ڕووباری زێ ؛ ڕەخنە و وڵامی ڕەخنە

ڕووباری زێ ؛ ڕەخنە و وڵامی ڕەخنە د. ئه­ حمه­ د غه­ مپه ­روه ­ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی لە دەسپێکدا پێویستە بڵێم ماوەیەک لەمەوەبەر وتارێکم بە ناو و نیشانی ” ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور” بۆ دەوڵەمەند کردنی وشیاری لە سەر گرنگیدان بە ئاڵ و گۆری کەش و هەوا و ئاسەوارەکەی بڵاو کردەوە، […]

ڕووباری زێ ؛ ڕەخنە و وڵامی ڕەخنە

د. ئه­ حمه­ د غه­ مپه ­روه ­ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی

لە دەسپێکدا پێویستە بڵێم ماوەیەک لەمەوەبەر وتارێکم بە ناو و نیشانی ” ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور” بۆ دەوڵەمەند کردنی وشیاری لە سەر گرنگیدان بە ئاڵ و گۆری کەش و هەوا و ئاسەوارەکەی بڵاو کردەوە، کە کەوتە بەر گازندەی هەندێک لە ئازیزان (هەڵبەت ژینگەپارێزان ئەم ڕەخنەیە بە توندی ئیدانە دەکەن و پێیان وایە کە بە بێ ئاگاداری وان بووە). بە پێی ئەوەی کە وتارەکەم بە کوردی بوو لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە وڵامی ڕەخنەی کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی شارەکەم ”خانێ”ش  هەر بەو زمانە بدەمەوە کە دەبوایە ڕەخنەکەی ئەوانیش هەر بەو زمانە ئاراستە کرابا تا ڕەخنەکەش چییەتی ژینگەپارێزی باسەکەی پارێزبا، ڕوون و ئاشکرایە کە زمانیش بەشێکی دانەبڕاوی ژینگە.

بە بیستنی ڕەخنەکە گە­لێ شادومان بوم چونکە سەرەکیترین فاکتەری پێشکەوتنی ڕۆژئاوا هەر ئەم ڕێبازەیە، واتا ڕەخنەی زانستی. بۆیە من سپاسی هەستی بەتینی ئەم کۆمەڵەیە دەکەم و بە سینگ فراوانیەوە، هومێد دەکەم وینەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر بێ تاکوو لە دەسکەوتەکانی؛ کۆمەڵگاکەیەکی ڕەخنەگر بونیات بنرێ. کۆمەڵگایەکی ڕەخنەگر کە دواتر بەرهەمی گەورەتری دیالێکتیکی لێدەکەوێتەوە و بەو شێوەیە داهاتووی وڵات دڵنیا دەکرێ. بەڵام با ڕەخنەی ئەم بەڕێزانە شێ بکەین و بزانین ڕەخنەکە چوارچێوەیەکی دیالێکتێکی بریوە و توانیویەتی ئانتی­تێزێکی بە‌هێز ئاراستە بکا؟ یا خۆد هەر لە قۆناغی ڕەخنە ماوەتەوە و کارێک کە ئێستاکە شتێکی گشتگیرە لە کۆمەڵگاکەمان­دا.

لە کۆتایی­ وتاری ” ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور” باسی ”سندوقی پاشەکەوتی ئاو” کرابوو کە بەداخەوە بە هۆی هەڵەیەک ”داهات” تۆمار کرابوو. بەڵام بۆچی ”سندوقی پاشەکەوتی ئاو” پێشنیار کرا نەک ”نا بۆ بەنداو”؟ ڕوون و ئاشکرایە سەرچاوە و هەوێنی ئەم پێشنیارە لە ڕوانگەی ڕئالیستی و ئەرزی واقع سەرچاوە دەگرێ. دیارە هیچ خانێیەک پێی خۆش نیە بەو پێوەندیە قوڵە دەروونناسی، ئابوری، ژینگەیی و هتد کە لە وتارەکە باس کراوە بەشێک لە ئاوی مێژوویی و خەیاڵاوی زێ بۆ گۆلی ورمێ بگوازرێتەوە و داکۆکی لەم بیرەش ناکات و تەنانەت پێشنیاری سندوقیش دەلیل لە سەر بروا بوونی نووسەر بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەم مەسەلەیە نییە بەڵام کاتێک مرۆڤ وڵاتێکی قاقر و دێمەکار دەبینێ کە پاش دەیەیەک لە دەست بەکار بوونی ئەم پرۆژانە هیچ کارێک و ڕێکارێک ناکرێت و ناخرێتە بەر دەم، لە گەڵ ئەو هۆیانە کە لە درێژەدا باس دەکرێ شایەد ئەو کات پێشنیارەکە کەمێک قوڵایی برینەکە پر بکاتەوە.

بەڵام لە وڵامی ڕەخنەکاندا بەڕاست بەراورد ئاوی ڕووباری زێ بە چۆمی ئەرس و دەریای خەزەر واقعیانەیە؟؟ یا خود ”کەمپەینی نا بۆ بەنداو” و ” هەڵوەشاندنەوەی بەنداو” ئانتی­تێزێکی کردەییە لە جێگای پێشنیاری ”سندوقی پاشەکەوتی ئاو”؟؟

ڕوونە کە بیر و فکری چۆمی زی و بەراوردی بە دەریای خەزەر و چۆمی ئەرەس لە ئەوپەڕی ساکاری خۆی دایە. هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێک لە سەرچاوەکانی چۆمی ئەرەس لە کێوەکانی بینگۆڵ لە تورکیایە و ئەوەی تریش لە قەوقاز واتا ئەرمەنستان و ئازەربایجانە. کەواتا ڕووبارێکی نێودەوڵەتیە و سنووری ئێران لە گەڵ وڵاتانی باکوور دیاری دەکات بە هەمان شێوە دەریای خەزەر. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەر شێوە ڕاگواستنێک پێویستی بە ڕەزامەندی هەر چوار دەوڵەتەوە هەیە هەر وەک چۆن ڕاگواستنی ئاوی خەزەر بۆ ناو دەشتەکانی ناوەندی ئێران. کەچی ڕووباری زێ سەرچاوە سەرەکیەکانی ناوخۆیە و لە ناو خاکی ئێراندایە و پاش تێرائاو بوونی لە سنووری ئێران دەچێتە دەرەوەو دەبێتە ڕووبارێکی نێودەوڵەتی. لە درووست کردنی بەندا لە سەر ئەم شێوە ڕووبارانە یاسایەکی نێودەوڵەتی دیاریکراو و پێویست (الزام ­آور) بوونی نییە بەڵکو پێویستە وڵاتان لە کاتی دروست کردنی بەنداو ڕەچاوی مافی مێژوویی سوودمەندانی ئاوەکە بکەن، لەو گۆشەنیگایە بۆ دوورکردنەوە شەر پێویستە تێگەیشتنێک لەنێوان وڵاتان دروست بێ.

بەڵام بۆ سندوقی پاشەکەوتی ئاو؟ بەڕاست ئەم پێشنیارە لە جێی خۆیدایە؟ کاتێک مروڤ لە خەودا دەمێنێ، زۆر کات لە دەست دەدا. واقعیەت ئەوەیە کە ئێستاشی لە گەڵ بێ زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئاوڕێژگەی زێ نازانن لە بن گوێیان چی­ ڕوویداوەو ڕوودەدا. ڕوونە لەو حاڵەتەدا کات بۆ ئونجامدانی زۆر شت لە دەست دەچێ. ئێستاکە دوو بەنداوو تەواو بوونە، بەنداوی کانیە­سێو بەرەو کۆتاییە و بەنداوی باوەلە لەدەست توێژینەوە دایە و ئاوی پردانان ڕادەگوازرێ و…. کەواتە لانی کەم بە دە ساڵ ئێمە لە خەوداماوین. واتا دەبوایە لە دەیەی هەشتاوە هەموو کۆمەڵگا بە تایبەت بەرپرس و نوێنەرەکان لەم بوارەدا چالاک بوان ”کە نەبوون؟؟!!”.

مەسەلەیەکی­تر ئەوەیە کە پاش خەرج کردنی سەدان ملیارد لە سەر چەندین بەنداو کە هەر ئەوە زاوزێ دەکەن لە گەڵ تونێل و کاناڵەکانی ئاودێری کە ئێستا لە سەر شانی دەوڵەت ماوەتەوە لە لایەک و لە لایەکەی­تر تێکەڵبوونی بەرژەوەندی خەڵک لەم نێوەدا (ئەو خەڵکانەی کە ئێستاکە بە شێوازی جۆراوجۆ لەم بەنداوانە نان دەخۆن، هەروەها ئەو وەرزێڕەی کە تا دوێنێ زەوییەکی کشت­وکاڵی بێ کەڵکی هەبوو و ئێستا ئاویە و…) ئایا دروشمی ”پیشگیری بهتر از درمان است” و هەڵوەشاندنەوەیان لە جێی خۆیدایە و کردەییە؟؟ ”بێگومان هەموو شارۆمەندێکی ناوچەکە پێی خۆشە بەهاران وەحشی بوونی ڕووبار زێ ببینێ و خۆڕاگری لێرا فێر بێ”.

لە هەموویان گرنگتر تێکەڵبوونی ئەم بەنداوانە لە گەڵ بەرژەوەندی نەتەوەییە. کە نامهەوێ زیاتر بچمە ناو وردەکاریەکانی ئەم باسە و پێشتر لە وتاری براوەو دۆڕاوەکانی داعەش تاوتوێکراوە.

بەشێکی دیکەی ئەم پێشنیارە لە ئەزمونی ماڵوێرانی بازارچەی سنووریەوە دێت. ڕابردوو نیشانیدا گەر هاتباو سندوقی پاشکەوت یا تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی سنوور بۆ خانێ تەرخان کرابا دەتوانرا زۆرێک لە کێشەکانی شار چارەسەر کرابان؛ ڕێگاوبانەکان کە هەموو ڕۆژێک بنیاتنەرانی داهاتوی وڵات لە ئێمە دەستێنێ بە سەربەخۆیی نۆژەن یا فرەوانتر کرابان، هەروەها زۆر پرۆژەی­تر وەک کەرتی سەلامەت و پێشە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە و نەکراوە و دەبوایە بکرابایە بەم سندوقە ئاسایش و کارمان بۆ دانیشتوانی شار بەدی هێنابا.

بەشێکی­تری ڕەخنەکان ئاراستەی پشتگوێ خستنی ڕەهەندی سیاسی کراون. دیارە لە چاخی ئێستا پرسەکانی ئابووری، ژینگەیی، سیاسی و… لێک جیا ناکرێنەوە، بەڵام بە پێ ”هەڵکەوت” و ”کات” پێموایە دوورە پەرێزی لەم ڕەهەندە باشتر لە خزمەتی بەرژەوەندی ئاوڕێژگەی زێ و وڵات دەشێکێتەوە، هەر بۆیە ڕەهەندی ژینگەییە سەرەکی­ترین بابەتە بۆ پاراستنی مافی ئاوڕێژگەی زێ.

دیارە هەندێک بابەتی­تریش ئاراستە­کراوە وەکوو ” مناطق نفت خیز جنوب به هیچ وجه با مشکلات و فجایع زیست محیطی به وسعت حوضه زاب روبه رو نبوده اند ” کە شایەنی وڵامدانەوە نییە.

بەڵام سەبارەت بە ڕەخنە. پێموایە سەرەکی­ترین ئەو جێگایەی کە دەبێ ڕەخنەی ئاراستە بکرێ، وەزارتی وزەیە. ئەو وەزارەتە لە وەتەی دروست کراوە بەشێکی سەرەکی بەرنامەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و پڕۆژەی ڕاگواستنی ئاوەبووە. بۆ ئەو مەبەستە دەستی کردووە بە دروست کردنی بەنداو بێ ئەوەی کە تەنانەت جارێک بە کارەکانی خۆیدا بچێتەوە. هەموو شارەزاکانی بەشەکانی پەیوەست بە ئاو ئاگادارن کە گۆڕانی کەش و هەوا لە پاڵ ئەویش زیاد بوونی ڕێژەی حەشیمەتی ئێران گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر سەرچاوەکانی ئاو بە شێوەیەک ئێرانی خستۆتە قەیرانی ئاو، بەڵام بەڕاست ڕاگوستنی ئاو باشترین ڕێکارە؟؟ گەر وایە وەزارت بۆ ئەم نەهامەتیانەی کە بە سەر پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوای وڵات (خوزستان و لرستان و… ) لە ئاکامی پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو هاتووە چ وڵامێکی هەیە؟ بۆ ئەو نەهامەتیانەی کە ئێستا دەشتەکانی ناوەندی ئێران ڕووبەڕووی بونەتەوە و دەبوایە بە پێی ئەو پرۆژانە چارەسەر کرابان کە نەکران چی؟ ئەی بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئاکامی ئەو پرۆژانە لە نێوان پارێزگا و شارەکانی ئەو بەشانە دروست بووە چی؟؟ ئایا بەڕاست ئەم سیاسەتانە تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی نین؟؟ بێگومان هیچ وڵامێکی زانستی پێ نییە بۆ؟ هۆکەی ئەوەیە کە بۆچونی زاڵ لە وەزارەت فەننی و کلاسیکە و بە هێچ شێوەیەک گوێ بە ڕەهەندی ژینگە، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی ئاورێژگەکان نادا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە مێژ ساڵە ئەم بۆچونە کاری پێناکرێ و لە لایەن دامودەزگاکانی چالاک لەم بوارەدا (کۆمیسیونی جیهانی بەنداوەکان، کومیسیونی جیهانی ژیگە و گەشەو پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکا، یونسکۆ و…) رەت­کراوەتەوە. تەنانەت کمیسیونی جیهانی بەنداوەکان بە دەست هێنانی ڕەزامەندی خەڵکی ئاوڕێژگەی بە سەرەکی­ترین ئۆلەویەتی ئستراتژیک داناوە و نەتەوە یەکگرتوەکانیش دابین کردنی پێداویستیەکانی نەوەی ئێستا و داهاتوو هەروەها ڕەچاو کردنی یەکەتی فەرهەنگی، ئێکۆلۆژیکی و هیدرۆلۆژیکی کۆمەڵگای بە بنەما داناوە کەچی بەڕاست ئەمانە لە سیاسەتی وەزارت نامۆ و ونن.

 بە هەر حاڵ بەڕژەوەندی نەتەویی لە لای ئێمە گرنگە بۆیە باسی بەنداوی کۆڵەسە کە بەنداوێکی نەتەوەییە ناکەیین، بەڵام مافی دانیشتوانی ئاوڕێژگەیە کە وەزارت گوێ لە نیگەرانیەکانیان بگرێ، بە تایبەت بۆ ئەو بەنداوانەی کە لە بەشی سەر بە شاری خانێ هەڵکەوتوون، لەدەستی توێژینەوە دان و یا ئەوانەی بۆ ڕاگواستنی ئاون. بۆ وێنە لە هەمبەر پرسی ڕاگواستنی ئاوی زێ بۆ گۆلی ورمێ ڕەچاوی چەند خاڵ زۆر گرنگە. یەکەمیان دیارە بە پێی یاسا وەزارەت، دەسەڵاتی تەواوی لەسەر ئاو هەیە بەڵام بۆ ئەوەی کە پرۆژەکانی ئەو بوارە سەرکەوتوو بن هەروەک باسکرا دەبێ ڕەچاوی بۆچون و بەرژەوەندی خەڵکی ئاورێژگە بکرێ؛ دووهەم پێدەچێ دەریاچەکان تەمەنیان کورت بێ، کە واتە بەشێکی سەرکی سیاسەتی وڵات دەبێ بۆ بەڕیوەبردن (مودیریت)ی گۆلەکان تەرخان بکرێ تا بە هۆی قەیران و ئیشک بوونیان لە داهاتوو، کەمترین زیان لە سەر ناوچە بەجێ بێڵن؛ سێهەم دەبێ پێش بە چاوچنۆکی خەڵک و دەمەزراوەکان بگرێ لەبەکار هێنانی ڕادەبەدەری ئاو بۆ کشت و کاڵ یا پیشە. چ پێویستیەک (ضرورت) هەیە کاتێک ناوچەیەک لە بێ­ئاوی دایە و داتاکان نیشانی داوە کە لە داهاتوو ئەم قەیرانە زیاتریش دەبێ، ڕێگە بە چاندنی چەوەندەر، پیواز یا شوتی بدرێ کە بە ڕادەیەکی زۆر ئاویان دەوێ لە کاتێکدا دانەوێڵەیەکی نائیستراتژیکن یا پێشەی ئاو هەڵگر لەو ناوچە بێ ئاوانە دابمەزرێ، ئەوە لە حاڵێکدا ناوچەیەکی دەوڵەمەندی وەک خانێ لە زۆر بوارە سەرچاوە سروشتیەکان، پشتگوێ دەخرێ ئەوەش دەبێتە زۆر بوونی تێچوو و خەرجیەکان لە سەر شانی وڵات؛ چوارەم دەبێ ئەوەشمان لە بەر چاو ون نەبێ کە بەشێک لە بەرپرسیاریەتی دۆخی ئێستای گۆلی ورمێ دەکەوێتە سەر ئەم وەزارەتە کە بێ بەرنامە لە کاتی خۆی ڕێگەی بە دروست کردنی بەنداو و چاڵاوی زۆر لە سەر رووبار و دەشتەکانی ئەم گۆلەداوە، وڵام­ نەدانەوەی وەزارەت ئەم پرسیارە سەرەکییە دەورووژێنێ کە ئەوە هاتو سبەی ئاوڕێژگەی زێ تووشی ئەم قەیرانە بویەوە وڵامی ئەو وزارەتە چۆن دەبێ؟؟! ئەمجارە کام ئاو بۆ ئاوڕێژگەی زێ رادەگوێزرێ؟!! بۆیە دەبێ بێینە سەر ئەم بیر و بۆچونە کە پێش لێدانی بەنداو و ڕاگواستنی ئاو، ئەرکی سەرکی و بنەڕەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەهامەتیەکانی بێ ئاوی تەنیا بریتیە لە ”فەرهەنگ­سازی بە کارهێنانی ئاو” و ” حوکمرانی باشی ئاو”، بەو مانایەی کە لە سیاسەتی ئاو پێویستە لە کن حکومەت، خەڵک، ڕێکخراوەکانی مەدەنی و کەرتی تایبەتیش بەشدار بن.

لە کۆتاییدا بۆ داهاتووی ئاوڕێژگەی زێ پێموایە ئەم خاڵانە دەبێ بخرێنە پێش تا ئاسەوارە خەراپەکانی ئێستا و داهاتوو کە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، بە ڕادەیەکی زۆر کەم ببنەوە و لە کاریگەر بکەون؛

 یەکەم؛ ئاوی ڕووباری زێ مافی خەڵکی ئاوڕێژگەی خانێ و سەردەشتە. گرنگی­دان و لەبەرچاوگرتنی بوارەکانی جۆراوجۆری ناوچە(مرۆیی، ژینگەیی، ئابوری…) لە سەروی هەموو شتێکە و هەر ڕاگواستنێک دەبێ بە لە بەرچاو گرتنی ئەم خاڵە بێ.

دووهەم؛ خەڵک و بەتایبەت بەرپرسان و لە هەموویان گرنگتر نوێنەری ناوچەکە لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی، بەرپرسانی باڵا لەو کارەساتەی کە بە سەر زێ هاتوە و لە داهاتوودا دێت تێبگەیەنن و لە ئاکامە خراپەکانی گوشاری زیاتر وەکوو لێدانی بەنداوی زیاتر لە ئاوڕێژگەی زێ ئاگاداریان بکەنەوە.

سێهەم؛ بە هۆی یەک سیستم بوون و گرێدراوی یەک بوونی ئاوڕێژگەی زێی ئێران و عێراق، سروشتییە کە هەر قەیران یا کەموکوریەک لە بەشێکیان بۆ ئەوەی­تریش پەرە دەستێنێ. کەواتە پێویستە ئاو بە ڕادەی پێویست بەردرێتەوە بۆ عێراق تا ژیان گەشتر لە جاران لەوێ بەردەوام بێ و بەم شێوەیە پێوەندییەکان چروپڕتر دەبێت و ئاشتەوایی و ئارامی جێگیر دەبێ، بەم کارەش ناوچەکە لە ئاسەواری خەراپی ژینگەیی وەکوو ئیشکەساڵی و توز و خۆڵی ژینگە کە بە هۆی باکانی ڕۆژئاوا بەرەو ڕۆژهەڵات و لە ئاکامی ئیشک بوونی ژینگەی کوردستانی عێراقەوە دێت، دەپارێزرێ.

چوارەم؛ دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵە هەستیارە بکرێ کە ئاوی زێ بڕیارە بۆ گۆلی ورمێ (کە ئەگەر ئەوە ڕاست بێ مانای ئەوەیە کە کارەساتێکی دیکە بە دەستی خۆمان ڕوو دەدا ئەویش سوێر کردنی ئاوی شیرینە) بەردرێتەوە نەک بۆ ناوچەی کشتوکاڵی، نابێ هیچ شیوازێک لە خاوەنداریەتی ئاو بۆ گۆلی ورمێ و ناوچەکە دیاری بکرێ لە حاڵێکدا هێشتا فەرهەنگی بە کار هێنانی ئاو و بەرنامەی زانستی بۆ کەلک وەرگرتن لە ئاو بوونی نییە، وردی ئەم باسە لە کاتی قەیرانی ئاو یا ئیشکەساڵی خۆی نیشان دەدا.

پێنجەم؛ کارەساتی گۆلی ورمی بە ڕاگواستنی ئاوی ڕووباری زێ یا ئەرەس و هتد چارەسەر ناکرێ بەلکوو قەیرانەکە هێندەی دیکەش قوڵتر دەبێ و ئاوی شیرین سوێر دەکرێ. هەر وەکوو باس کرا فەرهەنگ­سازی چونیەتی بەکار هێنانی ئاو و ڕیگە گرتنی لە کشتو کاڵێ ناپێویست لە پاڵ حوکمرانی باشی ئاو کلیلی سەرەکی پرس و گرفتی ئاوە.

ڕووباری زێ