بەرەو سۆزی گڕی نەورۆز/ نووسراوە مامۆستا مەلا عومەر ئیمام

ئەگەر بە شێوەی زانستی تۆزە لەنگەرێک لە سەر کلتوور و شارەستانییەتی گەلانی دنیا بگرین، لە سەر پێکهاتەو بنچینەی ئەم دوو لایەنە کەندوەکۆژێک بکەین، بە کۆمەڵێک دیاردەی سرنج راکێش دەگەین کە هەر گەل ونەتەوەیەک راستەوخۆ لە جیهاندا بە شکڵ گرتنی کلتوور و شارەستانییەتی خۆی، جڵەوداری مێژوویە و خاوەن کیان و شوناسە لە ئاڕشیویی گەردوونیدا. لە ساکارترین […]


ئەگەر بە شێوەی زانستی تۆزە لەنگەرێک لە سەر کلتوور و شارەستانییەتی گەلانی دنیا بگرین، لە سەر پێکهاتەو بنچینەی ئەم دوو لایەنە کەندوەکۆژێک بکەین، بە کۆمەڵێک دیاردەی سرنج راکێش دەگەین کە هەر گەل ونەتەوەیەک راستەوخۆ لە جیهاندا بە شکڵ گرتنی کلتوور و شارەستانییەتی خۆی، جڵەوداری مێژوویە و خاوەن کیان و شوناسە لە ئاڕشیویی گەردوونیدا. لە ساکارترین پێناسەدا لە بابەت کلتوور و شارەستانییەت، لە مەڕ کۆمەڵگایەکی تێکچندراوی سەردەمیانە کە بە پێوەری زانستی خوێندنەوەیەکی ئاکادیمیانەی بۆ دەکرێ، ئەم دوو بەشە لە شوناسی نەتەوەییدا دەوری کارا دەگێڕن و ئامرازی گەشە کردن و هەڵچوونن بەرەو کاکێشانی وجوودی نەتەوەیی. لە دەرو ژووری تاکەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگا کە کلتوور لە هەناوی تاک و شارەستانیەت لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە لە سەر کڵەی ئەم دوو لایەنە بینای شوناسێک پلان رێژ دەبێت، کە بە درێژایی رابردوو لە رەوتی ئەم پرۆسەیەدا، شوناسێکی مەعریفی ناسانە، لە جوغڕافیایێکی دیار بە روخساری نەتەوەدا و لە تانوپۆی ئەنتڕوپۆلۆژییەوە ئەم کلتوورە بە گشت لایەنی نیگەتیڤ و پۆزەتیڤەوە وێنا دەکرێت،. ئەمڕۆ لە کەشی زانستییانەی جیهانی سەردەم بە گوتاری خەسارناسیەوە دەرووی سەرجەم لایەنەکان دەکرێتەوە و بەپێوەری عەقڵانی و زانستی کلتوور و شارەستانییەتەوە شەن وکەو دەکرێن. بە سڕینەوەی خەسارەکانی کلتووری لە ژێر سێبەری شارەستانییەتێکی بەهێز و تۆکمەدا، لە بەردەم کرانەوەی دەرووی ساڵی نوێی و هەڵبڕانی هەوادی ساڵێکی تر لە مۆمی تەمەن، خەڵاتی نوێ بوونەوە، نەورۆزانەی سەری ساڵی بیرکردنەوەمانە. بۆیە، دەبێ تیشکی رووناکی هەروەک سینگی قوڕقشمی چیا دەنگێوێ، رووناکی رۆشەنگەری جوغڕافیایی هزر وبیریشمان بپێکێ، ئەم گۆڕانە دەبێ هەوێنی هەڵگەڕانەوەی دیاردە چەوت و دزێوەکان بێ کە ساڵانێکە وەک پەتایەک بەرۆکی کۆمەڵگامانی گرتووە. لەم کۆمەڵگایەدا بە بەڕێوەبردنی نەریتی بۆنەکان کە هەموو ساڵێک وەک خۆرکە بەردەبینە گیانی سروشت و ژینگەمان، ئاداری لە سەرپاداری ناهێڵین، کەچی خۆمان بە خاوەن کلتووری پێشکەوتوو و شارەستانییەتی گەشە کردوو دەزانین. لە دوا چوارشەممەی کۆنەساڵ کەشێکی قێزەون بەسەر ئاسمانی ساماڵی ژیانماندا دەکێشین، بە تەق و ترۆقی تەقەمەنی سەوداگەرانی مەرگ، ئاگرتێبەردانی تەگەر و دووکەڵەڕەشکە هێڵی ئاسایشی ژینگە و سروشت دەبەزێنین. لە بۆنەی ئەم رۆژەدا لە سەر کڵەی شادی بەشینەوە و داچاندنی بزەی ساڵی نوێ، مەخابن شین و شەپۆری کارەساتان بڵێسەدەدا. لەمێژووی کەونارای کورددا دیاردەی وا ناشیرین و دزێو هەرگیز گەرای نەخستووە، بەڵام جێی داخە چەند ساڵێکە دیاردەی چوارشەممەسووری ئەوەندە زەق بۆتەوە، تەنانەت نەورۆزی دێرین و جێژنی سەری ساڵی لێ بنەبڕ کردووین. رەنگبێ ئەم رەوتە پرۆسەیەک بێ بۆ خەوشدار کردنی تابڵۆی رەنگینی نەورۆز. لە کاتێکدا ئێمەی سەردەمی مۆدێڕن و نوێ بوونەوە و رۆشەنگەری و عەقڵانی چۆن وا بە سانایی دیلی وردە داوی هروژمی ناحەزان بووینە و کیان و شوناسەی خۆمان لە بیر کردووە. سەبارەت بە دۆخی رۆژگار، رابردوومان دارماڵ لە داب ونەریتی عەقڵانی و رەخنەگرانەیە. وەک میری نەورۆزی و شێوەحاجیلە و… لە کۆی بۆنەکانی جێژنی نەورۆز و سەری ساڵدا نموونەی ئەو نەریتانن، کەچی چۆن پەرتەوازەی جیهانێک بووینە کە لە گەل کەلەپوور و کلتوورمان نامۆیە و لە خۆمان نەبانین!
هۆ ئازیزان و رۆشەنبیرانی جوغڕافیای سەوزی نیشتمان، مشوورخۆرانی هاووڵاتی! وەرن با ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بە شێوازی پێشکەوتوانە بە هەڵسوکەوتی عەقڵانی لە چوارشەممەسووریدا وزە و هێزمان بگوێزینەوە بەرەو بارەگای پیرۆزی نەورۆز و جێژنی رابوونەوەی سروشت. لە نەورۆزدا بە داب و نەریتی لۆژیکی و ئەخلاقی ژینگەپارێزی پەنا بۆ ئامێزی سروشت بەرین و دووکەڵی رەشی چوارشەممەسووری بۆ هەتاهەتایە خامۆش کەین. تکایە با نەورۆزمان لە بەردەم چوارشەممەسووریدا نەکەینە قوربانی. نەورۆز شوناسی خۆمانە، کۆمەڵێک پەیامی بەرزی ئاهوورایی و رابوونی تێدان و تاپۆی گەلی کوردە و هێمای رابوونەوەی سەرلەنوێیە بۆ سروشت و رۆحی هەموومان.
عومەر ئیمام