مەزڵووم کۆبانێ: کەسێکمان لە بەغدادی نزیک کردبووەوە و سەرەداوی پێدەداین

[quote bgcolor=”#ffffff” arrow=”yes”]مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند توانیبوویان کەسێک لە ئەبووبەکر بەغدادی نزیک بکەنەوە و لە ڕێگای ئەو کەسەوە زانیاریی هەواڵگرییان وەردەگرت و لە ئوپەراسیۆنی کوشتنی خەلیفەی داعشدا بەکاریان هێنا[/quote] مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی گوتی، ئەو کەسەی لەنێو بازنەی کەسە نزیکەکانی ئەبووبەکر […]

[quote bgcolor=”#ffffff” arrow=”yes”]مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند توانیبوویان کەسێک لە ئەبووبەکر بەغدادی نزیک بکەنەوە و لە ڕێگای ئەو کەسەوە زانیاریی هەواڵگرییان وەردەگرت و لە ئوپەراسیۆنی کوشتنی خەلیفەی داعشدا بەکاریان هێنا[/quote]

مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی گوتی، ئەو کەسەی لەنێو بازنەی کەسە نزیکەکانی ئەبووبەکر بەغدادی بووە زانیاریی گرنگی لەبارەی شوێنەکەی بەغدادی دایە هەواڵگریی ئەمریکا.

مەزڵووم کۆبانێ ڕایگەیاند، ئەو کەسە لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەشدا لەو خانووەدا بوو کە بەغدادی تێیدا دەژیا.

 بە گوتەی کۆبانێ ئەو کەسەی لە نزیکی بەغدادی بووە راوێژکاری ئاسایشی بووە و یەکێک بووە لەو گرووپە بچووکەی کە رێگەپێدراوبوونە سەردانی بەغدادی بکەن.

 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەکاتی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی سوپاسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد کە بە پێدانی زانیاری هاوکاریان بوونە.

 ئەبوبەکر بەغدادی چۆن کوژرا؟

ئەو خانووەی ئەبوبەکر بەغدادی تێیدا کوژرا لە گوندێکی بچووکدا بوو بەناوی پاریشا، ۲۵ کم دوور لە شاری ئیدلبی سەنتەری پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا. خاوەنی خانووەکەش کەسێکە بەناوی ئەبوو موحەممەد سەلامە، کە بەرپرسێکی گرووپی حوڕاس دینە کە ئەویش هاوشێوەی داعش گرووپێکی پەڕگیرە.

 چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنی بەغدادی ئەم هاوینە دەستی پێکرد، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی یەکێک لە هاوژینەکانی بەغدادی و کەسێکی نزیکی و وەرگرتنی زانیاری لێیان لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

 بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا کە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەیان کردووە، دوای ئەو سەرەداوە ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا – سی ئای ئەی دەستی بە کارکردن و هاوئاهەنگی جیددی کرد لەگەڵ هەواڵگری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆئەوەی شوێنی تەواوی بەغدادی بزانن و چەند کەسێکیش لە ناوچەکەدا دابنێن بۆ چاودێریکردنی جموجووڵەکانی.

 بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، کورد لەسەر پێدانی زانیاری هەواڵگری بە سی ئای ئەی بەردەوام بوو، تەنانەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا سوپای وڵاتەکەی لە ناوچە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە کە هێرشی تورکیای بەدوادا هات.

بەرپرسێکی ئەمریکی لەوبارەوە دەڵێت، کوردی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە هەر وڵاتێک زانیاری هەواڵگرییان دایە سی ئای ئەی.

 دواتر، یەکەیێکی کۆماندۆی دەلتای ئەمریکی دەستی بە داڕشتنی پلان و خۆئامادەکردن کرد بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا خەلیفەکەی داعش دەستگیر بکەن یان بیکوژن. سوپای ئەمریکا دەیزانی ئەرکەکە ئاسان نابێت و تەنانەت یەکە کۆماندۆکەی سوپای ئەمریکا دوو جار پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەڵوەشاندەوە.

 سێ تاوەکوو چوار هەفتە پێش ئێستا، دوایین پلان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە داڕێژرا. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، بەغدادی دەیویست ناوچەکە بەجێ بهێڵێت و هەربۆیەش وەزارەتی بەرگری دڵنیا بوون ئەگەر بەغدادی ئەو شوێنە بەجێبهێڵێت، ئیتر دۆزینەوەی شوێنی نوێی و چاودێریکردنی ئەستەم دەبێت.

 هەربۆیە، دوای ئۆکەی دۆناڵد ترەمپ، دەوروبەری نیوەشەوی شەممە، هەشت کۆپتەری ئەمریکی لە بنکەیێکی سەربازیی نزیک هەولێرەوە فڕین.

 دوای گەیشتنیان بە شوێنەکە و پێش نیشتنەوە، کۆپتەرەکان و ژمارەیێک فڕۆکەی جەنگی دەستیان بە تەقەکردن کرد تاوەکوو سەربازەکان دابەزن و سەگەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بگەیێننە ئەو خانووەی بەغدادی تێیدا دەمایەوە.

 هێزەکە چووە ناو خانووەکەوە و ژمارەیەک کەسی کوشت و بەغدادییش ڕای کردە ناو تونێلەکەی ژێر خانووەکە، کۆماندۆ ئەمریکییەکان ترسی ئەوەیان هەبوو بەغدادی پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەستبێت و هەربۆیەش سوودیان لە سەگەکانیان وەرگرت و کەوتنە شوێنی. ئەو کاتە خەلیفەکەی داعش خۆی تەقاندەوە و لەگەڵ خۆیشیدا سێ منداڵی کوشت.