شرۆڤەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە هەمبەر ژینگە؛ وانەیەکی ئابووری، سیاسی – کۆمەڵایەتی و ژینگەیی

شرۆڤەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە هەمبەر ژینگە؛ وانەیەکی ئابووری، سیاسی – کۆمەڵایەتی و ژینگەیی جوگرافیای بەری مێرگان لە سی ساڵی ڕابردوو وە ک نموونە   د. ئەحمەد (شوان) غەمپەروەر؛ دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی   ئەو تێئوری یا ئایدیۆلۆژیانەی کە پێداگر و ئاڵاهەڵگری بیری پاراستنی نەریتی کۆن بە شێوەیەکی بەستراو (دوگم) یا گەرانەوە بۆیان دەکەن بیرێکی بۆگەنن و […]

شرۆڤەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە هەمبەر ژینگە؛ وانەیەکی ئابووری، سیاسی – کۆمەڵایەتی و ژینگەیی

جوگرافیای بەری مێرگان لە سی ساڵی ڕابردوو وە ک نموونە

 

د. ئەحمەد (شوان) غەمپەروەر؛ دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی

 

ئەو تێئوری یا ئایدیۆلۆژیانەی کە پێداگر و ئاڵاهەڵگری بیری پاراستنی نەریتی کۆن بە شێوەیەکی بەستراو (دوگم) یا گەرانەوە بۆیان دەکەن بیرێکی بۆگەنن و مەحکوومن بە لە نێوچوون، چونکە زاتی و جەوهەری مرۆڤ مەحکوومە بە پێشکەوتن، ئەگەر تێنەکۆشێ دەمرێت و لە لاپەڕەی مێژوو دەسڕێتەوە، ئەوە واقعییەتێکی حاشا هەڵنەگرە و شەرم لە کەس ناکات. ئەو شیکردنەوەیە لە بواری ”بیر” ەوە بوو؛ لە بوارت فیزیکییەوە و بە نیسبەت دەستێوەردانەکانی مرۆڤ لە سروشت یا ئاڵ و گۆری ژینگە و گاریگەریەکانی لە سەر مرۆڤ، کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی – ئابووریش دەبێ بڵێین کە ڕەمزی مانەوە و پێشکەوتن دەگەڕێتەوە بۆ بە ئاگابوون و هوشیاری مرۆڤ و کۆمەڵگا و… لە هەمبەر ئەو ئاڵ و گۆڕانەی کە لە دەورووبەری دەگوزەرێ ”کات و دۆخ ناسی”. دەرهاویشتە زانستییەکان دەریان خستووە کە لە نێوچوونی زۆرێک لە وڵاتانی بەهێز تەنانەت ئێمپراتۆری رۆمیش پێش ئەوەی کە لە ئاکامی لاوازی سیاسی و نزامی بێت لە ئاکامی ئاڵ و گۆڕەکانی سروشتی – ژینگەیی یا کاریگەری نەرێنی و لە ڕادەبەدەری مرۆڤ بووە (بۆ زانیاری زیاتر لەو بابەتە بڕوانە: http://scienceheathen.com).

 لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە پێوەندی ئەم بابەتە بە ئێمە چییە؟ بە سرنجدان بەو خاڵە کە دەرئەنجامە ئاڵ و گۆڕەکانی سروشت لە پێوانەیەکی درێژخایەن خۆی نیشاندەدات بەڵام دەستێوەردانی مرۆڤ لە سروشت لە دوو پێوانەی کورت مەودا (وەکوو لێدانی بەنداو و ڕێگاکان و…) و درێژ مەودا (وەکوو چەوساندنەوەی سروشت لە بواری گژ و گیا کردن و…) خۆی دەردەخات. هێنانەوەی نموونەیەک جوانتر مەبەستەکەمان ڕوون دەکاتەوە.

لە بیرمە تا پێش ناوەڕاستی دەیەی هەشتا لە جوگرافیای بەری مێرگان گژ و گیا کردن بە مەبەستی خواردن بۆ ماڵەوە – گژ و گیا کردن بە مەبەستی فرۆشتن زۆر دەگمەن بوو- گەلێک ئاسان بوو. تەنیا کەسێکی دەویست ئیرادە بکا و بۆ ئەو مەبەستە بچێت بۆ دەشت و دۆڵەکانی دەوروپشتی زێ یا چۆمەکانی ئاوخواردە و ترکەش و… تورەکەی پڕ دەکرد لە کەنگر و پنگە و وەرمزە و… ئەوە تەنیا بۆ مانگی ڕەشەمەیە، کە ساڵ گەرمتر دەبوو واتا مانگی خاکەلێوە قۆناغێک لە نزماییەکان بەرەو بەرزاییەکان هەڵدەکشان و دەچوون بۆ دەورووبەری خڕێ ئاغەڵان و ئەوانەی کە زۆریش حەزیان لەم گژ و گیایانە با دەچوون بۆ بەرزاییەکانی ئاخوران و کانیە زەرد و… . ئەوە بە شێوازێکی دیکە دەتوانێ بۆ گژ و گیاکانی ڕێواس، لووشە و کارگیش ڕاست بێ بەو جیاوازییە کە ئەوان لە بەرزاییەکانی نزیک لە ماڵان واتا چیاکان دەستدەکەوتن. ئەوەی لێرەدا جێی ڕاوەستانە کلتورێکە کە لە وەرزی گژ و گیا دەپاراسترا، واتا ” کلتوری گژ و گیا”؛ هەڵپەڕکێ، چیرۆکی عەشق و خۆشەویستی، یارمەتی دانی یەکتر و… تەنیا گۆشەیەک لەو دەوڵەەندیە کلتورییەمان بیر دەخەنەوە.

بەڵام لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتا و ئەگەر لەگەڵتان ڕاست بم لەو کاتەی ”یارانە” درا بەخەڵک و دەستەچیلەی سیستمی سەرمایەداری ئامادەکرا، نەریتی سەرەوەش تووشی هەڵتەکانێکی بنەڕەتی بوو. ڕوون و ئاشکرایە بە هاتنی سیستمی سەرمایەداری هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە گەڵ ژینگە ئاڵ و گۆڕی بە سەردا دێت و لێرەشدا بە هەمان شێواز لەو ساتەوەختەی مەبەستی گژ و گیا کردن بۆ ماڵەوە جێی خۆی دەدات بە گژ و گیا کردن بۆ ”فرۆشتن” و بە مەبەستی دابین کردنی بەشێک لە داهات ئاسەوارە ژینگەیەکانی بەرجەستەن. لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتا بەو لاوە ئیتر دۆزینەوەی گژ و گیا لە دەوروپشتی زێ و چۆمەکان گەلێک ئەستەم بووە، بە شێوەیەک کە تەنیا مرۆڤی زۆر لێهاتوو و پشوودرێژ دەتوانێ بەشی خواردنی ماڵەوە بدۆزێتەوە. گەر بمانهەوێ زانستی­تر بدوێین دەبێ بڵێین کە لەو کاتەی کە دیارمان کردووە بەو لاوە هێدی هێدی تەرازی جوگرافی گژ و گیای خواردن لە دەوروپشتی زێ بەرەو بەرزاییەکان هەڵکشاوە و گژ و گیاکانی خواردەمەنی تەنیا لە جێگای ئەستەم و کەس نەدیو ماونەتەوە. ئەوە لە جێی خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ زاتی سەرمایەداری و ئامادە نەبوونی ژینگەی وڵات بۆ ئەو شێوازە ئابووریە، بەڵام لەوی بنەڕەتی­تر ئاماژەیەکی پڕ واتایە بۆ ڕێژەی لە ڕادەبەدەری هەژاری لە ناو کۆمەڵگاکەمان. بەهەر حاڵ نزیکترین دەرهاویشتەکانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لە گەڵ ژینگە بریتینە لە چەوساندنەوەی ژینگە و نەمانی زۆرێک لەو گژ و گیایانە و هەروەها بێبەری بوونی سامانی ژینگەی نەتەوە و لەویش دڵتەزێنتر نەمانی ”کلتوری گژ و گیایە” کە ئیتر لە دەست چوو.

وانەیەک کە ئێمە دەبێ لەو بابەتە وەریبگرین ئەوەیە کە ئەگەر دەرمانێک بۆ ئەو دەردە نەدۆزرێتەوە نەمانی گژ و گیا کە هیچ، نەمانی کلتور و کۆمەڵگاشی لێدەکەوێتەوە. بێ گۆمان ئەگەر بنەڕەتیانە لە ڕێشەی ئەو پرسە بکۆڵینەوە ڕێژەی هەژاری کۆمەڵگامان هۆی سەرەکییە کە ئەویش خۆی لە کۆمەڵێک فاکتەری­تر دەبینێتەوە و لە هەموویان گرنگتر سەرکەوتوو نەبوونی سیستمی ئابووری وڵات لە دابین کردنی ئیش و کاره بەڵام لە ئاستی لۆکاڵیش کۆمەڵگا کەمتەرخەم و شکست­خواردوو بووە لە پاراستن و داڕشتنی کلتورێکی ژینگەپارێزی. بۆ نموونە ئەو کەسەی چووبێ بۆ گژ و گیا – کەنگر و…- باش دەزانێ کە پێشینیان وتویانە کە چوی بۆ کەنگر ” لە ڕێشەی هەڵمەقەنە” و لەویش گرنگتر ” پێیدادەوە” واتا کە هەڵتقەند گڵەکەی باوێوە ناو قوڵکەکە. فەلسەفەی ئەو کارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە؛ گیا دووبارە هەڵدەداتەوە و ڕیشەکەش سەرما و تووشی نەخۆشی نابێت. بەڵام سەد حەیف و مخابن کە سیستمی ئێستا بناغەی لە سەر کێبرکێ و خێراییە ئەگەر زوو نەبی پاش دەکەوی. بۆیە لەم کلتورە ژینگە کە دەبێت بە ”موڵکی گشتی” واتای ڕابردووی خۆی لە دەست دەدات. بێ گومان ئەو ژینگە تازەیە مرۆڤی تازەش دەخولقێنی، بۆیە گرنگە کە کۆمەڵگا و سیستمیش هەست بەو ئاڵ و گۆڕە بکات و بەو پێیە بەرنامەی هەبێت بۆ پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵایەتی- ژینگەیی و نەتەوەیی و لە قەراغ ئەویش سیستمێکی کارا لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی دابمەزرێ کە لەگەڵ کات و فەزای سەردەم بگونجێ.