کورد و ناوچە مێژوو و سیاسەت بەشی یەکەم

کورد و ناوچە؛ مێژوو و سیاسەت بەشی یەکەم: شیکاری زانستی – فەلسەفی پرسی کورد د. ئه ­حمه ­د غه ­مپه ­روه ­ر (شوان): دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی وا بڕیارە ٢۵/٩ ی ئەو ساڵ (۲۰۱۷٫م) لە هەرێمی کوردستان ڕێفڕاندۆم بەڕیوە بچێ. هەر بۆیە بە پێویستمان زانی لە ڕوانگەیەکی بێ لایەنانە لە زنجیرە وتارێکدا ئەم باسە بخەینە ڕوو […]

کورد و ناوچە؛ مێژوو و سیاسەت

بەشی یەکەم: شیکاری زانستی – فەلسەفی پرسی کورد

د. ئه ­حمه ­د غه ­مپه ­روه ­ر (شوان): دوکتۆرای جوگرافیای سیاسی

وا بڕیارە ٢۵/٩ ی ئەو ساڵ (۲۰۱۷٫م) لە هەرێمی کوردستان ڕێفڕاندۆم بەڕیوە بچێ. هەر بۆیە بە پێویستمان زانی لە ڕوانگەیەکی بێ لایەنانە لە زنجیرە وتارێکدا ئەم باسە بخەینە ڕوو و شەن­و کەوی کەین.

کورد بە یەکێک لە نەتەوە ئێکۆلۆژیکەکانی –ڕەسەن- جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێ. ئەم بۆچونە جیا لە تورکیا کە هەڵبەتە ئێستا گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، هەموو لە سەری کۆکن و لە گەڵی دانە. نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی نەبووە تەنانەت مادەکانیش گەر بێت و بە دەوڵەتێکی کوردی دا بنرێن، پێدەچێ زیاتر لە حکومەتێکی خۆجێی نەبووبێ، خۆجێیەکی ناسانتراڵ(نامتمرکز) لە بواری سیاسی (هەندێک پێیان وایە کە لە هەرێمی مادی ئەو کات ٢٧ سەرۆک فەرمانراویی ٢٧ وڵاتیان دەکرد). ئەم بۆچونەش، بێگومان دەبێتە جێی ڕەخنە بەڵام دەکرێ ڕاست بێ، بەو هۆیەی کە؛ یەکەم جوگرافیای کوردستان زۆر ئەستەمە؛ دووهەم لۆجێستیکی ئەو کات زۆر سەرەتایی بوون.

لە دوای مادەکان بەو لاوە کورد هیچکات دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەبووە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە جوگرافیای کورد لە سیاسەتی کوردی بێبەری بووە. کورد بە درێژایی مێژوو لە سەر ئەم جوگرافیایە حکومەتی کردووە بەڵام بە شێوازی کوردانە. واتا کورد لە مادەوە بەو لاوە بە شێوەی میرنشین سیاسەتی کردووە و خۆی بەڕیوە بردووە. هەر دوا بەدوای شکستی مادەکان، تێکۆشانی جوگرافیای کورد بۆ خۆبەڕیوەبەری دەستی پێکرد و لە مادی ئاترۆپاتێن بە ئاکام گەیشت. میرنشینی ئاترۆپاتێن لە سەردەمی ئەسکەندەر بەشێک لە وڵاتی کوردانی بەڕێوە دەبرد، دیارە ئەم خۆبەرێوە بردنە لە لایەن ئەشکانیەکان لە ناو چوو بەڵام کوردەکان وڵاتی خۆیانیان بەڕیوە دەبرد. ئەو ڕەچەڵەکە سیاسیە بە درێژایی مێژوو لە کار کردن نەوەستاوە. کەمێک دوای سەدەکانی زێرینی ئیسلام، وڵاتی کوردان لە لایەن چەند میرنشینێکی کوردی وەکوو شەدادیان، مەروانیان و حەسنەویان بەڕێوە دەچوو. هەر چەند نابێ خۆ لەو خاڵە بدزینەوە کە بە هاتنی مەغولەکان وڵاتی کوردانیش زەبروزەنگێکی زۆری بەر کەوت بەڵام ئەو وڵاتە ئەمری سیاسی خۆی هەر کردووە تەنیا لە دەورەی زەنگیان گوشارەکان زیاتر بون. لە سەدەی شازدەی زایینی بەو لاوە وڵاتی کوردان هەر وەکوو مەلای بدلیسی باسی لێوە دەکا بە کۆمەڵێک میرنشین ڕەنگین بووە کە تا نیوەی سەدەی نۆزدەی زایینی درێژەیان دەبێ.

کەواتە بە دڕێژایی مێژوو وڵاتی کوردان لە لایەن کوردان بەڕێوە چووە بەڵام نەک بە شێوەی دەوڵەتی کوردی بەڵکوو بە شێوەی میرنشین. ئەم شێوە بەڕێوە بردنە کە من ناوم ناوە ” نیشتمان/فەرهەنگ” تایبەتمەندی خۆی هەیە؛ یەکەم ئاشتی خواز بووە، هیچکات نەبۆتە هەڕەشە لە سەر هیچ وڵاتێک، لە هەمان حاڵدا ڕێگەی بە هیچ وڵاتێکیش نەداوە کە حوکمیان بکات بەڵکۆ بە دانوستان لە سەر هەندێک مەسەلە وەک دانی باج و ناردنی سەرباز بۆ حکومەتی ناوەندی ڕیک کەوتوون لە بەرامبەردا وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتیش ڕێزیان لە ئەمری سیاسی کوردی گرتووە. دووهەم کورد توانیویەتی لە سایەی ئەو میرنشینانە کلتور و داب و نەریتی خۆی بپارێزێ و تا ئێستای بێنێ. بۆیە لێرەدا موعجزەی کوردی خۆی دەردەخا کە چۆن بێ دەوڵەت توانیویەتی بمێنێتەوە.

بەڵام ئەم حکومەتە ”نیشتمان/فەرهەنگ”ە بە هاتنی بیری مۆدێرن لە ڕۆژئاوا تەنگی پێ هەڵچنرا. بە هاتنی بیری مۆدێرن لە ڕۆژئاوا گەورەترین داهێنانی مرۆڤ واتا ”دەوڵەت – نەتەوە” هاتە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو ژینگەیەی کە تا ئەو سەردەم تا ڕادەیەکی زۆر بە پێی کلتوری خۆی سیاسەتی دەکرد. بیری دەوڵەت – نەتەوە وا دەخوازێ کە هەر نەتەوەیەک دەبێ دەوڵەتی خۆی هەبێ و حوکمی خۆی بکا، واتا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو شیوازە بەڕیوەبردنێک کە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لاواز بکا، دەبێ دژایەتی بکرێت. هەروەها هەموو قەوم، نەتەوە و مەزهەبێک بە ”کەسی­تر” واتا ”other” پێناسە دەکرێت کە دەبێ ببێ بە ”ئێمە” دەنا دەبێ بەربەرەکانی بکرێت چونکە ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسی. پێدەچێ ڕەگەکانی ئەو بیرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە بۆ شەری چاڵدران لە ساڵی ١۵١۴.م، بەڵام زانستی­ترە کە لە سەدەی نۆزدەیەم بۆ ئەو بیرە بگەڕێین. بە شێوەی کردەیی دەبێ خوێندنەوەیەکی قوڵمان بۆ فەرمانی گوڵخانە(١٨٣٩.م) و هومایونی(١٨۵۶.م) لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانی هەبێ چونکە هەر بە دەرچوونی ئەم فەرمانانە میرنشینە کوردیەکانیش لە لاپەرەی مێژوو سڕانەوە. هەر بە ڕووخانی میرنشینە کوردیەکان شۆڕشەکانی کورد بۆ دامەزراندنی حکومەتە خۆجێیەکان لە لایەن میر محەمەدی سۆران، بەدرخان بەگ و هتد دەستیان پێکرد و بە بینینی زوڵم و زۆری زیاتر پرسیارێکی مێژوویی لای ڕێبەرانی کورد دروست بوو ئەویش بریتی بوو: ”بۆ ئێمە نابێ دەوڵەتی خۆمان هەبێ.” بۆ ئەم مەبەستە تێکۆشانەکان بە درێژایی سەدەکانی نۆزدە بەم لاوە نەوەستان و هەڵسوکەوتە ناشیرینەکانی تورکیا و عێراقیش وای کرد کە پرسیارەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لای خەڵک گرنگتر بێ و ببێت بە پرسیارێکی ”حەیاتی”. هەر ئەو کردەوانەی بیری دەوڵەتی مۆدێرنی نەتەوەی سەردەستە کە وای کردووە حکومەتی هەرێم بریار بدا لە ٢۵ ی ٩ ی ٢٠١٧ ڕفراندۆم بەڕیوە ببات کە لە وتاری داهاتوو بە تێر و تەسەڵتر لە سەری دەدوێین.