ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هۆی سەرەکی کێشەکانی

ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هۆی سەرەکی کێشەکانی د. ئه ­حمه ­د(شوان) غه­ م په ­روه­ ر: دکتۆرای جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوێیە و بە چ ناسراوە؟ ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ئەم چەمکە لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی هاتۆتە گۆڕێ، بەڵام پێدەچێ لە نێوەندی سەدەی نۆزدەیەم لە بەشی کاروباری پەیوەست بە هێندستان […]

ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هۆی سەرەکی کێشەکانی

د. ئه ­حمه ­د(شوان) غه­ م په ­روه­ ر: دکتۆرای جوگرافیای سیاسی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوێیە و بە چ ناسراوە؟ ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ئەم چەمکە لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی هاتۆتە گۆڕێ، بەڵام پێدەچێ لە نێوەندی سەدەی نۆزدەیەم لە بەشی کاروباری پەیوەست بە هێندستان لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ئەم چەمکە بە کار هاتبێ. چەمکەکە خۆیشی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٢ی زایینی لە لایەن مێژوونووسی زەریایی ئامریکا ئەڵفرێد تایر ماهانەوە بە کار هاتووە. هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کاتێک لە کیشوەری ئەوروپا سەیری ئەو ناوچەیە دەکەی نە ڕۆژهەڵاتی دوورە و نە ڕۆژهەڵاتی نزیک(آلاسدایر و دیگران(۱۳۷۰) جغرافیای سیاسی خاورمیانه و شمال آفریقا، ترجمه دره میرحیدر، چاپ وزارت امور خارجه، صفحه۲۰).

بەڵام بە نیسبەت پانتای جوگرافیایی، هێشتا پسپۆرانی بواری سیاسی نەگەیشتونەتە یەک هەڵوێست کە پانتای ئەم جوگرافیایە لە کوێ تا کوێیە. هەرچەندە بەشێکی زۆر لە سەر ئەم بۆچوونەن کە هێڵێک لە وڵاتی مسڕ بۆ ئێران و لە تورکیا بۆ یەمەن سنووری ئەم جوگرافیایە دیاری دەکات.

پرسیار لە ناسینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە پرسیار لە گرنگایەتی جوگرافیاکە. ڕوون و ئاشکرایە کە گرنگایەتی ئەم ناوچەیە ڕەهەندێکی مێژوویی، ڕەهەندێکی ئابوری و ڕەهەندێکی ژئۆپۆلیتیکی هەیە. لە بورای مێژوویەوە ئەم ناوچەیە وەک زۆرێک لە پسپۆران بە درووستی ئاماژەیان پێکردووە لانکی مرۆڤایەتییە. شارستانیەتی ئێستا قەرزداری مێزۆپۆتامیا و دۆڵی چۆمی نیلە. ڕەهەندی ئابوری بە پێچەوانەی بواری مێژوویی ناوچەکە تەمەنی زۆر کورتە بەڵام ئێستاکە گرنگی ناوچەکە گرێدراوە بە نەوت. ئەو ماددەیەی کە خوێنی پیشەی مۆدێرنەو چارەنووسی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بە هەناسەکانی گرێدراوە. ڕەهەندی ژئۆپۆلیتیکیش ڕەهەندێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ ئەم پانتا جوگرافیایە چوار کیشوەر پێک گرێدەدا؛ خاوەنی دوو تەنگەڵانی زۆر گرنگی جیهانە؛ نزیکترین ڕێگایە بۆ هاموشۆ و بازرگانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا؛ کەواتە گرنگترین ناوچەشە لە بواری ژئۆئێستراتژیک لە جیهانی هاوچەرخدا.

سەرەڕای هەمووی ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسکرا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شتێکی­تریشەوە ناسراوە بەڵام چونکە ئێمە لە ناو دڵی ئەم ناوچەیە دەژین، لە گەڵی ڕاهاتوین و زۆر هەستی پێناکەیین، ئەویش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ”جوگرافیای خوێنە”. ئەگەر بمانهەوێ زانستیانە ئەم تایبەتمەندییە لێکبدەینەوە بێگومان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بواری ڕەهەندی ئابوری و ژئۆپۆلیتیکی ناوچەکە، بەڵام بێگومان بەشی هەرە زۆری ڕیشەی لەم جوگرافیایە داکوتاوە. زۆر بەداخەوە دەبێ بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی کەرتی سیاسەت و پەروەردە دوو عاشقەو باشقەی کارەساتبارن. ئەرکی ئەم دوانەیە دیارە و بەرچاوەو هەموو ڕۆژێ بە چاو دەیبینین، بە گوێ دەیبیسین و هەستی پێدەکەین خوێن رژانی لاوەکانی ئەم نیشتمانە.

          چەند ساڵێکە کە لەم مەسەلەیە دەکۆڵمەوە و تەنانەت تێزی دکتۆرام بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم باسە تەرخان کرد، لەم ڕۆژانە چاوم بە پارچە شێعرێکی گەورە شاعیری کورد شێرکۆ بێکەسی نەمر کەوت کە بە زمانی شێعرەوە جوانتر لە هەموو شرۆڤەکارێک توانیویەتی بنەمای ئەم ”جوگرافیای خوێنە” لە پارچە شێعرەکەیدا بۆمان ئاشکرا بکات.

”وێنەیەک”

چـوار منــداڵی..

تورک و فارس و

عەرەب و کورد

بە ھەر چواریان

وێنەی پیاوێکیان دروستکرد

یەکەم: سەری

دووەم: دەستی

سێیەم: لەشی و قاچەکانـی

چـوارەم: چەکی

کردە شــانی!

…..