فەلەکەی قه‌ل و قاز یا مامۆستا نالی؟ /نوسینێک له خدر محەممەدی
ئه‌م بینا ئاماڵ سووره، وێنه‌ی فێرگه‌ی “علم و صنعت” واتا زانست و پیشه‌یه له پیرانشار. ئه‌م فێرگه‌یه له باژێری مامۆستا حه‌قیقی و فەلەکه‌ی مامۆستا نالی هه‌ڵکه‌وتووه. شایانی باسه فەلەکه‌ی مامۆستا نالی پێشتر ناوی فەلەکه‌ی منابع طبیعی بە واتای فەلەکه‌ی سه‌رچاوە سروشتییه‌کان بوو که به په‌یکه‌ری چه‌ند باڵنده‌یه‌کی ئاودۆستی وه‌ک دوڕنا، شاوه، مراوی و هه‌روه‌ها […]
ئه‌م بینا ئاماڵ سووره، وێنه‌ی فێرگه‌ی “علم و صنعت” واتا زانست و پیشه‌یه له پیرانشار. ئه‌م فێرگه‌یه له باژێری مامۆستا حه‌قیقی و فەلەکه‌ی مامۆستا نالی هه‌ڵکه‌وتووه. شایانی باسه فەلەکه‌ی مامۆستا نالی پێشتر ناوی فەلەکه‌ی منابع طبیعی بە واتای فەلەکه‌ی سه‌رچاوە سروشتییه‌کان بوو که به په‌یکه‌ری چه‌ند باڵنده‌یه‌کی ئاودۆستی وه‌ک دوڕنا، شاوه، مراوی و هه‌روه‌ها قه‌وزه و لیمی ناو گۆل، رازابۆوه. بەم بۆنەوە خه‌ڵکی شاری ئێمه لە فەلەکەی “منابع طبیعی” لایان دا و به ئیشتیای خۆیان دوو ناویان لەسەر ئەم فەلەکەیە دانا: ۱ ـ فەلەکه‌ی چڵم! ۲ ـ فەلەکه‌ی قه‌ل و قاز!
خوا‌و راستان زۆری نەخایاند پێ¬یان ڕه “چڵم”ـه‌که خست و وازیان لەو ناوە قێزەونە هێنا! به‌ڵام ناوی “قه‌ل و قاز” تا ئێستاش ئه‌م فەلەکه‌یه‌ی به‌رنه‌داوه! هه‌ر چه‌ند دوو دەورە پێش ئێستا شووڕای شار و شارداری ناوی “نالی”یان له‌سه‌ر ئەم فەلەکەیە دانا‌وە، به‌ڵام دیسانیش خه‌ڵکه‌که‌مان لەگەڵ ناوی “مامۆستا نالی” نامۆن و ده‌ڵێن وه‌ڵڵا قه‌ل قازه‌که‌ی خۆمان خۆشتره لە نالی! گله‌ییم له هەڕەمەی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌واری خۆمان نییه، به‌ڵام لاوه قوتابییه‌کان که هه‌ووه‌ڵ، دووهه‌می (دوا ناوه‌ندی)ین و له‌م فێرگه‌یه ده‌خوێنن چی؟ دەبیر و مامۆستاکانی لەم فێرگەیە دەرس دەڵێنەوە چ پاساوێک دێننەوە؟ ئەوەتا لە هەردوو لایان سه‌تا هەشتایان کاتێ تاکسی راده‌گرن ده‌ڵێن ده‌چمینه “قه‌ل و قاز”! ئەرێ ده‌یگرێته‌وه ئای رانندە!؟
باشه تۆ بڵێی یه‌کێک له به‌رپرس و مامۆستا یان به گشتی کارمه‌نده خوێندەوارەکانی ئه‌م فێرگه‌یه، مامۆستای غه‌زه‌لی کوردی”نالی” نه‌ناسێ؟ باشە کاری خوێندن و بردنە سەری ئاستی پلەی خوێندەواری به ڕای ئه‌و خۆشه‌ویستانه ده‌بێ چ بێ و تامی چۆن بێ؟ مامۆستا هێمنی نه‌مر گوتوویه فارسه‌کان چۆن به “حافز” ده‌نازن ، ئێمه‌ی کوردیش ده‌بێ ئاوها به مامۆستا “نالی”یه‌وه بنازین و دیوانه‌که‌ی ده‌بێ له‌ژێر جڵدی قوڕئانی پیرۆز له هه‌ر ماڵه کوردیکدا هه‌بێت.
که‌واته به‌رپرسانی فێرگه‌ی زانست و پیشه ده‌بێ له ته‌واوی ساڵدا چەند کاتژمێرێک وه‌ختیان نه‌بێ که به قوتابییه‌کانیان بڵێن ئه‌م فەلەکه‌یه به‌ناو مامۆستا “نالی” کراوه و “نالی” نازناوی شاعیری گه‌وره‌ی کورد “مه‌لا خدری شاره‌زووری”یه؟ هه‌ر وه‌ها ده‌بێ چه‌ند خه‌رج و باجی بوێ ئه‌گه‌ر به قوتابییه‌کانیان بڵێن تاوانه هه‌رکه‌س له ئێمە مامۆستا نالی نه‌ناسێ، چونکه: مامۆستا نالی دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی شێعری بابان و گه‌وره‌ترین شاعیری کرمانجی خواروویه و ناوی خدره و کوڕی ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی ئالی به‌گی میکایلیه. له ساڵی ۱۸۰۰ی زایینی له‌گوندی خاک و خۆڵ، له‌ده‌شتی شاره‌زوور له دایک بووه. هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵی چووه‌ته خوێندنی حوجره. له‌سه‌ره‌تاوه قورئان و ورده کتێبی فارسی خوێندووه، دواتر زانسته‌کانی‌تری قورئان و فه‌رمووده‌کان و رێزمانی عه‌ڕه‌بی خویندووه و پاشان ئیجازه‌ی عیلمی وه‌رگرتووه. بێجگه له زمانی خۆی، فارسی و تورکی و عه‌ره‌بی به باشی زانیوه، ته‌نانه‌ت شێعریشی پێ نووسیوون. له‌ژیانیدا خزمه‌تێکی زۆری به ئەدەبییاتی نه‌ته‌وه‌که‌ی کردووه.
له ده‌وروبه‌ری ساڵی ۱۸۴۸ی زایینی چۆتە حه‌ج، دوایه رووی کردۆتە شام و له‌وێ ماوه‌ته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا میرنشینی بابان رووخاوە و ئیتر ئه‌و نه‌گه‌ڕا‌وەتەوە بۆ کوردستان. به ناچاری رووی له ئه‌سته‌مبووڵ کردووە و له‌وێ له‌لای ئه‌حمه‌د پاشای بابان ماوەتەوە. نالی، له‌گه‌ڵ کورده‌کانی‌تر ژیانێکی خۆش و ئه‌دیبانه‌یان له‌دیوه‌خانی ئه‌حمه‌د پاشادا رابوارد. له کۆتایی ساڵی ۱۸۷۳ی زایینی له شاری ئه‌سته‌مبوول کۆچی دوایی کرد و له گۆڕستانی قه‌رج‌ئه‌حمه‌دی ئه‌و شاره ته‌رمه‌که‌یان به‌خاک سپارد.
تێماوم لەوەی کە دەبێ چ سوڕێکی تێدابێ و لەبەرچی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە دژواری ناوی گەورە پیاوانی خۆیان بە سەر لێو و زماندا دێ و بە جێگای ناوی پێرۆزی ئەوان زۆر بە ئاسانی و بە کەیفی خۆیان ناویکی تریان بە جێگا هەڵدەدەن؟
بۆ خوێندنەوە و وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە وڵامی زۆر و زەوەند هەن، بەڵام من بەش بەحاڵی خۆم دوو خوێندنەوەم بۆی هەیە: یەکەم ئەوەیکە خەڵکەکەی ئێمە بە حام خۆیان بە کاری فەرهەنگی و کولتوورییەوە ماندوو ناکەن و ئەوەی بۆیان گرینگە پەیدا کردنی پارە و ماددیاتە، چونکە بە داخەوە پێوانەی کەسێتی لە وڵاتی ئێمە پارە و سەرمایەیە نەک زانست و رادەی خوێندەواری! دووهەم و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە شووڕا و شارداری تەنیا بۆ رەفعی تەکلیف و زۆر بە تاخیرەوە هێندێک نێوی کوردی و ناوچەیی لە سەر شەقام و کۆڵانان دادەنێن کە پێشتر خەڵکەکە لە بەر بێ نێوی بۆخۆیان و بە ئیشتیای خۆیان ناوێکیان لەسەر دانا‌وە! بۆ ئەم کارە بەر لەوەی خەڵک دەست بەکار بن، دەبێ شووڕا و شاردار دەست¬پێشخەر بن و پێش دەست¬بەکار بوون بۆ دروستکردنی هەر پاڕک، فەلەکە، شەقام یا کۆڵانێک لەسەر ناوەکەی ساغ ببنەوە و وەپێش خەڵک کەون و لەسەر بنێر یا تابڵۆیەکی گەورەی چەقێندراو لەم شوێنەی کە هێشتا کاری لێ نەکراوە، ناو و تەنانەت خەریتەکەشی لەسەر نووسرابێ و کێشرابێتەوە. بۆ نموونە دوای پێنج شەش ساڵان ناویان لە “کەمەربەندی” کۆن نا “بڵواری کوردستان”! ئێستاشی دەگەڵدابێ خەڵک زۆر بە دەگمەن ناوی “بڵواری کوردستان” دێنن و لە جیاتیان “کاخی سیا، مەلامۆچکە، پاداش و کەمەر بەندی شەهرەک” دێنن. بەداخەوە فەلەکەی مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و زۆر شوێنی تریش لە پیرانشار هەر بەو دەردەوە دەناڵن!
ارسال دیدگاه
مجموع دیدگاهها : 0در انتظار بررسی : 0انتشار یافته : 0