پەردە لادان و ڕیشەکێش کردنی نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی

 پەردە لادان و ڕیشەکێش کردنی نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی لەو وتارە دەمهەوێ باسی تەوەرێکی گرنگی کۆمەڵایەتی بکەم کە بە ئەرکی خۆم وەک خوێندکاری زانستی جوگرافیا نایبینم و خۆشم بە شیاوی ئەم پێگەیە نازانم بەڵام کاتێک کە دەبینم ئەمرێک هەیە و لە دیاردە دەرچووە و تاڕادەیەک پەلەقاژە دەکا تا ببێتە سروشتی کۆمەڵگا و هیچ کەس و لایەنێک نیە […]

 پەردە لادان و ڕیشەکێش کردنی نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی

لەو وتارە دەمهەوێ باسی تەوەرێکی گرنگی کۆمەڵایەتی بکەم کە بە ئەرکی خۆم وەک خوێندکاری زانستی جوگرافیا نایبینم و خۆشم بە شیاوی ئەم پێگەیە نازانم بەڵام کاتێک کە دەبینم ئەمرێک هەیە و لە دیاردە دەرچووە و تاڕادەیەک پەلەقاژە دەکا تا ببێتە سروشتی کۆمەڵگا و هیچ کەس و لایەنێک نیە باسی بکات و لانیکەم وتارێکی لە سەر بنووسێ بێگومان لە ناچاری دەستم کرد بەنووسین و شانەوکەوی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە.

پێموابێ کەم تا کورت کەسێک لە شارەکەمان هەڵدەکەوێ کە لە ماوەی ژیانیدا بۆ یەک جاریش بێ ئەم دیمەنەی نەدیبێ؛ ” کاتێک لە ناو تاکسیدا خوشکێکمان دانیشتووە و شوفیری تاکسی برایەکمان سوار دەکات و خوشکە بەڕێزەمان پێی دەڵێ کە من ناتوانم ئیجازە بدەم کەسێکی تر جیا لە ڕەگەزی خۆم سوار کەی و لای من داینیشێنی یا ئەگەر براکەی دانیشت دیوارێک لە شتومەکی کە پێیەتی لە نێوان خۆی و ڕەگەزی بەرامبەری درووست نەکات”. بێگومان هەر لێرەدا هەموومان هەست بەو سوکایەتیکردنە کە هەر دوو ڕەگەز دەگرێتەوە، دەکەیین.

لە پێشەکیدا دەبێ ئەوە بڵێین کە؛ ١- ئامانج خوێندنەوەیەکی زانستی و کۆمەڵگا دۆستییە و بە ”هیچ شێوەیەک” سەری قسە ڕووبەڕووی کەس – ڕێکخراو یا سیستمێکی دیاریکراو نیە. ٢- دەبێ باش بزانین کە ئەوە تایبەتمەندییە هەموو خوشکانمان ناگرێتەوە بەڵکو بەشێکی زۆر کەم هەڵگری ئەم بیرەن کە ئەویش جێی ڕاوەستانەو بۆ شار نامۆیە. ٣- هەروەها دەبێ ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە هەڵسوکەوتی بەشێک لە برایان لە داڕشتنی ئەو کلتوورە بەشدارە. لە درێژەدا دەمهەوێ ڕەهەندەکانی ئەم بوارە بهێنمە بەر باس تا پێش چاومان ڕوون و ئاوەڵا بێت و هەر کەس بە بەرپرسیارەتی خۆی هەستێ و بۆ کۆمەڵگایەکی زیندوو و پر لە شاد و خۆشەویستی تێبکۆشێت.

  ڕەهەندی یەکەم ؛ ئەو ڕەهەندەیە کە گرنگترینیانە و نیشان دەدات کە قەڵشێکی فکری لە ناو کۆمەڵگاکەمان بوونی هەیە. کاتێک ڕەگەزێک بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات کە ناتوانێ تەنانەت بۆ چەند چرکە ساتێک ڕەگەزی بەرامبەری تاقەت بێنێ دیارە لەو کۆمەڵگایەدا بیر و فکرێکی سەقەت بە سەر فەزای کلتووری – فکری شار حاکمە. فکرێک کە بانگەشە بۆ جیاوازی ”ئەمنی مێینە” و ” ئەوی نێرینە” دەکات و بەم شێوەیە دەیهەوێ خۆی بناسێنێ و بەڵام هەر بەوە ناوەستێ بەڵکۆ لە دونیای خۆیدا وەکوو ئەهریمەنێک تەعبیر لە ڕەگەزی بەرامبەری دەکات کە لە چوکترین دەرفەت دەگەڕێ کە بوونی ئەو نەهێڵێ و لە ناوی بەرێت.

ڕەهەندی دووهەم ؛ لایەنی پەروەردە. بێگومان بەشێک لە ڕەهەندی یەکەم ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی لایەنی پەروەردە. پەروەردەی ئێمە بەشدار بووە لە بونیاتنانی ئەو بیرە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەتوانێ ڕۆڵی بنەڕەتی بگێرێ لە نەمانی ئەو بیر و هزرە. پەروەردە ئەستۆندەگی دونیای مۆدێرنە و لە داڕشتنی کلتوور یا خۆد نەمانی کلتوور ئەوە پەروەردەیە کە قسەی سەرەکی دەکات. بۆیە دەبێ بڵێین کە پەروەردەی ئێمە بە نسیبەت خۆیەوە لە داڕشتنی کلتووری نەمانی جیاوازی لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی نەگێڕاوە.   

ڕەهەندی سێهەم ؛ ڕۆڵی ئایین. ڕوون و ئاشکرایە کە گوێی بیر و هۆشی هەموومان بە ڕێنوێنیەکانی ئایینی ئاشنایە و ئایین بە دیدێکی ئەرێنی بەردەوام باس لە ”خوشکان و برایان” دەکات و بە تەواوکەری یەکتر ناویان دەبات. بەڵام پێموابێ ئەم جەوهەرەی ئایین باش لە لایەن نوێنەرانی بواری ئایینی نەگواستراوەتەوە ناو کۆمەڵگا و بەڕادەیەک نوێنەرانی ئەم ڕەهەندە لەو ئەرکەیان زۆر سەرکەوتوو نەبوونە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەم ڕەهەندەش بە نیسبەت خۆیەوە بە ئەرکی ڕاستەقینەی هەڵنەستاوە و نەیتوانیوە کە دەبوا توانیبای و لە تواناشی دا هەیە وەکو بەهێزترین ڕێکخراوی مەعنەوی ناو کۆمەڵگا کلتوری نەمانی جیاوازی ڕەگەزی برەو پێبدا.

ڕەهەندی چوارەم ؛ ڕۆڵی نەریت. تا ئەو جێگایەی بە نەریتەوە پێوەندی هەیە دەتوانین بڵێین کە نەریت بەدەر لە ژینگەی خۆی نییە و ئەویش بەنۆرەی خۆی بەشدارە لەو کلتوورە بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت لە دەیەی شەست بەرەو ئەولا ئەو شتەی کە تەنانەت نووسەر بە چاوی خۆی دیویەتی ئەوەیە کە ئەم جیاوازییە لە ناو نەریتی کوردەواریدا زۆر دەگمەن بووە بەڵگەش ئەوەیە لەو دەورەیەدا دوو ڕەگەزمان دەبینی کە پێکەوە لە ناو روبارەکان مەلەیان دەکرد و تەنانەت گەریدە بیانیەکان کاتێک دێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چاویان بە کوردستان دەکەوێ کە ئەو دیمەنە دەبینن سەریان سوڕ دەمێنێ و دەگێرنەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەومێک هەیە کە لە ناویدا دوو ڕەگەزی نێر و مێ زۆر ئازادن و جیاوازیان نییە. هەروەها لە شاییدا دەبینین کە لەو دەورەیەدا ڕەگەزەکان بێ هیچ خزمایەتییەک لە دەستی یەکتردا هەڵدەپەرن.  

ڕەهەندی پێنجەم ؛ پێگەی لاواز و خوێندنەوەی تەسکی ”تاک”. ئێمە دەبێ ڕخنەیەکیش ئاراستەی خۆمان بکەیین ئەویش ئەوەیە کە ”تاک” لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا هێشتا خوێندنەوەی بۆ خۆ و ژیان و کۆمەڵگای خۆی نەبووە یا خود خوێندنەوەی زۆر تەسکە. بێگومان ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری تاک لە کۆمەڵگاکەمان.

ڕەهەندی شەشەم ؛ ڕۆڵی بنەماڵە. بنەماڵە وەک یەکەمین خوێندگا کاریگەری بنەڕەتی هەیە لە داڕشتنی کلتوور بەڵام بنەماڵەش بەدەر لە ژینگەی خۆی نییە. بێگۆمان ئەویش لە ژێر کاریگەری فەزای فکری – سیاسی و ئایینییە بەڵام گەورەکانی بنەماڵە بە خوێندنەوەیان لە ژیان دەتوانن لە دەرەوەی گوفتمان و دەقی زاڵ بە سەر کۆمەڵگا هەنگاو بنێن و پەروەردەی تایبەت داڕێژن کە جیاوازی فکری نێر و مێ نەویستە و لە ئاستێکی فرەوانتر و باڵاتر فکر دەکاتەوە.

ڕەهەندی حەوتەم ؛ ڕێکخراوە خزمەتگوزارییەکان. ئەم ڕەهەندە پێدەچی زۆر لە گەڵ ڕەهەندەکانی ئاماژە پێکراوە یەکتر نەگرێتەوە بەڵام کە قوڵ بفکریین دەبینین ئەم لایەنە لە شار ڕۆڵی بەهێزی لە داڕشتنی کلتوور هەیە. لە سەروی هەموو ڕێکخراوەکان دەتوانین ئاماژە بە تاکسیرانی بکەیین. بێگومان برایانی بەرپرسیار لە تاکسیرانی باش دەزانن کە تاکسی تەنیا لایەنی ئابووری نییە بەڵکو قوڵترە و وەک ئەرکێکی بنەڕەتی لە دونیای ئەمرۆ سەیر دەکرێ کەواتە تەنیا بە مۆڵەتدان نابێ کۆتایی بێت و دەبی خولێکی پەروەردەی ناچاری – ئیجباری – بۆ شۆفیران تەرخان بکرێ و ئەم بوارە و سەدان بواری تر کە پێویستی بە کلتوور داڕشتنە ڕوون بکرێتەوە و کاری بۆ بکرێ. بێگومان دەبێ بزانین کە شار بریتیە لە کلتوور و کلتووریش بە مانای چاندنە.

لە کۆتاییدا دەبێ لە یادمان نەچێت کە نزیکترین دەرهاویشتەکانی ئەو کلتوورە پەردەهەڵدانەوەیە لە جۆرێک توندوتیژی – قەڵشی کۆمەڵایەتی – لاوازی عەشق و خۆشەویستی لە ناو توێخەکانی کۆمەڵگا و لەو گرنگتریش؛ ئەوە کە، سیمایەکی ناشیرین پێشانی ئەو کەسانە دەدات کە ”خانەیی” نین، بەڵکو میوانن و لە دەرەوە و لە شار و دێهاتەکانی دیکە سەردانی شارە جوانەکەمان دەکەن.

پێشنیاری بنەڕەتی پێشنیارێکی کلتوورییە. هەموومان بە خۆماندا بچینەوە و بە ئەرکی خۆمان هەستین و ئەو کلتوورە لە ناو کۆمەڵگاکەمان ڕیشەکێش بکەین و بەم شێوەیە ژینگەیەکی تەندروست بونیات بنێیین. ئەگەر فەشەلمان هێنا پێشنیار ئەوەیە کە هێڵێکی تایبەت لە تاکسیەکان بۆ کەسانێک کە خاوەن ئەو بیرەن و لە سەری پێداگری دەکەن تەرخان بکرێ و ڕێز لە فکریان بگیری.