بەڕێوەچوونی کۆڕی ناساندن و تاوتوێ کردنی گۆڤاری زانستیی “هۆژین” لە کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار)

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۸ی کوردی، کۆڕی ناساندن و تاوتوێ کردنی گۆڤاری زانستیی “هۆژین” لە کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار)، بە بەشداریی ستافی بەڕێوەبەرایەتی بنکەی زانستی-فەرهەنگی هۆژان، سەرنووسەر، بەرپرسان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هۆژین بەڕێوەچوو. کۆڕەکە بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان و خوێندنەوەی ڕیزبەندی بەرنامە لەلایەن کۆڕگێڕ، بەڕێز “ئەنوەر ئاریامەنێش” دەستی پێکرد. پەیامی کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار) لەلایەن […]

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۸ی کوردی، کۆڕی ناساندن و تاوتوێ کردنی گۆڤاری زانستیی “هۆژین” لە کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار)، بە بەشداریی ستافی بەڕێوەبەرایەتی بنکەی زانستی-فەرهەنگی هۆژان، سەرنووسەر، بەرپرسان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هۆژین بەڕێوەچوو.
کۆڕەکە بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان و خوێندنەوەی ڕیزبەندی بەرنامە لەلایەن کۆڕگێڕ، بەڕێز “ئەنوەر ئاریامەنێش” دەستی پێکرد.
پەیامی کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار) لەلایەن بەڕێز “تاهیر حوسێنی” پێشکەش کرا و لە پەیامەکەدا ئاماژەکرا بە گرینگیی ڕۆڵی پیرۆزی گۆڤاری هۆژین لە داڕشتنی زمانی زانستیی کوردی وەک پێویستیەکی گرینگ بۆ مانی ئەو زمانە و کەڵەکە بوونی دەقی زانستی بە زمانی کوردی.

دواتر، بەڕێز “هادی ڕەحمانپەنا” خوێندکاری دوکتۆرای ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی شەریف، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری “ڕێکخراوەی زانستی-فەرهەنگی هۆژان” و هاوکات نووسەری “گۆڤاری هۆژین” لە وتارێکدا بەنێوی
“بۆچی زانست بە کوردی؟” ئەو بابەتەی بەوردی شیۆردەوە، دواتر کورتەیەک لە مێژووی دامەزراندنی بنکەی زانستیی هۆژان، ئەو ئەرکانەی بۆیان دیاریکردوە، ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەسەرڕێگایان هەبوە و هەیە، گرینگیی پەرەپێدانی زانست بە زمانی کوردی و پەرەپێدانی زانست لەنێو خەڵکدا پێشکەش بەئامادەبووان کرد.

لە بڕگەی دووهەمدا بەڕێز دوکتور ئەمیر پەرغازە، دەرچووی دوکتورای ئەندازیاری مێکانیک، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هۆژان و هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری “هۆژین”، لە سێ تەوەری (زمان، زانست و گرافیک) لەسەر شێوازی کارکردن لە گۆڤار ی هۆژین، ئەو گۆڕانکاریانەی لە سەرەتاوە بەسەر شێوازی دەرچوونی گۆڤار داهاتوە، شێوەی داتاشین و جێکەوت کردنی وشە زانستییەکان، هاوکاران و هاوڕێیانی گۆڤار و هتد…قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.
دواتر ڕێزدار فاڕوق ئەحمەدی، دەرچووی ماستەری ئەندازیاری کیمیا (پێترۆکیمیا)، بەرپرسی گشتی گۆڤار ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هۆژان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای هۆژین، باسێکی لەسەر پڕۆژەکانی رابردوو، ئێستا و داهاتووی بنکەی زانستی هۆژان کرد کە بەنیازن لە داهاتوودا پەرەی پێبدەن، لەوانە بەشی زانستی بۆ منداڵان بە زمانی کوردی، سازکردنی کورتە فیلمی زانستی و داکیۆمێنتاری بە زمانی کوردی، دووبڵەی فیلمی زانستی، فەرهەنگی سەرهێڵی سێ‌زمانەی زانستیی کوردی-فارسی-ئینگلیسی، وەرگێڕان و لەچاپدانی کتێبی زانستی، پلاتفۆڕمی هاوکاری پڕۆژە زانستیەکان و هتد… پێشکەش کرد.
لەدرێژەی کۆڕەکەدا، بەڕێز ڕەحمەت نادری، ماستەری کۆنینەناسی، مامۆستای زانکۆ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستا و نووسەری گۆڤاری هۆژین، بە گشتی باسێکی لە سەر شێواز و رێگاکانی پەیوەندی گرتن بە بنکەی زانستی هۆژان و بە تایبەتی گۆڤاری هۆژین کرد.
دوابەدوای پێشکەش‌کرانی وتارەکان، پانێلێک بۆ ستاف و بەرپرسانی بنکەی هۆژان و گۆڤاری هۆژین پێکهات و وڵامی پرسیار، ڕخنە، تێبینی و پێشنیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.
لەکۆتایی کۆڕەکەدا تەندیسی ڕێزلێنانی بنکەی مەدەنیی ئەندێشە(پیرانشار) بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانیان لەپێناو پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری زانستیی کوردی، پێشکەش بە گۆڤاری هۆژین و بنکەی زانستی هۆژان کرا.

بنکەی مەدەنیی ئەندێشە(پیرانشار) وێڕای بەرزنرخاندنی تێکۆشانی بنکەی زانستی-فەرهەنگی هۆژان و گۆڤاری هۆژین لە پەرەپێدان و خزمەت بە زمان و ڕۆژنامەگەری زانستیی کوردی، ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاریەک بۆ ناوەندگەلی هاوشێوە ڕادەگەیێنێت و هاوکات داوا لە هەموو پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان دەکات هاوکار و یاریدەدەری ئەو بەڕێزانە بن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە پیرۆز و بەنرخەکانیان.
لە کۆتاییدا دیسان سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێوەبەران، نووسەران، بەرپرسان و ستافی ئەو بنکەیە و هەموو ئامادەبووان دەکەین کە بەشداریان لەو کۆڕەدا کرد.

کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار)
۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۸ی کوردی