ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور
ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور سندوقی ئاو ڕێگە چارەیەکی مسۆگەرکراو بۆ قەیرانەکانی ئێستا و داهاتووی ژینگەی “خانێ و سەردەشت” ئه حمه د غه م په روه ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی ڕووباری زێ لە بەرزایەکانی کێوەڕەش هەڵکەوتوو لە سنووری ئێران و عێراق سەرچاوە دەگرێ. لە سەرەتا بە چۆمی “لاوێن” دەناسرێ. بەڵام لە مەکۆی ڕشتنی […]
ڕووباری زێ ؛ مێژوو، ژیان و کلتور
سندوقی ئاو ڕێگە چارەیەکی مسۆگەرکراو بۆ قەیرانەکانی ئێستا و داهاتووی ژینگەی “خانێ و سەردەشت”
ئه حمه د غه م په روه ر(شوان): دکتۆرای جوگرافیای سیاسی
ڕووباری زێ لە بەرزایەکانی کێوەڕەش هەڵکەوتوو لە سنووری ئێران و عێراق سەرچاوە دەگرێ. لە سەرەتا بە چۆمی “لاوێن” دەناسرێ. بەڵام لە مەکۆی ڕشتنی چۆمی گەدە بە لاوێن نێوی “زێ” بە خۆوە دەگرێ. لە درێژەدا لە چۆمەکانی قەڵاتەڕەش، بادینئاوا، نەڵێن، ئاوخواردە، پردانان و… تێرئاو دەبێ. ڕووباری زێ لە سنووری ئێران و عێراق لە باشووری دێهاتی دیناران هەڵکەوتوو لە باشووری سەردەشت، دوای ڕشتنی ڕووباری چۆمان کە ئاوەکانی ناوچەی بانە کۆدەکاتەوە، بەرەو ڕۆژئاوا ڕێگای خۆی دەگۆڕێ. لێرەدا سنووری عێراق و ئێران پێکدێنێ و دواتریش لە هەرزەنە یا مەرزەنە دەڕژێتە ناو کوردستانی عێراق بەمشێوەیە ئەو پێرە چۆمە بە ڕوح ئاوەدان، ڕیگا مێژووەکەی خۆی درێژەدەدا.
بەو پێیەی لەسەرەوە باس کرا، ئەم چۆمە بەشێکی دانەبراوی ژینگەی “خانێ و سەردەشت”ە و خاوەن مۆرکێکی ئێکۆلۆژیانەیە. بە واتایەکیتر بوون و هەستی چۆمی زێ بە ناو هەست و نیستی تەواوی ئەم ژینگەیەدا ڕۆچووە و لە هەموو کەلێن و قوژبنەکانیدا خۆی تۆمار کردووە و ڕەنگیداوەتەوە. لە مۆسیقا، دەرونناسی، کلتور و تەنانەت بۆتە ‘ژێن” و بە خوێنی مرۆڤ و بوونەوەرەکانیدا ڕۆچووە. پرۆفیسۆر کارێل یۆنگ لە پەرتووکە بەنرخەکەی بە ناو و نیشانی “مرۆڤ و هێماکان” باسی ئارکیفۆرمەکان دەکا و لە لایەنی دەرونناسانە زۆرێک لە کلتور و داب و نەریتەکان لەم ڕێگایەدا شێدەکاتەوە. ئێمەش پێمانوایە چۆمی زێ خاوەن ئەم تایبەتمەندیەیەو دیارە بە ڕواڵەت کەمتر هەستی پێدەکرێ بەڵام بەشێکی بەرچاو لە ژینگەی کلتوری/مێژووی “خانێ و سەردەشت” پەیوەستە بە وجوودی چۆمی زێ و شرۆڤەی زۆرێک لە هەڵسوکەوتە کلتوری و موسیقایەکان بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئەم چۆمە نەزۆکە.
بەڵام چۆمی زێ و ژینگەکەی ئێستاکە لە هەمبەر دوو هەڕەشەی بەهێزن کە بەداخەوە هەر دووکیان جێپەنجەی مرۆڤیان پێوەدیارە. یەکەمیان گۆڕانی کەش و هەوایە و ئەویتریان چێ بوونی دووبەنداوی ئامادەبەکار (کۆڵەسە و سێڵوێ) و دوو بەنداوی لە بەرنامە (کانیەسێو و باوەلە) لە گەڵ کۆمەڵێک وردە بەنداوی دیکە لە سەر ڕووبارەکانی بادینئاوا و پردانانە.
بە پێی دواین ئامارەکانی IPCC و سێهەمین ڕاپۆرتی نیشتمانی گۆڕانی کەش و هەوای ئێران لە ئاکامی گۆڕانی کەش مامناوەندی پلەی گەرمای ساڵانە لە ئاوڕێژگەی زێ ۶/. – ۶۵/. سلیسیوس بەرزی بە خۆوە دەبینێ. لە هەمان کات مامناوەندی بارینی ساڵانە ./۶ – ./۱- لە سەر سەد کەمبوونەوە بەخۆوە دەبینێ. هەر بە پێی ئامارە ڕەسمیەکان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە پێی ایندێکسی پارێزگاری سەرچاوە ئاویەکان لە ساڵی ئاوی ٩٣-٩٢ تووشی حاڵەتی قەیرانی ئاوە و بەو پێیەش بێ ناوچەکە بە گشتی و ژینگەی زێ بە تایبەتی داهاتوویەکی تەمومژاوی چاوەڕێان دەکا. بۆ ژینگەی زێ ئەم تەمومژاویە بە چێ بوونی هەڕەشەی دووهەم (زێدەڕەوی لە بەنداوەکان) ئاڵۆزی زیاتر بە خۆوە دەبینێ.
پێمان خۆش بێ یا ناخۆش بە تێرامان لە هەڕەشەی دووهەم واتا چێ بوونی زیاد لە ئەندازەی بەنداوەکان لە سەر ڕووباری زێ چەمکی “ڕشانەوەی بەرێوەبردن و گوێنەدان بە زۆر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، سروشتی، ئابوری و….” خۆ دەداتە دەست. ئاسەواری بەنداوەکان لە سەر ژینگەی “خانێ و سەردەشت” و رووباری ئەفسوناوی زێ لە بواری جۆراوجۆر دەبێ لێکدانەوەی بۆ بکرێ. لە ڕەهەندی دەرەکیەوە یا خود هیدرۆپۆلیتیکەوە دیارە کارتێکی گوشار دەبێ لە سەر عێراق کە کاتی خۆی زۆری مافی ئێران پێشێل کردووە بەڵام هەروەک لە وتاری پێشوو باسم کرد برینی ئاوی زیاد لە ئەندازە سێ هەڕەشەی لێدەکەوێتەوە. ١- هەڕەشەی شەڕ لە نێوان دوو وڵات، ٢- هەڕەشەی ژینگەیی؛ بە هۆی ئەوەی کە سیستمی باکان لە ڕۆژئاواوە دێت، ئیشک بوونی ناوچەی عێراق بە واتای ئەوە دێت کە ناوچەی “خانێ – سەردەشت” لە داهاتوودا دەبێ چاوەڕوانی تۆزوخۆڵی زیاتر بکەن و ئەمەش لە کۆتاییدا هەڕەشەی سێهەم واتا هەڕەشەی ئێکۆسیستمی لە نێوان دوو ولات بەدوای خۆیدا دێنی، بەو پێیە دەبێ لە هەر دۆخێکدا ڕەچاوی ژینگەی کوردوستانی عێڕاق بکرێ و ئاوی پێویست بەردرێتەوە.
بەڵام بۆ لێکدانەوی ئاسەواری ناوخۆیی بە هۆی قوڵایی و ئاڵۆزی ئاسەواری نەرێنی دەبێ ڕەهەندی جۆراوجۆر باس بکرێت. دیارە بەنداوەکان دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی برق (لە کۆڵەسە)، ئاودێری و تەیارکردنی ئاو (تەنزیمی ئاو) بەڵام ئەم لایەنانە ئەوە ناگەیەنن کە ئێمە لایەنەکانی نەرێنی نەخەینە بەر باس. دوو بەنداوی سێڵوێ و کانیەسێو بەنداوی گواستنەوەی ئاون، واتا زەرەر و زیانیان بۆ ژینگەی خانی/سەردەشت و بە گشتی زێ زیاترە لە خێر و بێریان. هەرچەند بە هەندێک پرۆژەی ئاودێری هەوڵدراوە چاوی ژینگەی ناوچەکە بنووسێنن بەڵام بیری ئستراتژیک و درێژخایەن هیچ شتێک لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. گواستنەوی ئاو بۆ گۆلی ورمی ئەو گۆلەی کە لە ئاکامی کرداری سروشتی و مرۆیی ئیشک بوو و بوو بە بەشێک لە مێژوو ئاسەواری نەرێنی زۆر لە سەر سروشتی دەوروبەری زێ بە جێ دێڵێ. بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەکی زانستی لە ئاکامی ئەم ڕاگواستنە ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی مامناوەند ۹۲/۲ متر دەچێتە خوار و لە ئاکامی ئەم ڕوودانە بەشی باکووری دەشتی خانێ تووشی ڕۆچوونی خێرای زەوی دەبێت و بەشی باشوو و ڕۆژئاواش بە شێوەیەکی هێدیتر ئەم دۆخە بە خۆوەدەبینێت.
ئەوە تەنیا بەشێکی ئاسەواری نەرێنین. لە ئاکامی ئەم هەموو بەنداوە کە لەسەر لەشی ئەم ژینگە بێزمانە درووست دەکرێن مرۆڤ دەبێ چاوەڕوانی شتی زۆر خەراپتر بکات. کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبار لە خوارەوەی بەنداو دەبێتە هۆی:
-
گەرمبوونی زیاتری ئاو. ئەمە هەم کەش و هەوا ڕیگەی بۆ هەموار دەکا بەو شێوەی کە لە پێشەوە باسمان کرد و هەمیش واقعێکە کە ئاوی کەم بە بەراورد بە ئاوی زۆر پێدەچی زووتر گەرم بێت.
-
گەرم بوونی ئاو دەبێتە هاڵاوی زیاتری ئاو کە ئەمەش لە جێی خۆیدا دەبێتە هۆی کەمبوونی زیاتری ئاو، هەروەها کەمبوونی زیاتری ئۆکسیژن.
-
کەمبوونی ئۆکسیژن بەواتای ئەوە دێت کە چۆنیەتی (کیفیەت) ئاو نزمی بە خۆوە دەبێنێت و زیاتر پیس دەبێ، سەرەڕای ئەوەش ژینگە بۆ خوریەجندە و گیاکانی بێ کەڵکیتر واڵا دەبێت و ڕێژەی زیندەوەرە سوودمەند و بە کەڵکەکان وەکوو ماسی کەم دەبێت.
-
هەروەها کەمبوونی ئاو دەبێتە هۆی ئەوە کە ئاو توانای پاڵاوتنی پیسایەکانی لە دەست بدات کە لە حاڵەتی سروشتی دەیتوانی خۆ خاوێن کاتەوە، بەو پێیە چیتر خەڵک گوێی لە قیڕانی بۆق وەک هێما بۆ خاوێنی ئاو نابێ.
-
کەمبوونی ئاو بە شێوەیەکی گشتی کەش و هەوای ناوچەکەش دەگۆڕێ و زیاتر گەرم دەبێت.
-
هەرەها چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە بە هۆی ئەم کەمبوونە ئاستی دارستانەکان زیاتر بەرەو بەرزایەکان هەڵکشێ.
-
بێ شەک و گومان کە کەش و هەوای ناوچەکە دەگۆڕی زۆرێک لە بوونەوەرەکان و هەروەها گیاکان بە ئەستەم دەتوانن خۆ لەگەڵ ژینگەی تازە خولقاو ڕێکخەن، کەواتە لە ناو دەچن.
-
بە پێچەوانە ڕێگە بۆ هەندێک لە بوونەوەر و ڕووەکی هێرشکەر ئامادە دەبێت کە ژینگەکە تووشی مەترسی دەکەن.
-
بێ سێ و دوو دەبێ باسی هەندێک نەخۆشی تازە بۆ مرۆڤ یا ئاژەڵ و گیاکان بکرێ کە لە ئاکامی ژینگەی تازە ڕوو دەدەن.
-
خاڵێکیتر ئەوەیە کە ژینگەی زێ بە تایبەت بەشی کێوەکان (ڕۆژئاوا) و ژێر چۆمی زێ بە چەندێن قەڵشی ژێر زەوی ڕەنگینە. بە هۆی ئەو بەنداوانە گرانایەکی زۆر دەخرێتە سەر ئەم قەڵشانە و لە ئاکام ناوچەکە بوومەلەرزەی زیاتر بە خۆوە دەبینێ.
-
ئاسەوارەکان هەر بەوە ناوەستن و تەنانەت لە سەر ژیانی ئابوری خەڵکیش کاریگەر دەبن و بێکاری زیاتر دەبێت.
-
ئەمەش دەبێ لە بەرچاو بگرین کە بەنداوەکان بۆتە چۆلکردنی چەندین دێهات و لەبەین چوونی هەزاران هکتار زەوی کشت و کاڵی. هەردووی ئەم پرسانە بەو واتایە دێن کە خەڵکێکی زۆر شێوازی ژیانی ئابوریان گۆڕانی بەسەردا دێت و پێگەی ئابوریان لەرزۆک دەبێ و لە ژیانیان هەمبەر چووکترین کێشەی ئابوری دادەڕمێ.
-
بە شێوەیەکی گشتی ئەم گۆڕانە سیستماتیکە ئاسەواری لە سەر هەموو جومگەکانی ژینگەی زێ دادەنێ و تەنانەت دەروونناسی مرۆڤەکانیش تووشی ئەم گۆڕانە دەبێت و کلتوری تازە دەخولقێنێ و زۆرێک لە بەهاکان لە ناو دەچن کە ئەمە زۆر بە هێدی ڕوودەدا و لە کورت مەودا کەمتر هەستی پێدەکرێ.
ارسال دیدگاه
مجموع دیدگاهها : 0در انتظار بررسی : 0انتشار یافته : 0