لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگەبووندا
لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگەبووندا (بەشی یەکەم) دەسپێکی ئەم زنجیرە وەتارە بە ناساندنی ناوچەی مەبەست واتا “ناوچەی بەری مێرگان” دەست پیدەکات. بەڵام ناوچەی بەری مێرگان لە کوێی شاری خانێ هەڵکەوتووە و بۆچی بەو نێوە ناودێر کراوە؟ لە پردی بادیناوێ بۆولای دوو ناوچەی لێیە کە بە خۆشییەوە نێوی جوگرافیایان لەسەرە یەکەمیان […]
لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگەبووندا (بەشی یەکەم)
دەسپێکی ئەم زنجیرە وەتارە بە ناساندنی ناوچەی مەبەست واتا “ناوچەی بەری مێرگان” دەست پیدەکات. بەڵام ناوچەی بەری مێرگان لە کوێی شاری خانێ هەڵکەوتووە و بۆچی بەو نێوە ناودێر کراوە؟ لە پردی بادیناوێ بۆولای دوو ناوچەی لێیە کە بە خۆشییەوە نێوی جوگرافیایان لەسەرە یەکەمیان “بەری مێرگان” و ئەوەی دیکەش “بەری نەڵێن”. بەری نەڵێن لە پردی هەنگەوە کە لە سەر چۆمی زێ هەڵکەوتووە و ناوچەی نەڵێن بە بەری مێرگان گرێدەدات دەست پێدەکات و تا دەورووپشتی کێوی سپی سەنگ لەخۆوە دەگرێت. ئەو ناوچەیە کە پشتی بە ڕۆژەوەیە و لە بواری کەش و هەواشەوە بە نیسبەت بەری مێرگان گەرمێنتر و کەم ئاوترە لە کاتی گونجاو و لە جێی خۆی ئاماژەی پێدەدرێت. بەڵام ناوچەی بەری مێرگان بەو پانتا جوگرافیایەی دەکوترێ کە لە نێوان سێ پردی بادیناوێ، هەنگەوێ و تاڕادەیەکیش شیوەمێرێ هەڵکەوتووە هەرچەند لە دێهاتی قەبری وسێن بەرەو شیوەمێرێ بە لێرەواریش ناسراوە. پێشگری “بەری” دەشێ کورتکراوەی “بەرین” بێ واتا پان و دەشکرێ لە “بەر” هاتبێ کە بە پێی هەنبانەبۆرینە (لاپەڕەی ۶٩) ” بە مانای ڕادەو ئەندازەی بارست دێت. “مێرگان” یش هۆکەی ئاماژەیە بۆ زۆری مێرگ و چیمەن لەو دەڤەرە کە ئەویش لە جێی خۆیدا ئاماژەیە بۆ چۆم و رووبار و کانیاوی زۆر کە ناوچەکەیان لەخۆ وەرگرتووە. کەواتە بەری مێرگان بەو پانتا جوگرافیایە هەڵکەوتووە لە نێوان سێ چۆمی بادیناوی، زێ و پردانان دەکوترێ کە پشتی بە بناری زنجیرە چیای قەندیل لە زنجیرە چیای زاگرۆسە و بە مێرگ و چیمەن خەمڵیوە کە ئێستاکە بەشی هەرە زۆری کێڵدراوە و بۆتە زەوی کشتوکاڵ و باغات.
دیارە بە نیسبەت کەش و هەواوە بەری مێرگان هەروەکوو گشت ناوچە کەش و هەوایەکی ناوەڕاستی هەیە و چوار وەرزی دیارە و دەشێ بوترێ کە بە نیسبەت دەڤەری دەورووبەر فێنک و کوێستانیترە. هەروەها زستانان بە بەفری زۆر و بەهار و پاییزان بە بارانی باش دەوڵەمەندە. لەبواری تۆپۆگرافییەوە، بەری مێرگان لە داوێنی کێو هەڵکەوتووە، لای باشووری بەرەو چۆمی زێ پرە لە خروجۆم و کێوەکانیش کە لە لای ڕۆژئاوا بە ئاراستەی باکوور – باشوور هەڵکەوتوون خاوەن بەرزی سەرووی سێ هەزار و زستانان بە بەفر دادەپۆشرێن. بە نیسبەت خاکەوە، بەری مێرگان سەرەرای کەمی زەوی بۆ کشت و کاڵ بەڵام خاکەکەی بەپێز و دەوڵەمەندە و گژوگیای جۆراوجۆری لێدەروێ، هەر ئەوەش وایکردووە کە کەرتی ئاژەڵداریشی بەهێز بێت. لەبواری حەشیمەت و زاراوەو تۆرەمەش، ناوچە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دێهاتی لێک نزیک کە قەبارەی بنەماڵەی گشتی ڕەنگبێ خۆ لە زیاتر پەنجا بنەماڵە بۆ هەر دێ بدات و لەبواری زاراوە و تۆرەمەش بە زاراوەی سۆرانی قسەدەکەن و تۆرمەشیان کوردە و بە مەنگور دەناسرێن کە دیارە ئەویش لک و پۆپی خۆی هەیە و دەبێ لە بەشی کۆمەڵناسی ناوچە ئاخاوتنی لەسەر بکرێ.
بە شیوەیەکی گشتی کەش و هەوای فێنک و کوێستانی، ئاوی پاقژ و زۆر، خاکی بە پێز و دەوڵەمەند بە گژوگیا و… کاردانەوەی تەواوی لە سەر جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگا و تاکی بەری مێرگان هەر لە ئابووری ڕا بگرە هەتا سیاسەت، کۆمەڵگاو پێوەندی کۆمەڵایەتی، خانووبەرە، کەرەستەو شتوومەکی دەسکرد و هتد داناوە کە تێدەکۆشرێ لە درێژەی زنجیرە باسەکاندا بە تێروتەسەل باسیان لێبکرێت.
ارسال دیدگاه
مجموع دیدگاهها : 0در انتظار بررسی : 0انتشار یافته : 0