کورد و ناوچە ؛ مێژوو و سیاسەت احمد غمپرور کرد و منطقه

تورکیا و پرسی کورد لەو وڵاتە

ئەحمەد (شوان) خەمپەروەر

تورکیا بە یەکێک لە وڵاتە گرنگ و بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە هەژمار. ئەم وڵاتە لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە. بێگومان بەشێک لەو پێگە بەهێزە ڕیشەی مێژوویی هەیە. تورکیا نزیک بە ۶٠٠ ساڵ ئیمپڕاتوری جیهانی ئیسلام بووە، ئیمپڕاتورێک کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست هەڵوەشا. ئەو ژێرخانە بەهێزە بە ئەندازەی پێویست ورە و تینی بەخشیوە بە تورکیای نوێ تا بتوانێ بەو ڕۆڵە لە سیاسەتی نێونەتەوەیی هەستێ بەڵام بە بارتەقای هێزی مێژوویی دەبێ زیاتر لە سەر پێگەی جوگرافی تورکیا ڕاوەستە بکەیین. کەم وڵات لە ناوچە هەڵدەکەوێ پێگەی جوگرافی/ سیاسی و ژئۆپۆلیتیکی تورکیای هەبێ. وڵاتێک کە بەشێکە لە کیشوەری ئەوروپا و لە هەمان­کاتدا ئاسیاییشە. جوگرافیای پێکگەیشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەوقاز و باڵکانە. خاوەن دوو تەنگەڵانی بۆسفۆر و داڕدانێڵە کە دونیای ڕوسیاو قەوقاز و بەشێکی گرنگ لە باڵکان بە دونیای دەرەوە گرێدەدات. ئەوە سەرەڕای ئەوە دێت کە لە کاتی شەری ساردەوە هێڵی بەرگری دونیای سەرمایەداری بەرانبەر بە دونیای کۆمۆنیستی بوو. بێگومان ئەو هەموو هەڵکەوتە باش و بەنرخانە زۆر بە دەگمەن بۆ وڵاتان هەڵدەکەوێ بەڵام تورکیا خاوەنیەتی و لەو بەستێنانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی/ ژئۆپۆلیتیک، ئابووری و کلتووری کەڵک وەردەگرێ. ئەوە وای کردووە کە تورکیا ببێت بە وڵاتێکی بەهێز لە سیاسەتی ناوچە و نێونەتەوەیی بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێ کە لە هەموویان گرنگتر پرسی کوردە و کێشەیەکی وەکوو گوشارەکانی ئامریکا بە نسبەت پرسی کورد لە باشترین حاڵەتدا دەتوانرێ بە شتێکی لاوەکی و کاتی وەسف بکرێ.

کورد لە تورکیا ڕێژەیەکی بەرچاو پێک دێنێ و خاوەن ئەو تایبەتمەندیانەیە: بە گوێرەی داتاکان زیاتر لە ١۴ ملوێن لە خەڵی تورکیا واتا بەرابەر بە ١٨ لە سەدەی کۆی گشتی خەڵکی تورکیا کوردن– بە پێ هەندێک لە داتاکانی دیکە ئەو ڕێژەیە دەگۆڕێ بۆ ١۵ تا ٢۵ لە سەدەی خەڵکی کورد لە کۆی گشتی- کوردەکان لە بواری کلتوری، زمانی و قەومی/نژادی و تەنانەت مەزەبیش لە تورکەکان جیاوازن. خاڵێکی دیکە لە بواری کوردەکان ئەوەیە کە جوگرافیای نیشتەجێ­بوونیان واتە زێدیان بە پەراوێز لە خەڵکی تورک هەڵکەوتووە.

بەڵام لەبواری پێوەندی کورد و تورک پیویستە بوترێ تا کۆتایی ڕووخانی ئیمپڕاتوریەتی عوسمانی – هەرچەند ناتوانرێ ڕەزامەندی بۆ چڵۆنایەتی پێوەندییەکە دەرببڕێ – ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە کورد لە بواری بەجێ­هێنانی بەهاکانی نەتەوەیی و کلتوری تا ڕادەیەکی زۆر سەربەست و ئازاد بووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە تا ئەو کات “دێوەزمەی دەوڵەتی نەتەوەیی” ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دام و دەزگای خەلافەتی نەگرتبۆوە و ژیان بە ڕادەیەکی زۆر سرووشتی بوو. بەڵام ئاخر و ئۆخرەکانی سەدەی نۆزدە هێدی هێدی ئەم بوونەوەرە سامناکە پەلی هاویشتە ناوچەکەو ژیان بەرەو تاڵی رۆیی. هەڵوەشانی ئیمپڕاتوریەت و بونیاتنانی تورکیای نوێ هاوەتەریب بوو لە گەڵ زاڵ بوونی ئەو دێوەزمەیە بە سەر ناوچەکە بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی.

لەدوای پێکهێنانی تورکیای نوێ لە ژێر خۆڵەمێشی ئیمپڕاتوریەتی عوسمانی، پڕ چەک­بوونی تورکە لاوەکان بە هزری دەوڵەتی نەتەوەیی وای کرد کە پێشێل­کردنی مافی کەمینەکان ببێت بە دیاردە و بەداخەوە ڕەهەندێکی سیستماتیک بەخۆوە بگرێ. پێکهاتەی کورد یەکێک لەو کەمینانە بوو کە لە هەموو مافەکانی بێبەری کراو و لە وێژەی فەرمی حکومەت بە “تورکی شاخستانی” نێویان دەرکرد. بێشکچی لێکۆڵەری بەناوبانگی تورک لە بەرهەمەکانی پەردە لە سەر ئاستی پیسی و قێزەون بوونی سیاسەتی ولاتەکەی کە لەهەمبەر کورد پەیرەو دەکرێ لادەدات. ئێستاکە بە متمانەوە دەتوانین بڵێین کە ئاکامی ستراتژی تورکیا پێچەوانەی خواستی ئیدارەی ئەو وڵاتە وڵامی داوەتەوە. بەڵگەی ڕاست بۆ ئەم وتەیە ئەوەیە کە لە شەقامەکانی ئورفە، ماردین، ئامەد و وان کە شاری کوردەکانن خەڵک بە زمانی تورکی قسە دەکەن و بەشێکیان هەر ناتوانن بە زمانی کوردی بپەیڤن و گوزارشت لە خواستەکانی خۆیان بکەن. بێگومان ئێستاکەش خەڵک لە ژێر گوشاری دەوڵەت دان و ناتوانن بە زمانی خۆیان قسە بکەن بە تایبەت لە شوێنە حکومیەکان تەنانەت پیشەیەکی وەکوو بەردەستی شۆفیری ئۆتوبوس، بەڵام کاتێک زیاتر لە گەڵ خەڵک تێکەڵاو دەبی هەست بە توڕەیەکی بێ­سنوور دەکەی کە دەوڵەت لە سەدەی رابردوو چاندویەتی و قەڵشێکی گەورەی لە کۆمەڵگا دروست کردووە. ئەوە وای کردووە کە بڵێین تورکیا بەو هەموو تایبەتمەندییە باش و بێ­هاوتاکانی بەدەست پرسێکی قوڵ و دروستکراو لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی لە سەدەی ڕابردوو دەناڵێنێ، پرسێک کە بۆتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم پێشکەوتنی ئەو وڵاتە ئەویش “پرسی کوردە”.

لە کۆتاییدا؛ تورکیا وڵاتێکی بەهێزە بەڵام بێ دوودڵی گەر بیهەوێ پێشکەوتنی ڕاستەقینە و بەردەوام بە خۆوە ببینێ و ئاشتەوایی بخاتە نێو باوەشی وڵات و ناوچە، پێویستە پێداچوونەوەیەکی ڕاستەقینە و بنەمایی لە سیاسەتەکانی­دا لە هەمبەر کوردەوە بکات و ڕێز لە بەهاو نەریت و مافەکانی کورد بگرێ، وای دەبینم کە ئەوە ڕەمزی بەهێز و بێ­خەش­بوون ئەو وڵاتەیە.

برای اشتراک این مطلب در تلگرام کلیک کنید
http://piranshahrrudaw.ir/?p=3284


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

چهار × 1 =