چەندین وڵات زمانی کوردی بۆ خزمەتگوزارییەکانیان زیاد دەکەن

  لەگەڵ زیادبوونی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان، بەکارهێنانی زمانی کوردیش لەلایەن حکومەتەکان، دامەزراوە تایبەتەکان و رێکخراوەکان بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان بۆ بەکارهێنەری کورد زیادیکردووە.  بۆ نموونە، کاتێک دەچیتە سەر بەشی کوردیی ماڵپەڕی حکومەتی ئوسترالیا، دەتوانی بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی لەبارەی سیاسەت و یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆچبەران، مافی پەنابەرێتی، مافی کارکردن و […]

 
لەگەڵ زیادبوونی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان، بەکارهێنانی زمانی کوردیش لەلایەن حکومەتەکان، دامەزراوە تایبەتەکان و رێکخراوەکان بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان بۆ بەکارهێنەری کورد زیادیکردووە. 
بۆ نموونە، کاتێک دەچیتە سەر بەشی کوردیی ماڵپەڕی حکومەتی ئوسترالیا، دەتوانی بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی لەبارەی سیاسەت و یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆچبەران، مافی پەنابەرێتی، مافی کارکردن و تەندروستی بخوێنیتەوە.
هەروەها ژمارەیەک پۆدکاست لە ماڵپەڕەکە دانراون بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان جگە لە خوێندنەوە، بە بیستنیش ئاگاداری رێنوێنییەکان بن.
بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی ۲۰۱۶ی ئوسترالیا، نزیکەی ۱۰ هەزار کورد لەو وڵاتە دەژین.
لە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەکارهێنانی زمانی کوردی تەنیا لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ژمارەیەک پارتی سیاسیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە زمانی کوردی بەرنامە و پلانی خۆیان بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگدەری کورد بۆ لای خۆیان رابکشێن.
بۆ نموونە، پارتی گەلی کریستیانی نەرویج، لە هەڵبژاردنەکانی ۱۳ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، بە شێوەزاری کرمانجی پلانی خۆی بۆ پاراستنی بەهاکانی نەرویج، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی خێزانەکان بۆ رێگریکردن لە منداڵبوون، پاڵپشتیکردنی ئەو خێزانانەی کەسانی بەتەمەنیان هەیە، دابینکردنی هەلی کار و پەروەردە بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا کە ئامارە نافەرمییەکان پێشانی دەدەن نزیکەی ۲۵ هەزار کورد لەو وڵاتە دەژین.
بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی نەرویج

بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی نەرویج
هەروەها هەر ئەمساڵ، سندووقی ئاوێتەکردنی کۆچبەران و پەنابەرانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، بە شێوەزاری کوردیی سۆرانی سیاسەتی خۆی بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و کۆچبەران بۆ هەر ۲۷ وڵاتە ئەندامەکەی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی سویسراش لە ساڵی ۲۰۱۹ـەوە، ماڵپەڕێکی تایبەت بە تەندروستیی پەنابەران داناوە و تێیدا لە پاڵ زمانەکانی دیکە، بە دوو شێوەزاری کوردی (سۆرانی و کورمانجی) زانیاریی لەبارەی نەخۆشیە گوێزراوەکان، نیشانەکانی نەخۆشی، چۆنێتیی وەرگرتنی چارەسەر، خۆپاراستن و سیستەمی تەندروستیی سویسرا خستووەتەڕوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ۲۰۱۵، بە گوێرەی خەمڵاندنە فەرمییەکانی حکومەتی سویسرا، ۱۹ هەزار و ۴۰۱ کوردزمان لەو وڵاتە ژیاون.
رێنوێنیی تەندروستی لە ماڵپەڕێکی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی سویسرا

رێنوێنیی تەندروستی لە ماڵپەڕێکی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی سویسرا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش، بەشێکی زۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رێنوێنییان بە زمانی کوردی بۆ رەوەند، پەنابەر و کۆچبەرانی کورد بەردەستکردووە.
بۆ نموونە، لەم بڵاوکراوەیەی وەزارەتی تەندروستیی دانیمارکدا، باس لە چۆنێتیی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، گرنگیی ئەنجامدانی پشکنین، چۆنێتیی خۆکەرەنتینکردن و گرنگیی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە.
 بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی تەندروستیی دانیمارک بە زمانی کوردی

بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی تەندروستیی دانیمارک بە زمانی کوردی
بە گوێرەی سەرژمێرییە نافەرمییەکان، ژمارەی کورد لە دانیمارک ۲۵ هەزار تاوەکو ۳۰ هەزار کەسە.
ئەمانە ژمارەیەکی کەم بوون لەو وڵاتانەی کە زانیارییان بە شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بۆ کۆچبەر، پەنابەر و رەوەندی کوردی لەبارەی مافەکانیان و تەندروستییان بەردەست بکەن.
رێونێنی بە زمانی کوردی لە ماڵپەڕی حکومەتی ئوسترالیا

رێونێنی بە زمانی کوردی لە ماڵپەڕی حکومەتی ئوسترالیا
لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆری پێگە تەکنەلۆژییە جیهانییەکانیش زمانی کوردییان لەسەر سەکۆکانیان زیادکردووە.  بەکارهێنەرانی کورد دەتوانن بە زمانەکانی خۆیان سوود لە گووگڵ و فەیسبووک ببینن.
ساڵی ۲۰۱۶، گووگڵ کوردیی کرمانجیی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی Google Translate زیادکرد، ئێستاش شێوەزاری سۆرانی لە ژێر پەرەپێداندایە بۆ ئەوەی بە فەرمی بخرێتە نێو لیستی زمانەکانی خزمەتگوزارییەکە. بەڵام ئەگەرچی هێشتا ئامادە نەبووە، بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کە گووگڵ دانیپێداناوە، لە کاتی دانانی نووسینی سۆرانی لە نێو Google Translateـدا، گووگڵ وەکو زمانی ئیگۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جار زۆر سەرکەوتووانە وەریدەگێڕێتە سەر زمانەکانی دیکە، بەڵام کاتێک زمانێکی دیکە وەردەگێڕیتە سەر ئیگۆر، هەڵە روونادات و وەرگێڕانەکە بە زمانی ئیگۆر دەردەکەوێت نەک کوردی.
گووگڵ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئەگەرچی زۆربەی کات وەرگێڕانی کوردیی سۆرانی بۆ سەر زمانەکانی دیکە تەواو و بێکێشەیە، دەکرێت هەندێ جار هەڵەی گەورەی تێدا بێت، چونکە فەرهەنگ و داتایبەسەکانی ئەو شێوەزارەی زمانی کوردی لەسەر ئەو سەکۆیە، هێشتا تەواو ئامادە نەبوون.
وێڕای هەبوونی کەموکوڕی، لەسەر فەیسبووک و تویتەریش، بەکارهێنەرانی زمانەکانی دیکە دەتوانن ئەو پۆستانەی بە شێوەزاری سۆرانی بڵاودەکرێنەوە، وەربگێڕنە سەر زمانەکانیان، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەردوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە پشت بە خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ دەبەستن.
هەروەها ۲۰ی ئابی ۲۰۲۰ ماڵپەڕی Bing Translatorی سەر بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجیی بۆ خزمەتگوزارییەکانی زیادکرد، بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بتوانێت لەو دوو شێوەزارەوە نووسین بۆ هەموو زمانێک وەربگێڕێت و بە پێچەوانەشەوە.
لەگەڵ بەجیهانیبوونی تەکنەلۆژیا، روانگەی خۆجێیکردنیش لە نێو کۆمپانیا گەورەکانی ئەو بوارەدا بووەتە شتێکی باو، بە جۆرێک کە هەریەکەیان هەوڵدەدات خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانی بە زۆرترین بەکارهێنەر بگەیێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش، پەنا دەبەنە بەر وەرگێڕانی بەرهەمەکانیان بۆ سەر شێوەزارە جیاجیاکان.
لە هەرێمی کوردستانیش، بە گوێرەی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەیەی رابردوودا، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو فەرمانگەیە کە مانگی شوباتی ساڵی ۲۰۲۱ بڵاویکردنەوە، لە ساڵی ۲۰۱۰، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ۳۳۵ هەزار و ۷۴۰ کەس بووە، بەڵام لە ساڵی ۲۰۲۰ ئەو ژمارەیە بۆ سەرووی ۳ ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.