کورد و ناوچە ؛ مێژوو و سیاسەت احمد غمپرور کرد و منطقه

کورد و ناوچە مێژوو و سیاسەت بەشی سێهەم؛ کوردستانی تورکیا و کێشەی کورد لەو وڵاتە

کورد و ناوچە  مێژوو و سیاسەت

بەشی سێهەم؛ کوردستانی تورکیا و کێشەی کورد لەو وڵاتە

د. ئه ­حمه ­د(شوان) غه­م په­ روه ­ر: دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی

هەر وەکوو لە وتارەکانی پێشو باس کرا، دوای شەری چاڵدران لە نێوان سوڵتان سەلیمی یەکەم و شاە ئیسماعیلی یەکەم جوگرافیای کوردستان لە نێوان دوو وڵاتی عوسمانی و سەفەویدا دابەش کرا. کوردەکان لە خەلافەتی عوسمانیدا مێژوویەکی تایبەت بە خۆیان تۆمار کرد. دامودەزگای خەلافەتی عوسمانی دوابەدوای سەرکەوتن لە شەری چاڵدران مەلا ئیدریسی بدلیسی وەک چاوساغێک لە سیاسەت و جوگرافیای کوردستان هەڵبژارد تا سیاسەت لە کوردستان دابڕێژێت. مەڵا ئیدریس وەکوو کەسایەتیەکی لێهاتو ”شێوازی حکومەتی میرنشینی” لە کوردستان بە سوڵتان پێشنیار کرد، شێوازێکی سیاسی بەرێوەبردن کە مێژوویەکی کۆنی لە حکومەتداری کوردی تاپۆ کردبوو و سوڵتانیش بە سینگ فرەوانیەوە وەری گرت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە هۆ ڕاستەقینەکانی ئەم ڕەزامەندیە چ بوون؟ لە ڕوانگەی ژئۆپۆلیتیکەوە پێدەچێ سێ هۆکاری سەرەکی لە گوێدان بەو پێشنیارە ڕۆڵی هەبووبێ. یەکەمیان؛ ئەوەی کە ئیمپراتۆری عوسمانی وڵاتێکی پان و بەرین بوو، واتا لە جوگرافیای ئەو وڵاتەدا نەتەوە، ئاینی و زمانی جیا جیا هەبوون. ئێمپراتوری عوسمانیش وەکوو هەموو ئێمپراتوریەکانی هاوچەشنی پێویستی بە گوێدان بەو جیاوازیانە بوو تا حکومەتێکی­ کارا و بێ­کێشە و یەکپارچە دابمەزرێنێ. دووهەمیان؛ دەگەرێتەوە بۆ فرەوانخوازی ئەو ئێمپراتوریە لە ڕۆژئاوا. عوسمانیاکان گەرەکیان بوو پەل بهاوێژن بۆ ئەوروپا و ئیسلام لەو کیشوەرە پەرە پێبدەن، ئەوەش پێش لە هەموو شتێک پێویستی بە ناوماڵێکی ڕێک و پێک و یەکدەنگ و بێ کێشە هەبوو. لە کۆتاییشدا؛ دەبێ ئاماژە بە گرنگترین فاکتەری ئەم قەبوڵکردنە بکەین ئەویش کێبرکێی ژئۆپۆلیتیک لە نێوان ئێمپراتوری سونی و شێعە مەزهەب بوو. عوسمانیەکانی سونی مەزهەب بە بەیانوی مەزهەب توانیبویان سۆزی کوردەکانی سونی شافعی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و وەک ئامرزاێکی بە کەلک لە کێبرکێ لە دژی سەفەوی شیعە مەزهەبە بەکاریان بێنن. ئەوەش بۆ سەرکەوتن نیازی بە ستراتیژێکی دوورمەودا هەبوو، واتا دامودەزگای خەلافەت دەبوایە بە شێوەیەک سۆزی کوردەکان بۆ خۆی بۆ هەمیشە دەستەبەر بکا، لەو نێوەشدا ئیدارەی ناوچە کوردیەکان بە دەست کوردەکان باشترین ئامراز بوو و کوردەکانیش بە کەمتر لەوە رازی نەدەبوون.

هەر دوابەدوای شکستی هەوڵەکانی عوسمانی بۆ داگیرکردنی ئەوروپا، ئاڵ و گۆڕەکان لە کوردستانیش هێدی هێدی دەستیان پێ کرد و تا دەهات دەستێوەردان لە کاروباری کوردەکان زیاتر پەرەی دەسەند، ئەو دەستێوەردانە لە کاروباری جوگرافیای سیاسی کورد بە فەرمانی گوڵخانە(١٨٣٩.م) و دواتر هومایونی(١٨۵۶.م) گەیشتە ئەوپەری خۆی بە شێوەیەک کە لە ١٨۵۶ بەو لاوە حکومەتی کوردی تەواو لە لاپەرەکانی مێژوو سرایەوە. لەو کاتە تا ئێستا جوگرافیای کورد لە تورکیا لە گەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیالێکتیکێکی بێ پسانەوە دایە. کوردەکان دوای بەدرخان بەگ و یەزدانشیر بەرخوەدانەکانیان لە دەوری شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری چڕ کردەوە بەڵام دامودەزگای خەڵافەت توانی بە سیاسەت لە گەڵ وڵاتانی دەوروپشت بە تایبەت ڕوسیا و بریتانیا، لە پشت گوێخستنی خواستی کورد بە سەر ئەم کێشەیەدا، سەرکەوێ. هۆکەشی ڕوونە، بەلای روسیا و بریتانیا دەستەبەر کردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە کێبرکێی دوو هێزی سەرەکی ناوچەکە کە مێژوویەکیان لە سیاسەت لە گەڵیاندا هەبوو باشتر جێبەجێ دەبێ تا دیفاع کردن لە خواستی کورد کە داهاتوی دیار نییە، ئەوەش لە بەستنی پەیمانی ئەرزەرۆم یەکەم و دووهەم لە نێوان دوو وڵاتی ناوچەکە بە بەشداری ڕوسیا و بریتانیا هەروەها پەیمانی برلین بۆ روسیا خۆی نیشاندابوو.

بەڵام کورد لە تورکیا پێکهاتە و بازیگەرێکی بە‌هێزە و پشت گوێخستنی خواستەکانی ئەمرێکی دژوارە. کوردەکان دوای شکستی تێکۆشانی شێخ عوبەیدوڵڵا لە سەرەتای سەدەی بیست هاوشانی تورکەکان لە سیاسەت بەشداریان کرد و توانیان پێکەوە مێژویەک وەک بەهاری تورکیا لە ١٩٠٨.م تومار کەن (دیارە بەهارەکە لە سەر دەستی تورکەکان چێ بوو بەڵام ڕووناکبیری کورد و تێکۆشانی کوردیش لەو دەسکەوتە بەشدار بووە). بەڵام زۆری نەخایاند کە دووبارە گوێنەدان بە ئیرادەی کورد دەستی پێکرد هەر بۆیە کوردەکانیش دەستیان بە بەرخوەدان کرد و شۆرشی کۆچگیریان بەرێوە برد. ئەو دەورە گوزارە لە مێژوی کورد لە تورکیا گرنگە بەڵام بە بایەخ وەرنەگیراوە. چونکە زۆری نەخایاند کە تورکەکان لە شەری سەربەخۆبوون پێویستیان بە سۆز و هاودەنگی برا کوردەکانیان بوو کە بە سینگ فرەوانیەوە ئەم خواستە لای کورد پەسەند کرا، بەو شێوەیە کوردەکان بون بە فاکتەرێکی بەهێز لە سەربەخۆیی تورکیا کەچی هەر دوای ئەو دەسکەوتە گرنگە بەندەکانی خودموختاری پەسەندکراو لای مستەفا کەماڵ جێی خۆیان دا بە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە کە مافی کوردی لە دەوڵەتی نوێی تورکیا پێشێل دەکرد.

لەو کاتەوە واتا ١٩٢٣.م تا ئەمرۆ کورد لە بەدەستهێنانی مافەکانی نەوەستاوە. شۆڕشی نەهری، ئارارات، دەرسیم لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست لە لایەن کورد ڕویدا کە هەر هەمویان سەرکوت کران. ئەوە تەنیا دوای کۆتایی هاتن بە حکومەتی تاک حیزبی لە پەنجاکانە کە کورد توانی لە چوارچێوەی ڕەوتی چەپ لەو وڵاتە بەشێوەی نەرم باس لە گوێنەدانی دەوڵەت بە ناوچە کوردستانیەکان بکات، ئەگینا تورکیا هەر دوای سەربەخۆیی هەموو مافێکی لە کورد زەوت کرد، تەنانەت کوردەکانی بە ”تورکە کێویەکان” بە دنیا دەناساند کە بە هۆی ئەستەمبوونی جوگرافیایان زمانی تورکیان لە بیر چۆتەوە. هەروەها نێوی کوردستان قەدەغە بوو. لە پرۆژەی بە تورک کردنی کورد، دەوڵەتی تورکیا بە هۆی دوو جەمسەری جیهانی ژئۆپۆلیتیکی دەستی لە هەموو شێوە رەفتارێک بەرامبەر بە گەڵی کورد ئاواڵا بوو. لە دوای کۆتایی هاتن بە تاکرەوی سیاسی لەو وڵاتە لە دەیەی شەست، کوردەکان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی کلتوری شۆرشی ڕۆژهەڵات ناسراو بە (ddko) توانیان پرسی کورد لە تورکیا ئەویش لە گوشەنیگای کلتوری و ئابوری بخەنە بەرباس و گفت و گۆ و ئیدانەی سیاسەتی دەوڵەت لە ناوچە کوردستانیەکان بەتایبەت زوڵم و زۆری دەرەبەگەکانی سەر بە دەوڵەت لە خەڵک و کردەوەی هێزەکانی نیزامی ئەو وڵاتە لە کوردستان بکەن، کە ئەو تێکۆشانەش لە لایەن دەوڵەتەوە ڕێگەی پێنەدرا.

کێشەی کورد لەو وڵاتە لە کۆتایەکانی ١٩٧٠.م لایەنێکی تازەی بەخۆوە گرت. بە هۆی چەق بەستویی کەشی سیاسی لەو وڵاتە، کوردەکان لە قەوارەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیان بە دیالێکتیکێکی تازە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کرد. بەڵام باجی ئەو دۆخە لە سەر هەردوو لا زۆر گران تەواو بوو. دەوترێ زیاتر لە ۴٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە. بە کۆتایی جەمسەر بەندی ژئۆپۆلیتیک لە سەر ئاستی جیهان و گۆران لە سیاسەتی ناوخۆ بە هاتنە سەرکاری تورگوت ئوزال، دۆزی کوردیش لەو وڵاتە گۆڕانی بە سەر دا هات. هێدی هێدی تابۆکانی سیاسی لە هەمبەر پرسی کورد لە تورکیا ڵێڵ بوون و کورد توانی لە سایەی کارا بوونی سێکوچکەی ” پ. ک. ک – نەمانی جەمسەر بەندی ژئۆپۆلیتیکی جیهانی – ئۆزال و گۆڕان لە سیاسەتی ناوخۆ”  بۆ بەرەو پێش چونی مافەکانی بە شێوەی سیاسی کار بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانی کڵاوڕۆژنەی تازە بەرەو مافەکانی بکاتەوە و ئەتمۆسفێرێکی ئازادتر لە سیاسەتی تورکیا دروست بکا. بێگومان لە بەدی هاتنی ئەو کەشە نابێ ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە بەر چاو نەگرین، کە بۆ وەرگرتنی تورکیا مەرجی باشکردن و گۆران لە مامەڵە کردنی سیاسەت لە هەمبەر مەسەلەی کامایەتیەکان بە تایبەت کوردی وەک مەرجێکی سەرەکی دانابوو.

بە هاتنی سەدەی بیست، پرسی کورد لە تورکیا، قۆناغێکی تازەتری تۆمار کرد. ئەزمونی دەیەیەک لە سیاست بە شێوەی ڕێگەپێدراو سیاسەتمەداری تورکی بەو قەناعەتە گەیاند کە تێچوی ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ تورکیا لە بواری مادی و مرۆیی زۆر کەمترە، هەر بۆیە ڕێگەکان بۆ حیزبی داد و گەشەپێدان لەو جۆرە سیاسەتە، هەموار بوو کاتێک ئەردۆغان سیاسەتی ”کرانەوەی دێموکراسی” لە هەمبەر مەسەلەی کورد ڕاگەیاند. بەو شێوەیە کورد توانی پرسی ماف لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا بەرەو پێش ببات بەڵام ئەزمونی سیاسی لەو چەند ساڵە نیشانی داوە کە کورد لە تورکیا بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ڕێگای زۆری برێوە و تا بەدەست هێنانی گشت مافەکانی ڕێگای ئەستەمیشی لەبەر ماوە. هۆکەشی بۆ ئەو خاڵە زێرینە دەگەڕێتەوە کە دێموکراسی و سیاسەتی دێموکراسیانە بەرامبەر بە جیاوازیەکانی قەومی، کلتوری، مەزهەبی و هتد پێویستی بە کلتورە و هەر شێوازە مامەڵەیەکی­تر وەک ڕوانینی پرۆژەیی و بابەتیانە بۆ ئەو مەسەلەیە هەڵەیە. باشترین بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەو بۆچونە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە کە پاش ماوەیەک لە گرتنە پێشی سیاسەتی کرانەوەی دێموکراسی دواتر هەر بۆ سیاسەتی پێشوو و مێژوویەکەی گەرایەوە.

کورد و ناوچە  مێژوو و سیاسەت

بەشی سێهەم؛ کوردستانی تورکیا و کێشەی کورد لەو وڵاتە

برای اشتراک این مطلب در تلگرام کلیک کنید
http://piranshahrrudaw.ir/?p=2401


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

5 × یک =