لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە­بووندا ۲

    لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە­بووندا (بەشی دووهەم) د. ئەحمەد غەمپەروەر     ساڵانی زوو کە هێشتا ماسی بە ڕێژەی بەرچاو لە چەم و گۆلەکانی زێدا جموجۆڵیان دەکرد و تەنانەت ئەوەندە زۆر بوون وەرزێر لە کاتی ئاودێری کشت و کاڵ و وەختی کۆتایی ئاودان کە شێلەگەی دەگرتەوە ماسی بە مێرگ و چیمەن […]

 

 

لە نێوان ژینگە پارێزی و دژە ژینگە­بووندا (بەشی دووهەم)

د. ئەحمەد غەمپەروەر

 

 

ساڵانی زوو کە هێشتا ماسی بە ڕێژەی بەرچاو لە چەم و گۆلەکانی زێدا جموجۆڵیان دەکرد و تەنانەت ئەوەندە زۆر بوون وەرزێر لە کاتی ئاودێری کشت و کاڵ و وەختی کۆتایی ئاودان کە شێلەگەی دەگرتەوە ماسی بە مێرگ و چیمەن وەردەبوون، ئەو کات خەڵک بە دەگمەن دەچوونە ڕاوەماسی. بە ئاوڕدانەوەیێک لە ڕابردووی هەرێمی مەبەست، ئەم پرسیارە لای من ورووژا کە “گەلۆ پێوەندی کۆمەڵگای ئێمە واتا بەری مێرگان لە گەڵ ماسی چۆن بووە؟”. بیرم دێت لە دانیشتنێک لە گەڵ یەکێک لە بە ساڵاچوانی دێیەکەمان کەوپەڕ–کوێخا ژن (خوا لێی خۆش بێت)- وەکوو چاوەدێری ڕەوت و هەلومەرجی ڕۆژانی زوو لەو بوارەدا وتی: “کاتی هێرشی عروس (واتا ڕووسەکان) و مانەوەیان لە ناوچە ئەو کات کە برسییەتی تەنگی پێ‌هەڵچنیبوون، ماسیان ڕاو دەکرد و ئێمە تۆزێکمان پێ سەیر و نامۆ بوو، چونکە بە دەگمەن ماسی خۆر بووین و ئەویش ئەگەر بوایە تەنیا دەکەوتە تەزووی پاییز و زستان” ئەو گێرانەوەیە لە چەند گۆشە نیگایەوە دەکرێ شرۆڤەی بۆ بکرێت:

ئ) کۆمەڵگای ئەو کاتی ئێمە کۆمەڵگایەکی شوانکارەیی و تا ڕادەیەکیش کشت­وکاڵی بووە و ڕوون و ئاشکرایە هەوێنی خواردەمەنییەکان و بژیوی ژیان لەو دوو بەشە دابین دەکرا. ئاوڕدانەوەیەک بە چێشتەکانی (دۆڕۆن، ساوار، بڕوێش، گەنمەکوتاو، کەشکەک، تیسواو، قاورمە و…) ئەوەمان بە ڕوونی بۆ دەردەخات.

ب) لە بەردەست­دانەبوونی ئامرازی ڕاوە ماسی؛ دیارە وڵاتی ئێمە بە هۆی هەڵکەوتی جوگرافی لە زۆربەی بواران درەنگ‌تر ئامرازەکانی پێدەگەیشت و زیاتر کۆمەڵگا بۆ ڕاپەڕینی کاروبارەکانی خۆی داهێنانی دەکرد،ــ بەڵام بە هۆی ئەوەی کە بەشی ئابووری ماسی لە کۆمەڵگادا کەمتر بایەخی پێدەدرا هەر بۆیەش لەو بوارەدا کەمتر هەوڵی داهێنان دراوە.

پ) زاڵ بوونی چەشنێک لە ئەخلاقی سروشتی – ئایینی و ساغڵەمی کە خواردنی لە بەهار و هاوین پاوان دەکرد و هێشتاشی لەگەڵ بێت ئەو لایەنە لە لای مرۆڤی ئەو سەردەم پارێزراوە و داکۆکی لێدەکرێت. دیارە گەڕان بە شوێن ڕەگ و ڕیشەی ئەو ئەخلاقە کارێکی بنەماییە و دەبێ لێکۆڵینەوەی زانستی زیاتری لێبکرێت، بەڵام هێشتا ڕەوتی گۆڕان لە بەشی ڕاوەماسی لە داوێنی زێی بچووک و لە ناوچەی بەری مێرگان ئامانجی باسەو لە درێژەدا و بۆ دەرخستنی کاکڵی بابەتەکە ئاماژە بە کرۆنۆلۆژی(ڕەوتی زەمەن) ئاڵ و گۆڕی ئامێری ڕاوەماسی و هەڵێنجانی ڕەوتی گۆڕینی ئەخلاق لەو پانتا جوگرافییە دەکرێت:

١) سەردەمی ڕاو بە “تی ئێن تی”؛ مێژووی ڕاوە ماسی بەو ئامرازە بۆ سەردەمانی زوو دەگەرێتەوە کاتێک کە “میرزا مستەفا” ناوێک کە دەبێ خەڵکی نەغەدە بوبێت، بۆ ڕاوەماسی لە چۆمی زێ ساڵانە لە دەوڵەت مۆڵەتی وەردەگرێ. ناوبراو لە ئاخروئۆخری پاییز تا مانگی ڕەشەممە دەستی بە هەڵمەتی ڕاوە ماسی دەکرد بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک لە خەڵکی ناوچەی بە کرێ دەگرت. ئەو جۆرەی دەگێرنەوە ناوبراو تەنیا لوتکوری ڕاو دەکرد –ماسی قەبارە گەورە- و ماسیەکانی بچوکتریش کە لە گەڵ ڕاوەکە دەکوژران بە فیرۆ دەچوون.

٢) سەردەمی ڕاو بە “بۆمب – قوونبەلە”؛ کاولکاری هێرشی سەدام بۆ وڵاتەکەمان تەنیا بە شەهیدبوونی هاووڵاتیان کۆتایی پێنایەت. یەکێک لە ئاسەواری شەری سەدام ڕێژەیەکی زۆر بۆمب و قوونبەلەی نەتەقیو بوو، خەڵکی ناوچە بۆ لە کار خستنیان لە پێشدا دەیانتەقاندنەوە و لە دواییدا بۆ ڕاوی ماسی بەکاریان دەهێنان.

٣) سەردەمی ڕاو بە “کارەبا لە دوو بەشی ماتۆڕ و دووچەرخە”؛ کەم­تاکورتێک دوابەدوای ئەو دوو ئامێرە و بە هۆی هاتنەبازاری ماتۆر کە کارەبای بەرهەم دەهێنا کەسانێک ئەو ئامێرەیان وەکوو ئامێرێکی تازە بۆ ڕاوەماسی “دۆزیەوە” و بەو کارەیان گورزی کۆتاییان لە جەستەی چۆمی زێدا.

۴) سەردەمی ڕاو بە “دەرمان، تۆڕ و شەداو”: سەردەمی زوو کەسانێک هەبوون کە بە شەداو ماسیان ڕاو دەکرد بەڵام ڕاو بە ئامرازەکانی پێشوو ببۆ هۆی کەمی ماسی لە چۆمی زێ و هەر ئەوەش وای کرد کە هێدی هێدی ڕاوی شەداو باوتر بێت و زیاتر پەرە بستێنێ.

۵) سەردەمی ڕاو بە “قولاپ و ورکە تۆڕ”؛ ڕوون و ئاشکرایە ئەو چەشنە ڕاوە لە کۆتایی زنجیرەی ڕاو دێت کاتێک ماسی لە نێو چۆم دەگمەن بووە هەندێک بە مەبەستی خواردن و شایەدیش بۆ ڕابواردنی کاتیان ئەو چەشنە ڕاوەیان هەڵبژارد.

دیارە دوو ئامرازی “شەداو” و “قولاپ”؛ دەکرێ بە ئامرازی ژینگە پارێزیش پۆلێنبەندی بکرێن بەڵام کاتێک چۆمی زێ لە بواری سامانی ماسی لە دۆخی گیانەڵڵا دایە بێخ و بنیاتی ڕاو لەو چۆمە لە ژێر پرسیاردا دەبێت.

۶) سەردەمی پەرەپێدانی پەروەردەی ماسی لە “گۆلی دەسکرد”؛ بێ سێ­ودوو داهێنان و فەلسەفەی گۆلی دەسکرد ڕوانینی بازرگانییە بە نیسبەت ماسی بەڵام دەرهاویشتی ئەو کارە بە نیسبەت ماسی خۆماڵی واتا چۆمی زێ دابەزینی گوشار و ڕاو بووە.

ڕوون و ئاشکرایە لێرەدا کرۆنۆلۆژی بە مانا زانستییەکەی تۆزێک کاڵ­ترە و دەستەبەندییەکانیش زۆر جار دەخزێنە ناو یەکتر، بەڵام لە کۆتادا پۆلێن‌بەندییەکە هێڵی گشتی ڕەوتی گۆڕان وێنا دەکات. شرۆڤەی کرۆنۆلۆژی ڕەوتی گۆڕان نیشان دەدات کە:

 

بەشی ئامێر؛

ئ) جۆری ئامرازی ڕاوەماسی لە ”مەترسیدار” بەرەو “بێ‌مەترسی” ئاڵ و گۆڕی بەسەردا دێت، هۆکەشی دەکرێ بە “لە بەردەست­دا بوونی ئامرازی ڕاو” و “لە کەمی­دان یا خود مەرگی ماسی” بێتە هەژمار.

ب) خزینی ڕەهەندی “دەرەکی” بۆ ناو ژینگەی مەبەست فاکتەرێکی بەرچاوە. مەبەست ئەوەیە کە هەوڵدانی فکری ناوخۆیی بۆ داهێنانی ئامێری پەیوەست بە ڕاوەماسی لە “شەداو” خۆی دەدیتەوە و هەرچی ئامێری مەترسیدارن لە دەرەوەی ژینگەی بەری مێرگان هاوردەی کۆمەڵگا و هزری تاکەکانی بووە.

 

بەشی ئەخلاق؛

ئ) شکڵ نەگرتنی ئابووری پەیوەست بە ماسی بە پشت بەستن بە ماسی خۆماڵی: ئێستاشی لەگەڵ بێت لە کۆمەڵگای بەری مێرگان ئابوورییەک لە سەر بنەمای گۆشتی ماسی درووست نەبووە. دیارە دەکرێ زۆر هۆکار لە ئارا دابن، بەڵام چەشنێک لە ئەخلاق کە خۆی لە ناو جەرگەی کۆمەڵگا حاشار دابوو، ئەویش خواردنی گۆشتی ماسی بە وەرزی ساردی ساڵ دەبەستەوە؛ نەبوونی ئامێری ڕاگرتنی چۆنییەتی گۆشت واتا ساردکەرەوە؛ بە هێند وەرنەگرتنی خواردنی ماسی و… بەهێزترین ئەو هۆیانەن.

 

بەشی کارتێکەری لاوەکی؛

ئ) گۆڕانی کەش و هەوا: بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی لێژنەی نێونەتەوەیی گۆڕانی کەش­وهەوا (IPCC)، گۆڕانی کەش و هەوا بابەتێکی مسۆگەرە و گشت جیهان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێن کاریگەری ئەرێنی و لە هەندێکیان نەرێنی جێ‌دەهێڵێت. بە پشت بەستن بەو داتانە ناوچەی مەبەست دەکرێ تا ۵/۲ پلە گەرمتر بێت کە دیارە بە هۆی لێدانی بەنداوەکان ئەوە زیاتریش دەبێت و ڕێژەی ئاوی زێ کەمتر دەکات.

ب) دانەمەزرانی ئابوورییەکی بازرگانی لە بەشی کشت و کاڵ: بێ گومان بە بارتەقای ڕەهەندی سەرەوە دەبێ ئاماژە بە شکڵ­گرتنی ئابووری کشت و کاڵیش بکرێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ پیشەیی­تر و بازرگانی­تر دەبێت، دەرمانی زیاتر دەکار دەکات کە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوەڕۆکەی بەرەو زێ دێت و ئۆکسیژێنی ئاو کەمدەکات، قەوزە و خوریەجندە زۆر دەبێ و لە کۆتایی‌دا ڕێژەی ماسِی بەرەو کەم‌بوون دەچێ.

پ) گۆلی دەسکرد: وەگەڕخستنی یەکەمین پرۆژەی پەروەردەی ماسی لە بادین­ئاوەدا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە خاڵێکی گرنگ هەژمار دەکرێت. کاریگەری ئەو پرۆژەیە لە چەند بوار دایە:

١) ئابوورییەکی لە سەر بنەمای گۆشتی ماسی پەروەردە لە ناوچە درووست کرد. دوابەدوای ئەو پرۆژەیە پرۆژەی­تر لە لایەن کەرتی تایبەت چێ بوون و یارمەتی زیاتری ئەو بوارەیان‌دا.

٢) تەوژمی سەر ماسی ناو زێ بەرە بەرە ڕووی لە کەمیدا.

٣) گۆڕانی لە چێژی خەڵکدا درووست کرد. ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ ڕاوی ماسی‌یان دەکرد ئێستا لێ‌یان گوێبیس دەبی کە ماسی پەروەردە تام خۆشترە و هاوکات ماسی خۆماڵی زێ تام و چێژی جارانی نەماوە، هەڵبەت دەکرێ هەردووکیان ڕاست بن بەتایبەت هی دووهەم چونکە کاتێک “کەمی ئاو” لە گەڵ “زیاد بوونی چۆراوەی کشت و کاڵ ئاوێتە بە کوود و دەرمان” و “لێڵی ئاوی زێ لە هاویندا بە هۆی هاوردەی لیمی زەوی کشت­وکاڵ” تێکەڵ دەبێت، یەکەمین دەرهاویشتی ئەو سێکوچکەیە دەبێتە گۆڕینی تام و چێژی گۆشتی ماسی خۆماڵی زێ.

لە کۆتاییدا ئەو ئەنجامە دێتە دەست کە: چەشنێک لە ژینگە پارێزی لە ناو کۆمەڵگای بەری مێرگان بوونی هەیە بەڵام فراژووە و ئەگەرچی ئاوێتەیە بە چەشنێک لە بنەمای ئەخلاق، ئایین و ساغڵەمییە بەڵام ئەم بنەمایانە دەکرێ بڵێین توێیەکی ناسکن و هزری تاک و کۆمەڵگایان بە پێی پێویست پێ دەوڵەمند و پڕچەک نەکراوە هەر بۆیەش لە بەردەم خولیا و کەڵکەڵە بوونی ١) ئارەزوو و سەودای خواردنی گۆشتی بە چێژی ماسی و ٢) چاوچنۆکی ئابووری، لێڵ و ون دەبن. کەواتە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاکامی باش و نەگۆر و هەروەها ژینگەپارێزیەکی بونیاتنراو لە سەر پێگەو ئەساسی زانست و بنەماکانی ئاماژەپێکراو دەبێ ئەم بابەتە لە گۆشەنیگاو ڕەهەندی جۆراوجۆر شێبکرێت، ببێت بە هزر و زۆرتر لە کردەوەی ڕۆژانەدا خۆی نیشان بدات.

پێویستە ڕێز و سوپاسی تایبەت ئاراستەی بەڕێز دکتۆر محمەد پوردیان کەم کە بۆ ئێدیت و جوانتر خستنە ڕووی وتارەکە کاتی داناوە و یارمەتی داوم.