کورد و ناوچە ؛ مێژوو و سیاسەت احمد غمپرور کرد و منطقه

کوردستان و کورد لە نێوان بەرداشی عەقڵییەتی عەڕەبی و تورکی

کوردستان و کورد لە نێوان بەرداشی عەقڵییەتی عەڕەبی و تورکی

دوکتۆر ئەحمەد غەمپەروەر دوکتورا جوغڕافیای سیاسی

وتەیەکی بە نرخی کوردی هەیە کە دەڵێ: ”گیا لە سەر پنجی خۆی شین دەبێ.” ئەم وتەیە خاوەن قوڵایەکی فەلسەفی زۆرە لە چوارچێوەی فەلسەفەی هێگێلدا کە تێدەکۆشین لە درێژەی باسەکەدا زیاتر شی بکەێنەوە. هەروەک ئاشکرایە جوگرافیای کوردستان، جوگرافیایەکی ”تایبەت”ە. تایبەتی ئەم جوگرافیایە لە هەڵکەوتەکەی دایە. هەڵکەوتی جوگرافیای کوردستان، مکۆی پێکگەیشتن ”هێزەکانە” و ئێستاشی لە گەڵ بێ کوردستان بەدەست ئەم هێزانە گیرۆدەیە، هەر بۆیە دەبێ پێداگیرێەکی زۆر لە سەر هێزی ”هوشیاری” بکرێت هەر وەک چۆن فەلسەفەی هێگێل ئەم کارە بە بنەمای خۆی دادەنێت. هوشیاری بریتیە لە پرسیاری بەردەوام و پێشخستنی دۆخی فیکری بە ئاقاری نزێک بوونەوە لە عەقڵانی­بوون. کەواتە پرسیاری بەردەوام بەو شێوازەی باسکرا دەگات بە تێئۆری، تێئۆریش خۆی لە دروست کردنی کۆمەڵگایەک کە خۆشەویستی بۆ بیر هەیە، دەبینێتەوە. لە فەلسەفەی هێگێلدا کە فەلسەفەیەکی ئیدەئالیست/رئالیستە، ئەوپەری فەلسەفە خۆی لە فێنۆمۆلۆژی روح دەنوێنێ بەو واتایە کە ئەوەی لە مێشکدایە خۆی لە واقعییەت نیشان دەدات. ئەمەش بە مانای ”گیا لە سەر پنجی خۆی شین دەبێیە.” بەو مانایە کە ئەوەی لە زەین دایە لە ژیان و لێرەدا لە ”هەڵسوکەوتی سیاسی” خۆی نیشان دەدات. کەواتە هەڵسوکەوتی سیاسی وڵاتەکان ئاماژەیەکە بۆ ئاستی عەقڵیەتی ئەوان.

لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی لە لایەن دوڵەتانی عەڕەبی و تورکی لە ماوەی ڕابردوو بەسەر کوردستان هاتووە و دێت دەتوانین بەو شێوە شرۆڤەی بۆ بکەین؛ دەوڵەتانی عەڕەبی و تورکی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو و تا ئێستاش هەموو توانای خۆیان بۆ دامەزراندنی ”دەوڵەتی نەتەوەیی” خستۆتە گەڕ، ئەو دەوڵەتەی کە بناخەی لە سەر ”یەک نەتەوەی” تورک یا عەڕەبە. بێ گومان لەم کانتێکستەدا جێگای ”ئەوان” کە بێگانەن نابێتەوە، بەڵکوو تەنیا ”ئێمە” بایەخی پێدەدرێ و خاوەن ”بوونە”. هەرچی ئەوانن دەبێ بێنە سەر کلتور و نەریتی ”ئێمە”ی تورک و عەڕەب و بەهاکانی ئەم دوو نەتەوەیە دەبن بە بنەمای ژیان. بەڵام ئەوەی جێی سرنج و داخە بە گاڵتەگرتنی بەهاکانی ”ئایینی ئیسلام” بۆ ئامانجە ئیدئۆلۆژی و سیاسیە کاتیەکانە. عەقڵییەتی عەڕەبی لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی زایینی لە ژێر ناوی سورەی ”ئەنفاڵ” ١٨٠ هەزار کوردی لە عێڕاق بێ سەر و شوێن کرد، هەروەها زیاتر لە ۴٠ هەزار گوندی خاپوور کرد. عەقڵییەتی تورکیش ئێستاکە لە ژێر ناوی سورەی ”تین” خەریک بە قەتڵ و عامی خەڵکی سڤیلە لە عەفرین. ئەم دوو کردەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە و هەردووکیان پەردە لە سەر یەک مەسەلەی بنەمایی لادەدەن ئەویش ”ئاستی عەقڵییەتی ئەم دوو نەتەوەیە”. هەروەک لە دێڕی یەکەم باسکرا ” گیا لە سەر پنجی خۆی شین دەبێ.” ئەوەی لە زەینی بریاردەری سیاسی تورک و عەڕەبدایە لە مەیدانی واقع خۆی نیشان دەدات. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە توانای عەقڵی ئەم دوو کۆمەڵگایە هەر ئەوەندەیە کە مەسەلەی کورد تەنیا بە ”لۆژیکی چەک” چارە بکەن و لە هەمبەر داهێنانی و گرتنە بەری ”لۆژیکی دیالۆگ” بۆ چارەکردنی مەسەلەی کورد داماون و هوشیاری و عەقڵیەتی ئەو دوو کۆمەڵگایە مەودایەکی درێژ دەبێ ببڕێ تا دەگات بە لۆژیکی دیالۆگ. بە واتایەکی­تر عەقڵیەتی تورکی و عەڕەبی لە خانەی ”جەدەلن” و تا خانەی ”دیالۆگ” عومرێک ڕێگایە کە دەبێ بیپێون. دەرەنجامی ئەو باسە پێمان دەڵێ کە تا ئەو کۆمەڵگایانە نەگەن بە ئاستی فیکری دیالۆگ هومێدوار بوون بە ڕووبەروو بوونەوەی ئاشتیانەی پرسی کورد شتێکە تەنیا دەچێتە خانەی ”خەیاڵ”.

برای اشتراک این مطلب در تلگرام کلیک کنید
http://piranshahrrudaw.ir/?p=2886


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

3 × 5 =