لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە­بووندا (بەشی سێهەم)

      لە درێژەی زنجیرە باسی ژینگەپارێزی ئەمجارە ئاماژە دەکرێت بۆ لایەنی گژوگیا لە ناوچەی بەری مێرگان. بۆ ڕووناکی خستنی زیاتر، تەوەرەکە بۆ سەر دوو بەشی ”گژوگیا” و ”پنجە گیاکان” دابەش دەکرێت. بەڵام پێش چوونە ناو باسەکە پێویستە پوختەیەکی هەرچەند کورت لە سەر گرنگی ”خاک”، ”گژوگیا” و ”ژیان” باس بکرێت. خاک، بۆ پەل هاویشتنی […]

 

 

 

لە درێژەی زنجیرە باسی ژینگەپارێزی ئەمجارە ئاماژە دەکرێت بۆ لایەنی گژوگیا لە ناوچەی بەری مێرگان. بۆ ڕووناکی خستنی زیاتر، تەوەرەکە بۆ سەر دوو بەشی ”گژوگیا” و ”پنجە گیاکان” دابەش دەکرێت. بەڵام پێش چوونە ناو باسەکە پێویستە پوختەیەکی هەرچەند کورت لە سەر گرنگی ”خاک”، ”گژوگیا” و ”ژیان” باس بکرێت.

خاک، بۆ پەل هاویشتنی گژو گیا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بێ خاک ناکرێ باسێک لە گژوگیا بکرێت. گرنگی خاک بەرادەیەکە  دەکرێ بڵێین ئەلف­وبێی ژیانە و ژیان و چەند و چۆنیەتی بە خاکەوە گرێدراوە. خاک پێکهاتەیەکە لە پێنج ماددەی ئۆرگانیک، مینێرال، گاز، شیلاو و ئەو ئۆرگانیزمانە[۱]ی کە پێکەوە پشتیوانی ژیان دەکەن و ژیان دەرەخسێنن. جەستەی هەرد خاکە کە پێدۆسفێری پێدەڵێن و چوار دەوری گرنگی لە ئەستۆیەتی: ١)وەکوو ناوبژیوانێک بۆ گەشەی گژوگیا ٢)وەکوو ناوبژیوانێک بۆ پاشەکەوت، دابین و پاقژ کردنی ئاو ٣)وەکوو ڕێک و هاوسەنگ کردنی ئەتمۆسفیری زەوی ۴) وەکوو ژینگەیەک بۆ ئۆرگانیزمەکان[۲]. هەمووی ئەو ڕۆلانە لە جێی خۆیاندا دەبنە هۆی باشترکردنی خاک و تایبەتمەندییەکانی.

دیارە یەکێک لە ڕۆڵەکانی خاک ناوبژیوانییە بۆ گژوگیا. هێشتا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ڕۆلی گژوگیا چیە؟ ئاشکرایە ژیان بەو جۆرەی کە ئێمە لێی تێدەگەیین بێ گژوگیا مەیسەر نابێ و نارەخسێ چوونکە: ١)گژوگیا کەموزۆر بۆ گشت ئۆرگانیزمەکانی زەوی لە ناویانیشدا مرۆڤ خواردن ئامادە دەکەن. ئێمە یا گژوگیا یا خود ئەو ئۆرگانیزمانەی کە گژوگیا دەخۆن، دەخۆیین. ٢)گژوگیا ئەتمۆسفێر دەپارێزن. ئەوان لە گەڵ فۆتۆسەنتێزدا ئۆکسیژێن بەرهەم دێنن و کەربۆن دی ئۆکسید وەردەگرن. هەروەها پارێزگاری دەکەن لە لایەی ئۆزۆن کە ژیان لە سەر گۆی زەوی لە هەمبەر تیشکی سەروو وەنەوش دەپاڕێزێت. ٣)گژوگیا لە چەرخەی بیۆژئۆکیمیاویدا ماددەکان مردەوەژی[۳] دەکەن. بۆ نموونە، بە هۆی ئارەق کردن، گژوگیاکان ڕێژەیەکی بەرچاو ئاو لە زەوی بۆ ئەتۆمسفێر دەگوازنەوە. گژوگیای وەکوو نۆک خانەخوێی ئەو باکتریانەن کە نیترۆژێن نەگۆر و یەکدەست ڕادەگرن. ۴)گژوگیا بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ کەڵکی مرۆڤ وەکوو دەوا، قەڵاشکاری و چیلکە، ڕەنگ، دەرمانی دژە پەتا، ڕۆن، جیر، دار بۆ خانوو و… دابین دەکەن. ۵)لە کۆتاییدا گژوگیا مەڵبەندی زۆرێک لە بوونەوەرەکانن و خواردن و سەرپەنایان بۆ دابین دەکەن[۴]. کەواتە ئێمە ناتوانین بێ گژوگیا بژین.

هێشتا کە دوو ڕەهەند لە سێکوچکەی ئاماژەپێدراو ڕوونکرایەوە دەبێ بزانین ژیان چییە و بە چ واتایەکە؟ سەرەرای داتای جۆراوجۆر لە پسپۆڕییەکانی بایۆلۆژیکال (ئێکۆلۆژی، بایۆلۆژئ مۆلکولی، بیۆکیمیایی و هتد) ڕێککەوتنی گشتی لەسەر مانای ژیان چێ نەبووە[۵]. بەڵام دەکرێ ئێمە لەسەر پێناسە ژیان بەو مانایە ڕێکبکەوین:” ڕەوشێک کە ئۆرگانیزمەکان لە شتی نائۆرگانیک و ئۆرگانیزمی مردوو جیادەکاتەوە، و بە گەشە لە ڕێگای مێتابۆلیسم، زاووزێ و هێزی گونجان لە گەڵ دەورووبەر لە ڕێگای ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە ناوەوە پێکدێن، ئاشکرا دەبێت[۶]“.

هەروەکوو ئاشکرایە بەستێنی پێویست بۆ دەوامەدان بە ژیان لە دڵی خاک و گژوگیاوە مەیسەر دەبێت. هەڵبەت ئاشکرایە دەوڵەمەندی خاک و بەرگرتنی گژوگیا و ڕەخسانی ژیان پێویستی بە ئاوی پاراو و شیرن، گەرما و… هەیە. بەڵام هێشتا بزانین هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە ناوچەی بەری مێرگان لەو بوارەدا چۆن بووە.

بەشی یەک: ئەو گژوگیایانەی کە بۆ خواردنی مرۆڤ کەڵکی لێوەردەگیرێت؛ توێژینەوەکان ئەویان دەرخستووە کە مرۆڤ لە دەسپێکی ژیانەوە لە کن خواردنی گۆشت بە خواردنی گژوگیا پێویستی ڕۆژانەی دابین و خۆی لە برسییەتی دەرباز کردووە. بەڵام پێدەچێ ئەم ڕەفتارە ئاوێتەی جۆرێک لە ڕێز و لەبەرچاو گرتن بێت. ئەم ڕوانگەیە لەناوچەی بەری مێرگانیش داو دەداتە دەست. تا پێش ئەوەی شاڵاوی بێ سنووری کردنی گژوگیا بە مەبەستی فرۆشتن بۆ گوزەرانی ژیان سەر بکاتە دەشت و چیاکانی ناوچە، ئەوە درووشمی چینی بەساڵاچوو؛ “کە کەنگرت کرد گڵەکەی پێدادەوە، چووی بۆ ڕێواس لە ڕەگەوە هەڵی ناقەنی و…” بەڵام هێشتاکە ئەم وتە ژینگە پارێزانە بایەخی خۆیان لە دەست داوە و دەشت و چیاکانی ئێمە بێ کەنگر، ڕێواس، کارگ، لوشە، پنگە و… بوونە، مخابن ئەو گژوگیایە کە وردەوردە تۆرەمەیان لە ناوچە دەسرێتەوە چەندە زەرەری گەورە توشی ئێستا و داهاتووی ناوچە دەکەن. بەڵام چ شتێک ئێمەی لە هەڵسووکەوتی پاقژ هەڵگەراند و تووشی جۆرێک بێروحمی لە گەڵ ژینگە کرد؟ پێدەچی کۆمەڵێک هۆ باندۆریان هەبێت: ١) لایەنی ئابووری؛ ئێستاکە لایەنی ئابووری گوشارێکی لە ڕادەبەدەر خستۆتە سەر کۆمەڵگا. زوو لە کوردەواری بەو وەرزەیان دەکوت ”مانگی قون هەڵکرێنە”. دیارە زوو واتای خۆی هەبوو، خەڵک زۆر بە دەگمەن گژوگیایان بۆ فرۆشتن دەکرد و زیاتر پێویستی ڕۆژانەی خۆیانیان پێ­دابین دەکرد بەڵام ئێستا گژوگیا ڕەهەندێکی گرنگی ئابووری بە خۆوە گرتووە و بەشێکی بەرچاو لە گوشاری ئابووری سەر کۆمەڵگا کەم دەکاتەوە. ٢) لایەنی تێکنۆلۆژیا؛ ئامێری ساردکەرەوە هەرچەند خزمەتی خوشگوزەرانی خەڵکی کردووە و زستانی سارد سەر کەوڵەکانی کردووە بە بەهاری دەسرەنگین بەڵام لە ڕەفتاری نامۆی خەڵک دژ بە ژینگە بێ کاریگەر نەبووە. ٣) لایەنی ساغڵەمی؛ بە هۆی مۆدێرنیتە کە بەداخەوە زیاتری لە تەکووز و کارگێری ژیان بێسەروبەری بە ئێمە گەیشتووە، کۆمەڵگا تووشی دوونیایەک نەخۆشی نامۆ بووە کە ڕەچەتەی دکتۆر و بیری تاک و کۆمەڵگا ڕیشەیان لە دوور بوونەوە لە سرووشت و خواردەمەنی ناسروشتی دیوەتەوە. ۴)زۆربوونی حەشیمەت؛ لە چەند دەیەی ڕابردوو بە هۆی پێشکەوتنی لایەنی ساغڵەمی و ڕیشەکێش کردنی زۆرێک لە نەخۆشیەکان و زیاد بوونی سرووشتی حەشیمەت لە کن دەوڵەمەندی ناوچە لە بواری ئابووری کە خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی دەورووبەر سەری کردە ناوچەکە، دەرهاویشتەکەی تێکچوونی هاوسەنگی و گۆشاری زیاتر خستنە سەر ژینگە بوو. ۵) لاوازی یا خود نەبوونی کلتووری مامەڵە لە گەڵ ژینگە؛ بێ سێ­ودوو دەکرێ لە ڕێگای داڕشتنی کلتووری ژینگەپارێزی حەوجێ و پێویستیەکانی ژیان دابین و پارێزگاری لە ژینگەش بکرێ بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت سرووشت بە چەشنێک کاڵایەکی گشتییەو سەرەرای ئەوە کە ڕێڤەبەری زۆر ئەستەمە، کەسانێکیش دەیان هەوێ بێ ئەوەی کە دراوێکی بۆ بدەن زۆرترین کەڵکیشی لێوەرگرن.

بەشی دووهەم: پنجەگیاکان بە تایبەت “گوێنی”؛ مەبەست لە ئاماژە و هێنانە باسی پنجەگیای گوێنی، وەدەستدانی دۆکیۆمێنتی زیاترە لە سەر ئەو گریمانەیە کە “هزری خۆماڵی ئاوێتەیە بە چەشنێک ژینگەپارێزی”. هەر وەکوو لە بەشی دوو ئاماژەی پێدرا تا ئەو کاتەی فاکتەری دەرەکی نەهاتە نێو ژینگەی بەری مێرگان مامەڵە لە گەڵ ماسی ئاوێتەی چەشنێک ژینگە پارێزی بوو. لە بەشی گژوگیاش دەکرێ ئەو گریمانەیە دووپات بێتەوە. بەڵام لە ئاست پنجە گیای گوێنی ئەوە زیاتر زەق دەبێتەوە.

ئاشکرایە گوێنی یەکێک لەو ڕووەکانەیە کە لە پاراستنی ژینگە ڕۆڵی باش دەگێرێت. بەڵام گوێنی بە هۆی جەویەکەی کە پێیدەڵێن “کەتیرە” سەردەمانێک تووشی نەهامەتی هات. زەمانی زوو لە لە ناوچەکانی­تر واتا برایانی فارس و تورکمان کوێستانەکانیان لە ئاغاکانی ناوچە بە ئیجارە وەردەگرت و لە دەسپێکی هاوین تا پاییز ”کەتیرەیان لێدەدا”. بۆ ئەم مەبەستە ڕەشەگوێنی پێویست بوو کە لە ناوچەی بەری مێرگان بە زۆری دێتە بەرچاو. دیارە لەبواری تۆپۆگرافیشەوە تیشە باسکەکانی وەکوو “کانی ئەسپان”، “ملە ئەشکەوتە”، “پشتی دووبران”، “ڕەژی برە” و… کە نەدەبوایە مێگەلیشی سەر بکاتێ جێی مەبەست بوون و کەتیرەیان لێ بەرهەم دەهات. دوای ئەو قۆناغە ئەمجارە هەندێک لە خەڵکی سەردەشت سەریان کردە کوێستانەکانی ناوچەی بەری مێرگان بە تایبەت کەوپەر، ترکەش و ئاوخواردە و لە کوێستانەکانی خەمڵیوە بە گوێنی گیرسانەوە و کەتیرەیان دەکرد. دیارە پاش ڕەعامەل هاتنی کەتیرە ئەو جۆرەی نووسەری فەرانسی ژان دمورگان باسی لێوەدەکات بۆ سابڵاغ بار دەکرا و لەوێندەریش دەگوازرایەوە بۆ ڕووسییە. ئەو جۆرەی باسی لیوەدەکرێت مامەڵەی ئەو خەڵکە بەڕادەیەک بوو کە تۆرەمەی گوێنی تووشی هەرەشە کردبوو. هەڵبەت دەقی سەرەوە بۆ نزێک بوونەوە لە گریمانەی باسکراوە دەنا دەبێ بۆ شاڵ­بوون و نەمانی کوێستانەکان لە گوێنی هەندێک هۆی تریش ڕیز بکرێت: ١) مامەڵەی شوانەکان کە لە هاوێن یا خود سەردەمی پاییز گوێنیان دەسووتاند تا کو بە قسەی خۆیا کادێنی کوێستان ڕووی خۆی زیاتر دەرخات و پاییز مەرەکەیان بێ تفاق نەمێنن. ٢) وەرزێرەکانیش هەندێک شوێنی کوێستانیان کە ڕاوندتر و دەوڵەمەند بە گژوگیای خۆش تام بە دمی پەزەکانیانەوە بوو لە گوێنی خاوێن دەکردەوە. ٣) بێگومان ناکرێ باس لە کەڵکی گوێنی بۆ ئاورودۆش نەکرێ کە ئەویش بێ کاریگەر نەبووە. بەڵام لە کۆتاییدا هیچ یەک لەو سێ بەشەی ئاماژە پێدراو بە بارتەقای ڕەهەندی دەرەکی لە شاڵ و نەمانی گوێنی لە کوێستان خاوەن کاریگەر نەبووە.

لە کۆتاییدا: درووست مامەڵە کردن لە گەڵ ژینگە ڕێگە چارەی سەرەکییە. بە واتایەکی­تر دەبێ کار لە سەر کلتوور مامەڵەی تەندروست لە گەڵ ژینگە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ بە شێوەی زانستی هەموو ڕووەکانی ئاکامی جۆڵانەوەی خەراپ لە گەڵ ژینگە بە تایبەت مترسییەکانی شاڵ و بەتاڵ بوونی سامانی ژینگە بۆ ئێستا و داهاتوو بخرێتە ڕوو و وریابوونەوەیەکی بونیاتنەر لە کۆمەڵگا درووست بێت.

پێویستە ڕێز و سوپاسی تایبەت ئاراستەی بەڕێز دکتۆر محمەد پوردیان کەم کە بۆ ئێدیت و جوانتر خستنە ڕووی وتارەکە کاتی داناوە و یارمەتی داوم.

 

[۱] -https://www.nature.com/scitable/knowledge/library/what-are-soils-67647639/

[۲] – https://www.worldfuturecouncil.org/why-is-soil-so-important/

[۳] – مردەوەژی: ئەم وشەیە لە کوردەواریدا کاتی زوو کە خوری زۆر بەکار دەهات و زۆر دەگمەن دەبوو، کابانی کوردەواری گوریس، کەژوو، کوێن و هتد کە رزیو و خەراو ببون، خاویان دەکردەوە و سەر لە نوێ دەیان رێستەوە کە بەو پرۆسێسە دەیان کوت مردەوەژی. پێموابێ دەکرێ ئەم وشەیە لە جێگای “بازیافت” دابندرێت.

[۴] – https://flexbooks.ck12.org/cbook/ck-12-biology-flexbook-2.0/section/9.2/primary/lesson/importance-of-plants-bio

[۵] – Cortesão Marta (2015) What Is Life: Various Definitions Towards the Contemporary Astrobiology, p6

[۶] – https://www.dictionary.com/browse/life