی فاکتەری ”دەرەکی” بەرچاوە، زۆری لە کەمیداوە. مەبەست لە فاکتەری دەرەکی ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاوچیانەی ناوچەی سەردەشت کە ساڵانی زوو و ئێستاکە کەمتر لە بەهاراندا سەریان دەکردە کوێستانەکانی بەری مێرگان و بۆ ماوەی یەک دوو حەوتوو دەمانەوە و بەداخەوە بە سەدان کەویان ڕاو دەکرد.

لە کۆتاییدا: دەبێ ئەوە بۆ ئێمە ڕوون بێتەوە هەر وەکوو چۆن گژوگیا سامانێکی سرووشتی – نەتەوەییە، بە هەمان شێوە باڵندەکانیش سامانن و دەبێ پارێزگاریان لێبکرێت. بە هۆی ئەوەی کە ژیانی زۆرێک لە گژوگیا و گیانلەبەران پێک پەیوەستە کەواتە لەناوچوونی یەک جۆریان دەبێتە هۆی لە ناوچوونی هاوسەنگی ئێکۆسیستێم. کەواتە لەبەر ئەوە و سەدان هۆی دیکە دەبێ پێداچوونەوە بە مامەڵەی خۆمان لە گەڵ ژینگە بکەین و کلتووری ژینگە پارێزی بکەین بە هەوێنی ژیانمان.

پێویستە ڕێز و سوپاسی تایبەت ئاراستەی بەڕێز دکتۆر محمەد پوردیان کەم کە بۆ ئێدیت و جوانتر خستنە ڕووی وتارەکە کاتی داناوە و یارمەتی داوم.

[۱] – http://irannde.com/?p=1608

[۲] – http://arzyabi.maj.ir