براوە و دۆڕاوەکانی داعەش لە ڕوانگەی سیاسەت ئاو یا هیدرۆپۆلیتیک

براوە و دۆڕاوەکانی داعەش لە ڕوانگەی سیاسەت ئاو یا هیدرۆپۆلیتیک،  نوسراوەی ئەحمەد غەم پەروەر (شوان)، دۆکتورای جوگرافیای سیاسی ساڵی ٢٠١۴ ساڵێکی چارەنووساز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بۆ وڵاتانی ئاوەڕۆی دیجلە و فورات بە تایبەتی بوو. کاتێک سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ لاواز دەبێت، ڕێگە بۆ نەیارەکان واڵا دەبێت و لە ئاکامدا دوو شت ڕوودەدا؛ […]

براوە و دۆڕاوەکانی داعەش لە ڕوانگەی سیاسەت ئاو یا هیدرۆپۆلیتیک،  نوسراوەی ئەحمەد غەم پەروەر (شوان)، دۆکتورای جوگرافیای سیاسی

ساڵی ٢٠١۴ ساڵێکی چارەنووساز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بۆ وڵاتانی ئاوەڕۆی دیجلە و فورات بە تایبەتی بوو. کاتێک سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ لاواز دەبێت، ڕێگە بۆ نەیارەکان واڵا دەبێت و لە ئاکامدا دوو شت ڕوودەدا؛ یەکەمیان بە خێرایەکی زۆر لەش پارچە پارچە دەکرێ و دووهەمیان، جیا لەوەی کە نەیارەکان بەهێز دەبن، فەزایەکی فرەوانتر لە نەتیجەی نەمانی بوونەوەر دروست دەبێت. تا ئێرە ئەم بۆچوونە بە دیدی “ئۆرگانیسم”ی ناسراوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕیتەوە بۆ داروینیسمی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بابەتەکە هەر بەوە کۆتایی نایە بەڵکو لە کۆتاییدا بەستێن بۆ تێکبەربوونی نەیارەکان کە ئەمرۆ دۆستی یەکترن لە پارچەکردنی یەکێک لە هاوڕەگەزەکانیان، فەراهەم دەبێ. دەکرێت ئەم شرۆڤەیەی بۆ دونیای سیاسیش بگوازینەوە و کەڵکی لێوەرگرین. دوابەدوای هاتنی نەخۆشی داعەش سیستمی بەرگری سوریا و عێراق تووشی داڕمان هات و پانتای جوگرافیایی دوو وڵات بوو بە شەرگە و مەیدانی رکابەری رکابەرەکان. هەندێک بە بەیانوی پاراستنی دۆست و هەندێکیش هەلەکەیان قۆزتەوە تاکو ڕژیمێکی تازە لە جێگای ڕژیمی پێشو دانێن، بەم شێوەیە نەخۆشی داعەش ڕێگای بۆ کێبرێکارەکان واڵا کرد. بەڵام لە هەموویان گرنگتر ئەوە بوو کە هەندێک لە وڵاتان بە بیری درێژخایەنەوە لە هەندێک بواردا مەمەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە، کەرتی ئاو یەکێک لەو بەشانەیە و جێی تێڕامانی زیاترە بەو هۆیەی کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە مەترسیدارترین کەرت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوو قەیرانی ئاوە کە لە ژئۆپۆلیتیک و سیاسەتی نێودەوڵەتی بە هیدرۆپۆلیتیک دەناسرێ. دوو وڵاتی بەهێز کە زووبەزوویی لەو بوارەدا خۆ نیشان دەدەن ئێران و تورکیانە. ئێران پرۆژەکانی لە ٢٠٠٣ وە واتا لە دوای ڕوخانی بەعس برەو پێدا، کۆمەڵێک بەنداوی لە ئیلامەوە تا خانێ خستە بواری جێبەجێکردن. بەنداوی کەنجان­چۆم لە شاری مێهرانی ئیلام کە ئەم ساڵ(١٣٩۶) تەواو دەبێ، داریان(١٣٩۵) لە پاوە و ئەم سالێش (١٣٩۶) بەنداوی کۆڵەسە لە سەردەشت گرنگترینی ئەو بەنداوانەن. دیارە ئێران هەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بە بیری درێژخایەن و هیدرۆپۆلیتیکەوە ئەم بەنداوانەی جێبەجێ کردوون بەڵام تووشی گرفتێکی بنەماییە کە ئەویش دەتوانین ناوی بنێیین “زەبر و زەنگی جوگرافیا“. بەو مانایە؛ بە پێی ئەوەی کە لەم بەشەی ئێران، روبارەکان بەروە وڵاتی عێراق دەرۆن، بە دروست کردنی بەنداو لە سەر ڕوبارەکان کەش و هەوای دیوی عێڕاق ئیشک­تر دەبێ. تێکەڵ بوونی ئەو فاکتەرە لەگەڵ سیستمەکانی بای ئێران کە لە ڕۆژئاواوە دێن، معادلەکە بەم شێوە دەشکێنێتەوە کە ئێران لە بواری ژێنگەوە بەتایبەت تۆز و خۆڵ هەر بۆ خۆی زەرەرمەندە و گوشار خستنە سەر وڵاتانی وەکوو تورکیا و دراوسێکانی­تر یا خود کەڵک وەرگرتن لە سوریا و عێراق بۆ ئەو گوشارە زۆر کەڵکی نابێ، بەو هۆیەی کە ئێران خۆی یەکێک لە هۆکانی سەرەکی دروستبوونی ئەم دۆخەیە.

بەڵام تورکیا لە دۆخێکی جیاوازتر دایە. ئەو وڵاتە دەمێکە لەو بوارە کار دەکا. یەکەمین هەنگاوی کارای تورکیا بە پرۆژەی گاپەوە لە دەیەی ٨٠ سەدەی بیست دەستی پێکردوە کە بەگوێرەی شرۆڤەی زۆربەی شارەزایان دوو ئامانجی سەرەکی لە پشتەوە بووە؛ یەکەمیان گوشار خستنەسەر بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵگای کورد، دووهەمیش کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی ئاو لە مامەڵەکردن لە گەڵ هاوسێکانی. هاتنی نەخۆشی داعەش بەستێنێکی باشی بۆ ڕەهەندی دووهەم لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا هێنایە کایەوە. ئەو وڵاتە بە گوڕ و تینێکی زیاتر دەستی بە جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی پەیوەست بەو بوارە کرد و دوای تەواوکردنی بەنداوەکانی پێشوو لە ساڵە ٢٠٠۶ەوە دەستی بە جێبەجێکردنی بەنداوی ئیلیسو لە سەر روباری دیجلە کرد کەوا دەخەمڵێندرێ ساڵی ٢٠١٩ تەواو بێ. گرنگی و گوشاری سیاسەتی ئاوی تورکیا بە شێوەیەک بووە کە وای لە ئێران کرد دەنگی لێ بڵیند بێ و هانا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنسکۆ بەرێ.

بابەتێکی­تر کە لێرەدا جێی ئاماژە ئەوەیە کە بۆ تورکیا بە پێچەوانەی ئێران “زەبر و زەنگی جوگرافیا” خزمەت بە سیاسەتی ئەو وڵاتە دەکات. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم؛ باڵادەستی ئەو وڵاتە لە بواری سەرچاوەی ئاوەوە. سەرچاوە ئاویەکانی دیجلە و فورات لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا هەڵکەوتوون، ئەوە وای کردووە کە تورکیا لەو بوارەدا سفەتی هێژمۆن بەخۆوە بگرێ، دووهەم؛ سنووری خواروی تورکیا تەقریبەن لە پانایەکی جوگرافی هاوتەریب هەڵکەوتووە، باشی ئەم هەڵکەوتە لەوەی دایە کە سیستەمی بای ڕۆژئاوا کە لە دەریای ناوەڕاستەوە دێت ئاسەواری خەراپی بەنداوەکان وەکوو ئیشکی کەش و تۆز و خۆڵ بە پێچەوانەی ئێران ناگەڕێنێتەوە ناو خاکی خۆی، خاڵی سێهەم؛ سیستمی کەش و هەوایە. کەشی تورکیا سارد، کوێستانی و ناوەڕاستیەو و لەژیر کاریگەری ئاو و هەوای سیبری و ئۆقیانووسی ئاتلەسە. هەروەها بە هۆی نزێک بوون لە پانتا ئاویەکان بە دوورە لە کەشی ئیشک و بیابانی. هەمووی ئەم فاکتەرە جوگرافیایانە وای لە سیاسەتی ئەوە وڵاتە کردووە کە سفەتی هێژمۆنی پێببەخشرێ و بتوانێ بێ دوودڵی بڵێ: “ئەگەر خوا نەوتی بە وڵاتەکانی خواروو بەخشیوە، لە بەرانبەردا خوا ئاوی بە ئێمە بەخشیوە”، و بابەتی گۆرینەوەی ئاو بە نەوت بێنێتە سەر مێزی گفتگۆ.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین: بە پێی شرۆڤەی سەرەوە براوەی ڕاستەقینەی ئەو دۆخە مێشاویە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو کە بە هاتنی نەخۆشی داعەش دروست بووە لە گۆشەنیگای هیدرۆپۆلیتیکەوە دەوڵەتی تورکیایە. گەرچی ئەویش بە دەست یەک پرسی بابەتی و دوو پرسی بنەڕەتی دەناڵێنێ؛ یەکەمیان واتا بابەتیەکەی هەنجار و نۆرمی زاڵ بە سەر سیاسەتی نێو دەوڵەتیە، پرسە بنەڕەتیەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەخڵاق کە ئایا نۆرمی مرۆڤایاتی لە نەبوونی یاسایەکی گشتگیر بە سفەتی “پێویست“، بە تورکیا ئەو ئیجازەیە دەدا کە بەو شێوەیە لە ئاو وەک ئامرازێک بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەرگرێ و ئەوی تریشان دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بنەڕەتی کورد لە تورکیا کە چۆن دەیهەوێ لە گەڵی بسازێ و ڕێگا چارەی بۆ بدۆزێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوو و لە چەندین ڕێکەوت نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لە نەهامەتیەکان داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سۆنگەی ئاوەوە کردووە، بۆ نمونە پێترۆس غالی سکرتێری ئەم ڕێکخراوە چەمکی “شەڕی ئاو”ی بۆ وەسفی ئەم قەیرانە بەکار هێناوە. لەم نێوەدا شۆرای ئاوی جیهانیش باسی قەیران و نەهامەتیەکان ڕوو لە زیادبووی ئاو تا ٢٠۵٠ زایینی کردووە. ئەم داتانە بە پێی ئاخرین پێش­بینیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری ڕێژەی حەشیمەت کە خەمڵاندوویەتی تا ٩.٨ ملۆێن بۆ ٢٠۵٠ و ١١ ملۆێن بۆ ٢١٠٠ زیاد دەکات، زیاتر خۆ لە واقعیەت دەدا.

براوە و دۆڕاوەکانی داعەش لە ڕوانگەی سیاسەت ئاو یا هیدرۆپۆلیتیک