ئاوێتەیەک لە ئاوەز و مێژوو، وانەیەک بۆ وشیاری وەچەی داهاتوو
هێگێل فیلسووفی بەناوبانگی ئاڵمانی لەپێناسەیەکی نوێ بۆ مێژوو، پێیوایە ئاوەز بەسەر جیهاندا حاکمە و هەر بەوپێیەی حاکمییەتی ئاوەز دەبێ مێژووش بگرێتەوە، بۆیە ناکرێ هیچ شتێک لەمێژوودا بەهەڵکەوت ڕوویدابێ.
ئێمە کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە لەو بڕگە زەمەنییەدا چاومان بە تۆزوخۆڵی سمی ئەسپان و شیری ڕووت وفڕکەی خوێن و شاری وێران و ئاوایی سووتاو و کەلاکەکانی بۆگەن و کرمەڕێز، دەکەوێ و گوێمان دەزرینگێتەوە بە هەوهەوی سواران و نەعرەتەی شێرانەی مێرانی نێو چەپەر و قرمەی شێستتیر و هاڕەی تەیارە و ویزەی گوللەو ناڵەی قارەمانانی ژێر ئەشکەنجەی ناو سیاچاڵەکان و نیوەنووزەی مناڵانی قاتی لێدراو و نەعرەتەی فیداکارانی بەردەم سێدارەو لایەلایە و چەمەری دایکانی جەرگ سووتاو! زایەڵەی گشت ئەو ناڵە و هاوار و نەعرەتانە لە دڵی مێژوودا دەبیسینەوە و پەرێزی هزری ئێستامان ڕەنگینتر دەکا. بۆیە خوێنەری کارای کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی” زۆر بەخێرایی هەست بە باندۆڕی جۆغرافیا بەسەر مێژوودا دەکا و دەزانێ هەڵکەوتەی ئەو
وڵاتە سازگار و خاکە پڕپیت و بەرەکەت و شوێنە ئیستراتژیکە لەناوچە، بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر چاوی تەماعی تێببڕن و لەزۆربڕگەی زەمانیدا بیکەن بە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان. لەو بڕگەدیارەی مێژوودا داگیرکەرانی تورکی عوسمانی بە تۆقاندنی سەرۆک عەشیرە کوردەکان و دەسکیسیی بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی ئایینی، جەماوەری کوردستان دەخرۆشێنن و بۆخەزا بەدژی دەوڵەتی حرووس ئامادەیان دەکەن و دەیانکەن بە کەوا سووری پێشلەشکری عوسمانی و لە کاتی شکست و تەنگانەشدا پشتیان تێدەکەن و بەشاخ و داخی نیشتمانیان دەسپێرن.
ئاوەزی بەدوور لە ئەخلاقی داگیرکەران، بەرژەوەندییان لەو هەلە ناسکەدا دابین دەکا و کورد دەشەڕێکەوە دەگلێنن کە جیا لە قاتی و قوڕی و وێرانی و کاولکاری نیشتمان، چ دەستکەوتێکیان نابێ. ئێمە دە ڕەوتی مێژوودا گەلێکجار چاومان بە زۆر جەنایەت و کارەسات دەکەوێ کە داگیرکەران و دەستەڵاتداران بۆ دەستەبەرکردنی دەستەڵات و مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی و ڕەوگیرکردنی خاک کردوویانە و زۆرجار ڕیوایەتی ئەو بڕگە زەمەنییەمان لە زمانی چەند کەسێکەوە بیستووە کە بەهۆی نەبوونی سەرچاوە، تێکەڵ بەخەیال کراون و لە ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆماندا کەڵکیان لێوەرگیراوە کە بەداخەوە خزمەتێکی ئەوتۆ بە زانیاریی مێژوویی و وشیاری نەتەوەیی ناکا بەڵام نووسەری کتێبی” کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی” لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو ڕووداوە مێژوویییە کردووە و کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو کتێبەکەیدا هێناوە کە تا ئەوڕۆکە لە هیچ کتێبێکی مێژووییدا باسیان لێوە نەکراوە.
خاڵێکی جێگای سەرنجی دیکەی ئەو کتێبە، کەڵکوەرگرتن لە دوو بەیتی تایبەت (ئەرکان و خەلیلپاشا)یە و هەر وەها کەڵک وەرگرتن لە فایلی دەنگیی (باپیراغای قادری)یە کە بەشێک لەمێژوومان بۆ وەدەنگ دێنێ کە خوێنەری کارا دەتوانێ زانیارییەکی زۆریان لێهەلێنجێ و خزمەتێکی زۆر بە وشیاریی نەتەوەیی بکات.
بەگشتی ئەو کتێبە وتەکەی هێگێلمان بۆ سوور دەکاتەوە کە ڕووحی حاکم بەسەر هەر نەتەوەیەک، لە ڕەهەندەکانی مێژوودا بیچم دەگرێ، واتە ڕووحی حاکم لەسەر هەر نەتەوەیەک ئەو زانیاری و وشیارییەیە کە نەتەوەیەک سەبارەت بەخۆی دەستەبەری دەکات بەجۆرێک کە
ئێمە بە زانیاری مێژوویی و وشیاریی نەتەوەیی هەنگاو بۆ فامکردنی کێشەو گرفتەکان هەڵبێنینەوە و چارەسەری پرسەکان بکەین و بەچاوانی کراوەوە و ڕوانینێکی وردبینانە، مێژوو بۆ نەوەی داهاتوو بنووسینەوە و لاپەڕەکانیشی وابنەخشێنین کەکاتێک نەوەکانی داهاتوو لاپەڕەکانی هەڵدەدەنەوە شەرم نەمانگرێ و بزەی ڕەزایەت لەسەر لێویان بنەخشێ و غروورێکی کوردانە دە دەماریاندا بمەیێ و ڕووحیەی فیداکاری و لەخۆبردوویی لێفێر بن و ئاوێتەی هزریان بێ و دە لەشیاندا بگەڕێ و ئەوانیش ببن بە ئۆلگوویەک بۆ نەوەکان و وەچەکانی دوای خۆیان.
ارسال دیدگاه
مجموع دیدگاهها : 0در انتظار بررسی : 0انتشار یافته : 0