بەهاکانی نەتەوەیی هێمای ناسین و مانەوە

بەهاکانی نەتەوەیی هێمای ناسین و مانەوە، د. ئەحمەد (شوان) غەمپەروەر؛ دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی ڕوونە و ئاشکرایە هەر نەتەوەیەک بە بەهاکانی شانازی دەکات ئەو شانازییە بە جۆرێکە کە ئێمە دەتوانین بڵێین بەها نەتەوەییەکان ”ڕوحی نەتەوەن” و هێمای خۆڕاگری و هەڵقوڵاوی ژینگەن. بەڵام بە پێی تێپەرینی کات و هاتنە ئاراوەی بیری تازە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و… ئاڵ […]

بەهاکانی نەتەوەیی هێمای ناسین و مانەوە، د. ئەحمەد (شوان) غەمپەروەر؛ دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی

ڕوونە و ئاشکرایە هەر نەتەوەیەک بە بەهاکانی شانازی دەکات ئەو شانازییە بە جۆرێکە کە ئێمە دەتوانین بڵێین بەها نەتەوەییەکان ”ڕوحی نەتەوەن” و هێمای خۆڕاگری و هەڵقوڵاوی ژینگەن. بەڵام بە پێی تێپەرینی کات و هاتنە ئاراوەی بیری تازە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و… ئاڵ و گۆڕێک بە سەر بەهاکان دادێ کە ئەمرێکی سروشتییە و بەردەوام لە دۆخی تازەبوونەوە – خۆپاڵاوتن و نوێکردنەوەی بەردەوام – دایە بەڵام هەندێ جار ئەم ئاڵ و گۆڕانە ئاراستەیەکی ناسروشتی بە خۆوەدەگرن ئەویش کاتێک لە ژێر کاریگەری فەزای سیاسی، ئابووری و… زاڵی سەردەم تاک و کۆمەڵگا بێ هیچ خوێندنەوەیەکی بنەمایی بەهاکانی ڕادەست دەکات ئەوە کاتێک مەترسیدار دەبێ کە تاک و کۆمەڵگا بەرامبەر بە فەلسەفەی بەهاکانی خۆی شارەزایی و زانستی نەبێ، بە واتایەکی دیکە هێشتا نەگەیشتبێتە خۆناسین.

بێ دوو دڵی دەبێ بڵێین بەهاکانی نەتەوەیی بەشێکی گرنگی لە سەر بناغەی پتەوی ئەزموونی نەوەکانی پێشوو دامەزراوە کە بێ گومان ئەویش هەڵقوڵاوی ژینگەی خۆیەتی؛ بەشەکەی دیکەش بە پێی کات و دۆخ لە لایەن ڕۆڵەکانی خوێندنەوەی بۆ کراوە، کەواتە هەر بەهایەک خاوەن فەلسەفەی خۆیەتی. لێرەدا هەڵکەوتی جوگرافی، سروشت و ژینگە سێکوچکەیەکە کە ڕۆڵی بەرچاو دەگێرن و مۆرکی خۆیان لە سەر بەها و ئەخلاقی نەتەوە بە جێ دێڵن.

هەروەک لە وتارەکانی پێشتر ئاماژەمان پێدا کوردستان خاوەن هەڵکەوتێکی تایبەت و جوگرافیای ”پێکگەیشتن”ە بەو واتایە کە لێرەدا هێزە فکری و ژیاری و سەربازییەکان دەگەن بە یەک و ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوانانیان دا ڕوو دەدات. لە لایەکی دیکە ئاشکرایە کەش و هەوای کوردستان کەش و هەوایەکی زەریای ناوەڕاستە. تایبەتمەندی ئەم کەش و هەوایە دیاربوونی چوار وەرزی ساڵە. هەروەها ڕوونە جوگرافیای کوردستان، جوگرافیایەکی کوێستانی و زەنوێرە. هەمووی ئەو تایبەتمەندییانە لە سەر بەهاکانی کۆمەڵگای کوردەواری جێ پەنجەی خۆیان بە جێ هێشتووە، بەڵام چۆن؟

بۆ شیکردنەوەی ئەو بابەتە پێویستە کەمێک قوڵتر بیر بکرێتەوە؛ زانستییە کە ئێمە لە تێکەڵاو بوونی دوو تایبەتمەندی کەش و هەوا و هەڵکەوتی جوگرافی ساڵ بە دوو بەش دابەش بکەیین؛ ”وەرزی گەرم و کار” و ”وەرزی سارد و سەربەستی” کە بە دوو ئاراستە دەکرێ لێکبدرێتەوە؛ بۆچوونی زاڵ تا ئێستا ئەوە بووە کە ئێمە لە وەرزی گەرم و کار خۆ پڕچەک و ئامادە دەکەیین، زمهەر دادەخەیین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وەرزی ساردی ساڵ تا بێ گرفت ئەم وەرزە بەڕێ بکەیین بەڵام دەکرێ بە ئاراستەیەکی دیکەش واتە لە پێگەی وەرزی سارد بڕوانینە وەرزی گەرم و بابەتەکە لێکبدەینەوە. ڕوونە کە وەرزی سارد لە کوردەواری وەرزی سەربەست بوونە. سەربەست بوون لە هێزە هێرشکارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە بە درێژایی مێژوو ئەم جوگرافیایەیان لە وەرزی گەرم چەوساندۆتەوە، سەربەستییە لە کار فیزیکی کە تاکی کوردی لە وەرزی گەرم خستۆتە خزمەت خۆی. دەرفەتێک کە لەو وەرزە رەخساوە وا دەکات کە ئەو وەرزە ببێت بە ” وەرزی کلتوور” و وەرزی داهێنانی ” هونەری بەرز”. لەو پێوەندەدا دەتوانین بڵێین بە جۆرێک، گرنگی ئەخلاق و بەهای ”یارمەتیدانی یەکتر” لە وەرزی کلتوور لە بیری تاکی کورد پریشکی گرتووە و لە هەڵپەرکێ و یارییەکان کە بە گشتی سرووشتێکی کۆمەڵیان هەیە کرداری بووە – هەر چەند دەکرێ بوترێ کە زیندوو بوونی کۆمەڵگای کوردەواری بۆتە هۆی ئەوە کە بۆ هەر وەرزێک داهێنانی خۆی هەبێ – دواتر لە وەرزی گەرمی ساڵ لە چوارچێوەی ”هەرەوەز” خۆی نیشان داوە. فەلسەفەی ئەم بەهایە لە پێویستییەکی جوگرافی سەرچاوەی گرتووە. ”تەمەنی کورتی” وەرزی گەرمی ساڵ کە دەرفەت نادات بە ئارامی کاری وەرزێری بە ئەنجام بگات هۆیەکی بنەڕەتی خولقاندنی ئەم بەها بەنرخەیە، هەروەها ”کەش و هەوای ساردی کوردستان” هۆیەکی دیکەی بەهێزە. لەو بەینەدا ڕەوشتی بەرز لە ناو تاکی کورد، شەرم، ڕاستی و بە ئیڕادە بوون، ئازادی و ئاشتیخوازی، بە ئەمەک بوون لە هەمبەر بەهاکانی کۆمەڵگا و ڕێزگرتن لە بێگانە و… چەنگێک لە دونیایەک بەها و ئەخلاقی بەرزی نەتەوەیین کە تاک و کۆمەڵگای کوردەواری لە ناخی جوگرافیای کوردستان هەڵی هێنجاوە بۆیە هەمیشە لای ئەو ”هەڵۆی بەرزە فر ئاوات بووە نەک قەلی ڕووڕەش.”

بەڵام تێپەربوونی کات و گۆڕانی کەش و فەزای سەردەم بە تایبەت لە سوننەت دەرچونی کومەڵگای کوردەواری، زاڵ بوونی بیری ئابووری چەتوون بە سەر تاک، نەبوونی بەرنامەیەکی ڕێک و پێک بۆ پەروەردە و پێگەیاندن و لە هەمووشیان مەترسیدارتر سێڵاوی کلتووری بێگانە و… وای کردووە کە ئێمە بۆ داهاتوومان بە پەرۆش بین و زیاتر لە جاران بیر بکەینەوە و بەرنامەمان هەبێ بۆ پەروەردە و پاراستن و دامەزراندنی بەهای گونجاو لە گەڵ کلتوور و جوگرافیای کوردەواری.