مامۆستا مەلا محەممەد ڕەسووڵی ناسراو بە “مەلای زوودی” وێنەی سەرکەوتووی قوتابخانەی ئایینی کەوپەڕ و هێمای مامۆستای خۆماڵی

  د. شوان سەردێڕی بابەتەکە واتا مامۆستای خۆماڵی و قووتابخانەی ئایینی کەوپەڕ دوو چەمک و دەستەواژەن کە پێویستیان بە شی‌کردنەوە هەیە. ساڵانی زوو بە پێی ڕۆژمێری ناوچەیی واتا “سەردەمی دەسەڵاتی ئاغا” دۆخی تایبەت بە خۆیەوە هەبوو. یەکێک لە دیارترین ئەو ڕەهەندانە لە ئاستی ناوچەی بەری‌مێرگان بە ناوەندییەتی کەوپەڕ “قووتابخانەی ئایینی کەوپەڕ”ە. دیارە ئەم دەستەواژەیە شتێکی […]

 

د. شوان

سەردێڕی بابەتەکە واتا مامۆستای خۆماڵی و قووتابخانەی ئایینی کەوپەڕ دوو چەمک و دەستەواژەن کە پێویستیان بە شی‌کردنەوە هەیە. ساڵانی زوو بە پێی ڕۆژمێری ناوچەیی واتا “سەردەمی دەسەڵاتی ئاغا” دۆخی تایبەت بە خۆیەوە هەبوو. یەکێک لە دیارترین ئەو ڕەهەندانە لە ئاستی ناوچەی بەری‌مێرگان بە ناوەندییەتی کەوپەڕ “قووتابخانەی ئایینی کەوپەڕ”ە. دیارە ئەم دەستەواژەیە شتێکی داتاشراو نییە و لە مەیدانی واقع­دا بەو شێوەیە بووە. لە سەر دەمی سیستەمی ئاغا و ڕەعییەتیەوە تا تا ئیسلاحاتی زەویی – دیارە بە هۆی ئیسلاحاتەوە گرژی کەوتە نێو پێوەندی ئاغا و مەلا- هەوڵێکی چڕ و پڕ و بایەخێکی زۆر بە توێژی مەلا دەدرا. دیاره هۆیەکەی هەرچی بووبێ بابەتی وتاری ئەمجارە نییە، بەڵام هەوڵەکە بەو جۆرە لە ناوچە شکایەوە:

یەکەم مامۆستای نێو‌بەدەرەوە واتا مەلا ئەحمەدی زوودی وەکوو مەلایەکی هەڵکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی ڕەهەندی ئایینی ناوچە و پاراوکردنی ئەم نیازە هێنرایە کەوپەڕ. دوای سەردەمانێک لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە، مامۆستا نەجمەدینی کەوکەبی جێی گرتەوە کە وێدەچێ خەڵکی ناوچەی ئاڵوەتانی سەردەشت و لە قووتابخانەی مەلا خەلیلی گۆڕەمەری بووبێ. ڕوون و ئاشکرایە قووتابخانەکە بە هاتنی مامۆستا مەلا حەسەنی بێناس کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی ئەودیو بووە گوڕوتینێکی نوێی تێکەوت. مامۆستا مەلا محەممەدی زوودی هاوشان لەگەڵ مەلا محەممەدی ئاوخواردە وکەسانی­ نێوبەدەرەوەی‌تر بەرهەمی ئەو قووتابخانەیەن.

بەڵام لە ئاست چەمکی مامۆستای خۆماڵی ئەوەی پێویست بە ڕوونکردنەوە دەکات ئەوەیە کە ئەو چەمکە گوزارشت لە هزر و خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ ئایین دەکات. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر و ڕۆچوون بە مێژووی ئەوکات دەردەکەوێ کە ئەو مامۆستایانە شێوازێکی تایبەتیان لە ژیانی ئایینی هەڵبژاردبوو. ئەو شێوازە تایبەتییە کە دەکرێ ناوی لێنرێت “لەگەڵ خەڵک و لە ناو خەڵک و سرووشت” ببووە هۆی ئەوە کە مەلا لە هزر و بیری خەڵکەوە بگات بە پێگەی ”پیرۆز”. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە؛ ۱- مەلا لە ناو خەڵک و لە گەڵ خەڵکەوە دەژیا ٢- ئەو شێوە ژیانە یارمەتی باشی مەلای دەدا تاکوو ئایین بۆ قووڵایی کۆمەڵگا ڕابگوێزیت ٣- لە لایەکی تریشەوە وای کردبوو مەلا لە حەولی ئەوە دابێ جۆرە هاوسەنگییەکی نافەرمی لە نێوان بیری ئایینی و کلتووری کۆمەڵگا جێگیر بکات. کەواتە مەلا ئەرکی خۆی لە گێڕانەوەی دەقە ئایینەکان و ڕێنوێنی خەڵک بە شێوەی زارەکی دەهێشتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان خەڵکیان لە سەر هەڵبژاردنی ئایینی و کلتووری سەرپشک کردبوو هەروەها بە نیسبەت کلتووریش تەنانەت دەکرێ بڵێین کە کلتووریان وەکوو بەشێکی دانەبڕاوی بیری ئایینی وەرگرتبوو. خۆتێهەڵقوتاندنی لە بەڕێوەچوونی بەها کلتووریەکانی کۆمەڵگای بە چەشنێک لە چەشنەکان لە بیری خۆی سڕیبۆوە و ئەم کلتوورەی وەکوو بەشێک لە سرووشت وەرگرتبوو و دانی پێدانابوو.

لەو سۆنگەیەوە مەلا محەممەدی زوودی وێنەی تەواوی ئەو قووتابخانە ئایینییە بوو. مامۆستا زوودی کوڕی خدر بەگ و خەدیجە، لە داییک بووی ۱۳۱۸ەی هەتاوی گوندی دووچۆمانی مەنگوڕایەتی (لێڕەواری) خانێیە. بە پێی وتەی خۆی لە ساڵی  ۱۳۳۰ی هەتاوی لە گوندی ترکەش خوێندنی سەرەتایی دەست پێکردوە و ساڵی ۱۳۴۱ی هەتاوی لە خزمەت مامۆستا مەلا حەسەنی بێناس ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت. بێگومان لە هەمبەر کەسایەتییەوە کەمتر کەسێک هەیە مەلای زوودی ناسیبێت و خۆشی نەویستبێ. ڕەمزی ئەو خۆشەویستییەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆماڵی بوون و هە بۆیە دەکرێ مەلای زوودی بە مەلای “خۆماڵی” نێو بنێیین. بە گشتی دەکرێ بڵێین مامۆستا نموونەی تەواوی مرۆڤێکی خاکی و بە تەواو لەگەڵ ئەم چەمکە فەلسەفییەی هایدگێر واتا “دازاین” دەگونجێت. هەڵبەت سەرچاوەی ئەو خۆماڵییەش دەگەڕێتەوە بۆ ١- ئەزموونی ژیان و تاڵ و سوێری ئەو کە تووشی مەلا هاتووە و ٢- ڕێبازە سەرەکییەکەی کە لەسەری پەروەردە کرابوو و ئەمەکی بۆی هەبوو.

مەلای زوودی لە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی تەیار و لەسەر هەست بووە، ئەو تایبەتمەندییەی کە مەلای لە هاوچەشنەکانی جیا دەکاتەوە. ڕاوچییەکی بە توانا، مێشەوانێکی لێزان و لێهاتوو، خاوەن دەست لە وەرزێڕی و ئاژەڵداری، هەروەها ناکرێ داهێنانیش لە بیر بکەین و ئاماژە بۆ دارتاشی و کورەی خشت بڕین نەکەین و زۆر لایەنی‌تریش کە مامۆستا تێیدا بەشدار بووە هەر وەکوو خۆی دەڵێ “یازدە ساڵ لە کوردستانی ئەودیو (زێدی باب و باپیرانی) وای لێکردم بۆ بەڕیوە‌بردنی ژیان دەست ببەم بۆ کار و پیشەی جۆراجۆری وەکوو، کرێکاری داس و مەڵەغان‌کێشان، بەننایی، خشت­بڕین، تەنەکەسازی، رادیۆسازی، ساعەت­سازی و هتد. دیارە فەلسەفەی ئەو کارەشی هەر وەکوو خۆی دەڵێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە “مەلا دەبێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ و نەبێتە سەرباری خەڵکەوە”.

لە بواری کلتووریشەوە مامۆستا بە شێوازی سەرەوە هەڵسووکەوت دەکات. هەڵوێستی مامۆستا لەهەمبەر یەکێک لە بەرچاوترین هێمای کلتووری کوردەواری واتا هەڵپەڕکێ تەنیا لە ئاستی ڕێنوێنی زارەکی دەمایەوە و بۆ جارێکیش نەبووە هەڵوێستی بەدەر لە هاوسەنگی ئایین و کلتوور بگرێت. دەکرێ بڵێیین ئەم هاوسەنگییەی نێوان ئایین و کلتوور و وەرگرتنی کلتوور وەکوو بەشێکی جیانەکراوی کۆمەڵگا ئاماژەیە بۆ خوێندنەوەی واقعیانە و “کورداندنی” ئایینە. مامۆستا هەندێک جار دەچۆ ڕاو و دیارە بە پێی وتەی خۆی ئامانج “تاراندنی خەم و پەژارە” بوو. مامۆستا پاراستنی هاوسەنگی لە ڕاو بە بنەما دەزانێت و دژ بەو کردەوانەیە کە هاوسەنگی لەبەرچاو ناگرن و هەروەها دژ بە لایەنی ئابووری ڕاوە کە بەداخەوە جار و بار گوێمان لیدەبێت.

دەرئەنجام: کەسایەتی خۆماڵی مامۆستا کاردانەوەی دوو ڕەهەندی بیر و ئەزموونی ژیانی ئەوە. ئەزموونی ژیانی مەلای زوودی کە خۆ لە بەشداری کارا و کردەیی لە هەموو جومگەکانی ژیان دەبینێتەوە ڕاستەوخۆ لەسەر سابجێکتیو و مێنتاڵیتەی ئەو کاریگەری هەبووە و ئەوەش وایکردووە کە مامۆستا لە هزردا بە شێوەیەکی دیاردە‌ناسانە هەڵسووکەت بکات و هزر و کردەوەی ببێت بە یەک و ئەو جۆرەی بیر دەکاتەوە لە گەڵ واقعیشدا هەڵسوکەوت بکات. دیارە ئەو خەم و پژارەی کە ئەویش لێی دەدوێت شتێکی دەرەکی و چەرخی سپڵەیە کە تەنگی پێ‌هەڵدەچنێت.