ئەمڕۆ ۱۱ی خەزەڵوەری ۲۷۱۸ سی و حەوتەمین هەڵمەتی ژینگەپارێزی بە مەبەستی ڕێزلێنان لە شەهیدانی ژینگەی نیشتمان کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، بۆ “یەکەمین جار لە کوردستان” هەڵمەتی بڕینی دمکانە کە وەکوو شێرپەنجەی داربەڕوو دەناسرێت، بە بەشداری: کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار، باشگای شاخەوانیی هەڵگورد و ئیدارەی جەنگەڵبانی بەڕێوە چوو.
لەو هەڵمەتە بەرفراوانەدا، کە لە لێڕەواری ئاوایی بەردەکوڕە دەستی پێ کرد؛ هاوڕێیان و خەمخۆرانی نیشتمان بەئەوپەڕی وزە و لەخۆبووردەیی و بۆ پاراستنی داربەڕوویەکان کە پێناسەی کوردستان و هێمای خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدانن؛ سەر لە بەیانی زوو دەست بە کار بوون و هەتا درەنگانی ئێوارێ هەڵمەتەکە بێ پشوودان بەڕێوە چوو.
هەر بەو بۆنەیە و بۆ درێژەدانی ڕێگای نەمران کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی؛ داوا لە هەموو ژینگەپارێزان، چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گشت خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین کە لە پاراستن و پارێزگاری لە ژینگە و نیشتمانی ئازیز وەکوو ئەرکێکی هەتایی بڕوانن، بێ وچان لە هەوڵی پاراستنیدا بن و لە بەرامبەر کێشەژینگەیی و نیشتمانییەکان کەمتەرخەم نەبن.
ئەگەر ئێمە ئەرکی خۆمان بەباشی بەڕێوە بەرین بێگومان نەسلەکانی داهاتوو بەو کێشانەی کە ئێستا ئێمە پێیانەوە سەرقاڵین گیرۆدە نابن و بە ژیانێکی ئاسوودە و ژینگەیەکی بێگەرد دەگەن.
پێویستە پاراستنی وڵات ببێت بە بەشێکی سەرەکیی ئەخلاق و کردەوەی ڕۆژانەی ئێمە و ببێتە نەریتێکی هەمیشەیی بۆ ئەوەیکە ژینگە و وڵاتێکی ئاوەدان لە باوەش بگرین و ئێمەش لە باوەشیدا بحەسێینەوە.
لە کۆتاییدا لە لایەن کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار دەسخۆشی دەکەین لە سەرجەم بەشداربووانی ئەو هەڵمەتە نیشتمانی و پیرۆزەدا
[کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار]
۱۱ی خەزەڵوەری ۲۷۱۸
ارسال دیدگاه
مجموع دیدگاهها : 0در انتظار بررسی : 0انتشار یافته : 0