پیرانشهر یا خانێ

پیرانشهر یا خانێ به قه له می د. ئه­ حمه ­د غه ­مپه ­روه ­ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی بۆ کەسێک کە دانیشتوی شاری خانێیە پرسیار لە ”نێوی شاری خانێ” پرسیارێکی هەمیشەییەو بەردەوام لە مێشکیدا دەور لێدەداتەوە. هەڵبەتە ئەوە شتێکی زانستی و سروشتیە چونکە مرۆڤ لەو جێگایەی کە لێی لە دایک دەبێ یا خود بۆ ماوەیەکی […]

پیرانشهر یا خانێ به قه له می د. ئه­ حمه ­د غه ­مپه ­روه ­ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی

بۆ کەسێک کە دانیشتوی شاری خانێیە پرسیار لە ”نێوی شاری خانێ” پرسیارێکی هەمیشەییەو بەردەوام لە مێشکیدا دەور لێدەداتەوە. هەڵبەتە ئەوە شتێکی زانستی و سروشتیە چونکە مرۆڤ لەو جێگایەی کە لێی لە دایک دەبێ یا خود بۆ ماوەیەکی زیاتر لە چەند ساڵێک لێی نیشتەجێ دەبێ پێوەندییەکی روحی لە نێوان مەکۆ و مرۆڤ چێ دەبێ کە لە لایەک ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێ و لە کاتی دووری لێکدابڕانیش هەستێکی نوستالۆژی دروستدەکا. کەواتە مەکۆ شوناس دروستدەکا، کۆمەڵگا ڕێکدەخا، کلتوری تایبەت بنیات دەنێ و لە جێ و کاتی خۆیدا تەنانەت دەبێت بە سیاسەت و شووناسی سیاسی دەبەخشێ. بۆیە زانینی ریشە و ڕەچەڵەکی ‘خانێ’ پێویستە. ئەم پێویستیە زیاتر خۆی نیشان دەدا کاتێک بۆچونی جیاواز هەبێ. هەندێک لە سەر نێوی ”خانێ” ڕاوەستە دەکەن، هەندێک وای بۆ دەچن کە ‘پیران’ ڕاستە کە ئاماژەیە بۆ خێڵێکی کورد کە دەوترێ لە بەشی کوردستانی سوریا هاتوە؛ بۆچونی سێهەمیش کە دەتوانین بە بۆچونی مێدیایی ناوزەدی کەین لە چوارچێوەی فیلمێک کە لە سەر بەنداوی سێڵوێ بڵاوکرایەوە ئەویش پێوایە کە ‘پیران’ ڕاستە؛ بەڵام نە لە گۆشەنیگای ڕای سەرەوە بەڵکۆ لەم ڕوانگەیە کە پیران ئاماژەیەکە بۆ یەکێک لە پاڵەوانەکانی شانامەی فێردوسی پارسی.

لێکۆڵینەوە لە دەقەکانی لەبەردەست ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ”خانێ” نێوی ڕاستەقینەی ئەو شارەیە کە ئێستا پێی دەڵێن پیرانشار نەک پیرانی خێڵی کورد و پیرانی پاڵەوانی شانامە. ژاک دمۆرگان گەریدەی فەرانسەوی کە لە ساڵی ١٨٩٧ لە ئێران بووە، لە کارە زانستیەکەی خۆی بە نێوی کوردستان لە لێکۆڵینەوەی دمۆرگاندا کاتێک دێتە سەر تەوەری شارەکانی بەشی موکریان دوای باسکردن لە سەردەشت، سابڵاغ و بانە باسی شاری دیکە لەو ناوچەیە ناکا و دەڵێ: ”ناوچەکانی­تری موکریان پێویست بە باسکردن ناکەن و گشت ناوچەکانی­تر گوندی بچووکن کە هەموویان لە یەکتر دەچن”(دمۆرگان؛ لاپەڕە ۵٩). (بڕوانە؛ ژاک دمۆرگان(۲۰۱۲) کوردستان لە لێکۆڵینەوەکانی دمۆرگاندا، وەرگێڕانی سەعید خزری و ئاسۆ عبدالرحمن، چاپخانەی گەنج، سلێمانی). کەواتە لەو سەردەمدا (کۆتایی سەدەی نۆزدە) شارەکەمان دێهاتێک زیاتر نەبووە.

لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو دەگەین بە دەقێکی فەرمی و باوەر پێکراوی­تر کە ئەویش ‘فەرهەنگی جوگرافیای ئوستانەکانی ٣ و ۴ ئازەربایجان’ ە کە لە ساڵی ١٣٣٠ لە لایەن دایرەی جوگرافیای ستادی ئەرتەشەوە چاپ کراوە. ئەم فەرهەنگە لەو بوارەدا بەم شێوەیە

دەنووسێ: پیران نێوی یەکێک لە ”دێستانەکانی” شەشدانگی سەر بە شاری مەهابادە. ئەم ”دێستانە” لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای مەهاباد هەڵکەوتووە(سازمان جغرافیای کشور؛ لاپەڕە ١١٢). کەواتە لەو دەقە فەرمیە ئێمە دێستانێکمان هەیە بە نێوای پیران کە دووهەمین پلەیە لە پلەبەندی ڕێکخستنی وڵات. پلەکانی سەرەوتری ئەو بە تەکوز بریتین لە شارستان، ئۆستان و لە کۆتاییدا وڵات.

فەرهەنگی ستادی ئەرتەش لە دریژەی باسەکەی لە بەشی “خانێ”دا (کە هەڵبەت ئەو بە ڕێنووسی فارسی ”خانە” دەنووسێ) دەڵێ: ”خانێ” دێهاتێکە لە دێستانی پیران سەر بە شاری مەهاباد، لە۶٠ کیلۆمتری ڕۆژئاوای ئەو شارە لە سەر رێگای خیزڕێژی “خانێ” بە نەغەدەیە. دانیشتوانەکەی سونی و کوردن(سازمان جغرافیای کشور؛ لاپەڕە ١٨٧). کەواتە لێرە دیار دەکەوێ کە ”خانێ” دێیە و بە پێچەوانەی دێستان کە ئاماژەیەکی سیاسی – ئیدارییە، لە سەر ئەرزی واقع بوونی هەیە. ئەم فەرهەنگە بە هیچ شێوەیەک باسی شارێک بە نێوی پیرانشهر یا پیرانشار ناکات. فەرهەنگەکە هەر لە درێژەی باسەکەشیدا دەنووسێ کە ڕێگای خیزڕێژی ”خانێ” نەغەدە و ”خانێ” بۆ سنووری عێڕاق لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو دێستانە ”واتا دێستانی پیران” تێپەڕ دەبێ. ئاوی دێیەکە ”واتا خانێ” لە چۆمەکانی لاوێن و بادین­ئاوە و کانیاوی کوێستانەکان دابین دەبێ (هەر ئەو؛ لاپەڕە ١١٢).

عەبدوڵڵا غەفوریش لە فەرهەنگی جوگرافیای کوردستان ڵاپەڕە ٣٠ زانیاری زیاتر لە سەر نێوی شار و گۆڕانی دەداتە دەست و دەنووسێ؛

”خانێ” قەزایەک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە. لە ئابانی ساڵی ١٣٣٨ ه.ش دا، لە بەیەک بەستانی دێستانەکانی پیران و لاجانی کۆن و مامەش، ناحیەی خانێ بە ”ناوەندێتی شارۆچکەی خانێ” دروستکرا، دواتر ناوەکەی بۆ پیرانشار گۆڕدرا(بروانە؛ عەبولڵا غەفور(٢٠٠٢) فەرهەنگی جوگرافیای کوردستان، سلێمانی، چاپکراوەی چاپ و پەخشی سەردەم). گۆڕانی نێو لە ”خانێ” بۆ ”پیرانشهر” شتێکی نامۆ نییە، چونکە لەو سەردەم بیری ناسیۆناڵیستی و کۆنەخوازی پاشایەتی لە ئەوپەڕی بوو و شاری خانێش وەکوو زۆر شوێنی­تر(وەکوو ڕەزایە، شاپور و…) شووناسی خۆی لە دەست دا و چەواشە کرا. ڕژیمی پاشایەتی کۆنەخواز بۆ خزمەت گەیاندن بە بیری ناسیۆناڵیستیەکەی بە کەڵک وەرگرتن لە شانامە، نێوی خانێ دەگۆڕێ بە پیرانشهر. بە ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی کارێکی زۆر پێویستە و لە جێی خۆی دایە کە نێوی شارەکەش بگەڕێتەوە بۆ نێوی پێشووی کە نێوێکی تەواو جوگرافیە و ئاماژەیە بۆ ئاوەدانی هەر وەکوو لە ژێرەوە ڕوونکراوەتەوە.

”خانێ” لە ڕیشەی ”خان” وەرگێڕاوە. خان (xān) لە فەرهەنگی مۆعین بە خانە، سرا، کاروانسرا، دەسەڵات­داران مانا کراوەتەوە(فەرهەنگی موعین؛ لاپەڕە ۶١٢) (بڕوانە: محمد معین(١٣٨١) فرهنگ معین، تهران، آدنا: کتاب راه نو). فەرهەنگی عەمیدیش ”خان” بە دوکان، مەیخانە و کاروانسەرا، ڕەئیس و ئەمیر مانا دەکاتەوە(عەمید؛ لاپەڕە ۴٧٢). (بڕوانە؛ حسن عمید(١٣٨٩) فرهنگ فارسی عمید، تهران، نشر راه رشد).

مامۆستا هەژاریش لە هەنبانە بۆرینە کە لە ساڵی ۶٩ لە چاپ دراوە لە پێش خانێ دەنووسێ؛ شارێکە لە کوردستان(هەژار؛٢٣٩). دواتر ”خان” بە نازناوی دەسەڵات­داران و کاروانسەرا مانا دەکاتەوە(هەژار؛ لاپەڕە ٢٣٨).(بڕوانە: عبدالرحمن شرفکندی(١٣۶٩) فرهنگ کردی-فارسی هەنبانە بۆرینە، تهران. نشر سروش). بە هەمان شێوە فەرهەنگی زانکۆی کوردستان لە پێش ”خانه” دەنووسێ: نێوە؛ مانای خانوو، جێگە، شوێن، شوێنی نیشتەجێ بوونیشی بۆ تۆمار کردووە(ماجد مردوخ کردستانی؛ لاپەڕە ٩٣٩). (بڕوانە؛ ماجد مردوخ کردستانی(١٣٨۵) فرهنگ فارسی-کردی دانشگاه سنندج، نشر دانشگاه سنندج). لەو مانایانەی کە بۆ خانێ کراوەتەوە پێدەچی کە بە هۆی کانیاوه­کانی باش و پرئاوی زەرگەتن و کۆنەخان، مەکۆیەکی باشی بۆ پشوودانی ڕاگوزەرو کاروانەکان دەستەبەر کردبێ. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە گوڕ و تینێکی زیاتر لە دەوروبەر بە خۆوە بینیبی، هەر بۆیە ئاوەدان­تر بووە و کاکڵەی دێهاتێک بنیات بنێ کە دواتر بۆتە مەکۆیەکی خزمەتگوزاری بۆ دابینکردنی شتومەکانی ناوچەکە و لە کۆتاییشدا بوو بە شار.

پیرانشهر یا خانێ